سوپای سوریا لە شاری حەما کشایەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سوریا رایگەیاند، بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی سڤیلی شاری حەما، ئەو یەکە سەربازییانەی لەوێ جێگیر بوون، گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی شار.
فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سوریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانمان شەڕی توندیان بۆ بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی هێرشی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە بەرە جۆراوجۆرەکانەوە کردووە."
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش ئاشکراکراوە "لەماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا، لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی نێوان سەربازەکانمان و گرووپە تیرۆریستییەکان و بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لەنێو ڕیزەکانی هێزەکانماندا، ئەم گرووپانە توانیان بچنە ناو شاری حەما، سەرەڕای ئەوەی زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە".
سوپای سوریا ئەوەشیان ختسووەتە روو "بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی سڤیلی شاری حەما، ئەو یەکە سەربازییانەی لەوێ جێگیربوون، گواسترانەوە بۆ دەرەوەی شار. فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکان دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان داگیریانکردووە".
|