نها نیوز - هەواڵەکان
ئیدارەی "سووریای نوێ" هەشتی خاڵی دیاریکردووە بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتێکی بەهێز دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
ئیدارەی نوێی سووریا داوای لە هەموو سوورییەکان کردووە لە ژێر ئاڵای نیشتمان یەکبگرن بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە کە پەناگەیەکی ئەمن و شکۆمەندانە بۆ هەمووان پێکدەهێنێت.
ئیدارەی نوێی سووریا لە ڕاگەیاندراوێکیدا بڵاویکردووەتەوە، کاتی ئەوە هاتووە دوور بکەونەوە لە هەموو ئەو شتانەی کە دابەشیان دەکات، بەتایبەتی تایفەگەری، کە تەنها پارچەپارچەبوون و لاوازی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە گرنگی بەو بوارە گرنگانە بدرێت کە دەوڵەتی بەهێزیان بۆ بنیات دەنێت.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "ئەو ئەولەویەتانەی دەبێت کاریان لەسەر بکرێت بریتین لە دامەزراندنی سیستەمێکی پزیشکی بەهێز، جگە لە سیستەمی سەربازی و پەروەردەیی، تۆڕێکی بەهێزی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، و ئامادەکردنی فڕۆکەخانە و بەندەر و دەروازە سنوورییەکان.
هەروەها لیستی ئەولەویەتانەی کە لەلایەن ئیدارەی گشتیەوە دەستنیشانکراون بریتی بوون لە دروستکردنی کارگە و ئامادەکردنی شوێنی گەشتیاری و ئامادەکردنی تۆڕی ڕێگاوبان و گواستنەوە.
هەروەها نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان و دابینکردنی ئامێری پزیشکی مۆدێرن و ڕاهێنانی کارمەندانی پزیشکی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە کوالیتی بەرزەکان.
دابینکردنی ڕاهێنان و بڕوانامەی بەردەوام بۆ کارمەندانی سوپا، و نوێکردنەوەی ئامێر و چەکەکان بەگوێرەی ئاستەنگە ئەمنییەکانی مۆدێرن.
هەروەها "بەرەوپێشبردنی بەها سەربازییەکان و دیسیپلین بۆ پاراستنی شەرەفی پیشەکە و ڕۆڵی ئەرێنی لە بنیاتنانی دەوڵەتدا.
لە پێشینەی کارەکان باشترکردنی بارودۆخی مامۆستایان و ستافی مامۆستایان بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی خوێندن، دەستپێکردنی پرۆگرامی خوێندەواری، و بەرزکردنەوەی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی بۆ پاڵپشتی ئابووری، ئەمە جگە لە وەبەرهێنان لە توێژینەوەی زانستی و دابینکردنی ژینگەیەک کە هاندەری داهێنان بێت.
بنیاتنانی سیستەمی حکومەت بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان، کە بریتییە لە داڕشتنەوەی فەرمانگەکانی حکومەت بۆ ئەوەی کاراتر و شەفافتر بن و هەروەها ئاسانکاری بۆ ڕێکارە کارگێڕییەکان و نەهێشتنی گەندەڵی.
پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک: ئاو، کارەبا، پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام و دامەزراندنی سەنتەری خزمەتگوزاری یەکگرتوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و ڕێکخراو.
دروستکردنی سیستەمێک بۆ ئامادەکردنی فڕۆکەخانە و بەندەر و دەروازە سنوورییەکان، پەرەپێدانی ژێرخانی فڕۆکەخانەکان بۆ ئاسانکاری لە هاتوچۆی گەشت و باری ئاسمانی.
بە مۆدێرنکردنی بەندەرە دەریاییەکان بۆ ئەوەی ببنە ناوەندی ئابووری و بازرگانی کێبڕکێکار، بەرزکردنەوەی ئاسایش و ڕێکخستنی کار لە دەروازە سنوورییەکان بۆ ئاسانکاری جووڵەی بازرگانی و دڵنیابوون لە سەلامەتی ڕێبواران.
بۆ سیستەمی بیناسازی کارگەکان دەڵێت، هاندانی وەبەرهێنان لە دامەزراندنی کارگە و تاقیگە، پاڵپشتیکردنی پیشەسازییە ناوخۆییەکانی وەک پیشەسازی خۆراک، قوماش، و ئەندازیاری، ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان، کەمکردنەوەی بێکاری، کارکردن بۆ ڕاکێشانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و کوالیتی.
لەسەر ئاستی کەرتی گەشتیاری، سیستەمی کار بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوار و شوێنە مێژووییەکان کە زیانیان پێگەیشتووە، ئەمە جگە لەوەی ژێرخانی گەشتیاری وەک هۆتێل و هاوینەهەواری و گواستنەوە بەهێزتر دەکات.
ئامانجی پلانەکە بریتییە لە پێشخستنی سووریا وەک شوێنێکی گەشتیاری سەلامەت و سەرنجڕاکێش، هەروەها دەستپێکردنی بەرنامەی گەشتیاری بە ئامانجگرتنی گەشتیارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
سیستەمی کاری ئامادەکردنی ڕێگاوبانەکان بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی ڕێگا سەرەکی و لاوەکییەکان بۆ ئاسانکاری جووڵە لەناو وڵاتدا، هەروەها پەرەپێدانی تۆڕەکانی گواستنەوەی گشتی بۆ ئەوەی سەلامەت و ڕێکوپێک بن.
دروستکردنی پرد و تونێلی مۆدێرن بۆ ئاسانکاری هاتووچۆ و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی و بەرزکردنەوەی سەلامەتی ڕێگاوبان لە ڕێگەی هێماکانی هاتووچۆ و چاککردنەوەی بەردەوام.