لەبەرژەوەندی کورد لە بەغدا هەنگاوێکی سەرسوڕێنەر نرا
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەندامێکی ئەنجوومەنى نوینەرانى عێراق، ئاشکرایکردووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کارگەکان لە نێوان حکومەتى فیدڕاڵ و هەرێمى کوردستان، لە شاری بەغدا یاوەری شاندی ژووری بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان بووە.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجوومەنى نوینەرانى عێراق، لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بە هێمای بازرگانى کارگەکانى هەرێمى کوردستان و ڕۆشتنی بەرهەمەکانیان بۆ شارەکانی خواروی عێراق و لابردنی ڕێگریەکان، شاندێکى هاوبەشى ژوورە بازرگانیەکان سەردانى بەغدایان کرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر چوار ژوورە بازرگانیەکەى سلێمانى، هەولێر، هەڵەبجە و دهۆک، بۆ دوو مەبەستى سەرەکى سەردانى بەغدایان کردووە کە پەیوەندى بە هێماى بازرگانی کارگەکان و جوڵەى بازرگانیى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقەوە هەیە.
لە کۆتایدا نووسیویەتی: "لە ئەنجامی سەردان و دیدارەکاندا بڕیاردرا لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجومەنێکی باڵا لە نێوان یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و یەکێتی پیشەسازیەکانی عێراق پێکدەهێنرێت، و یەکگرتنەوەی پیشەسازییەکان رادەگەینرێ".
|