جیهان

دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییە.. ئایا سووریا داوای هاوکاری سەربازی لە عێراق کردووە؟

نها نیوز - هەواڵەکان
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، سوریا داوای هیچ هاوکارییەکی سەربازیی لە بەغدا نەکردووە.

ئەمڕۆ هەینی، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە، پرسی سوریا پرسێکی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقە، عێراقیش دەبێت لەوە تێبگات کە لە سوریا چی دەگوزەرێت.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانی عێراق سنوورەکانیان لەگەڵ سوریا بەتەواوەتی داخستووە، و هێزەکانیان بەدرێژایی سنووری نێوان هەردوو وڵات بڵاوەپێکردووە.

عەوادی دەڵێت: "دەسەڵاتداران جوڵەیەکی دیپلۆماسییان لەگەڵ سوریا، ڕوسیا، ئەمریکا و ئێران" دەستپێکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چوارچێوەیەک لەنێوان لایەنەکاندا هەیە، کە دەکرێت قەیرانەکە کۆنتڕۆڵبکرێت.

جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ قسە لەسەر دابەشکردنی سوریا ناکرێت، ئەم بابەتەش هێڵی سوورە بۆ عێراق".

دەربارەی ئەوەی سووریا داوای هاوکاری سەربازی کردووە لە عێراق دەڵێت: "سوریا داوای هیچ هاوکارییەکی سەربازیی نەکردووە، بەڵام پەیامی پێداین سەبارەت بە جددیی دۆخەکە، ئێمەش ئەوە لەبەرچاو دەگرین و هاوڕاین".

لەکۆتایدا عەوادی ترسی خۆی نەشاردەوە، لە زیندانەکانی تیرۆریستان لە کەمپی ئەلهۆڵ کە نوێنەرایەتی هەڕەشەیەک دەکەن بۆ سەر عێراق و وتی: "ترسمان لە ئازادکردنیان هەیە".
 
2024-12-06
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.