نها نیوز - هەواڵەکان
وەزارەتی بەرگری تاڵیبان ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان لە پاکستان بۆ ئەو شوێنانە ئەنجامداوە کە لەوێوە هێرش بۆ سەر ئەفغانستان کراوە.
عینایەتوڵا خورازمی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تاڵیبان، لە لێدوانێکیدا بۆ بی بی سی ڕاگەیاند: "هێزەکانی تاڵیبان "چەند خاڵێک"یان لە ناوخۆی پاکستان کردۆتە ئامانج، کە لەوێوە هێرشەکان بۆسەر ئەفغانستان ئەنجامدراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاڵوگۆڕی تەقە لەگەڵ هێزەکانی ئەفغانستان لە ناوچەی سنووری ڕوویداوە، و بەوهۆیەوە سەربازێکی پاکستانی کوژراوە و حەوتی دیکەش برینداربوون.
هاوکات، بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی وەزارەتی بەرگری تاڵیبان، بەهۆی پێکدادان لە ناوچەیەکی سنووری کێشە لەسەر، لە نێوان هێزەکانی تاڵیبان و پاکستان، 19 سەرباز لە پاکستان کوژراون.
ئەو سەرچاوانە بە گێڕانەوەی لە پەیامنێری کەناڵی ئەلعەرەبیە دەڵێت، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی گوللە هاوەنێک لە لایەن پاکستانەوە لە پارێزگای پاکتیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، 3 هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە، میدیا ناوخۆییەکانی ئەفغانستان بڵاویانکردووەتەوە، محەمەد موجاهید، وەزیری بەرگری ئەفغانستان ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا پێکدادانەکان وەستاون و ئەم هێرشەش بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییەوە بووە کە دوو ڕۆژ لەمەوپێش هێزی ئاسمانی پاکستان کردیە سەر وڵاتەکەیان و لە ئەنجامدا چەند هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستدا.