ئێران سوریای چۆڵکرد
نها نیوز - هەواڵەکان
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی رایگەیاند، پاش پەرەسەندنی گرژییەکان؛ ئێران سوریای چۆڵکردووە و سەرجەم فەرماندە سەربازییەکانی گەڕاندووەتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەو وڵاتەوە وتویەتی "پێدەچێت بەمزووانە مەترسی لەسەر دیمەشقی پایتەختی سوریا دروست ببێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێشڕەویی کوتلە چەکدارەکان لە باشوور و باکووری ئەو وڵاتە".
وتوشیەتی "لەناو ئەو کەسانەی کە بۆ عێراق و لوبنان گواستراونەتەوە، فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسی ئێرانی سەربە سوپای پاسداران بوون، هەروەها ئەندامانی سوپای پاسداران و بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئێران و بنەماڵەکانیان جگە لە خەڵکی مەدەنیی ئێران چۆڵ کران".
بەوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکیە "بەشێک لە پرۆسەی چۆڵکردنەکە بە فڕۆکە بۆ تاران بەڕێوەدەچێت و بەشێکی دیکەش لەڕێگەی ئەو ڕێگایە وشکانییەوە کە ماون بۆ لوبنان و عێراق و بەندەری لازقیەی سوریا دەڕۆن".
هاوکات ڕۆژنامەکە لە زاری مەهدی ڕەحمەتی، شرۆڤەکاری دیاری ئێرانی باسی لەوەکردووە "ئێران بۆی دەرکەوتووە ئێستا بە هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی ناتوانێت دۆخی سوریا بەڕێوە ببات".
|