ترەمپ هەڕەشەی توند دەکات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات بە "دۆزەخ"
نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی وتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کە هێشتا سوێندی یاسایی بۆ پۆستەکەی نەخواردووە دەڵێت "ئەگەر بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازادنەکرێن، حەماس بە دۆزەخ باجەکەی دەدات".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا، کە تۆڕەکە هی خۆیەتی هەڕەشەی تووند لە حەماسی فەڵەستینی دەکات و داوای لێدەکات، پێش رۆژی سوێندخواردنی کە دەکاتە 20ی کانوونی دووەمی 2025، بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات ئەگەرنا، "بە دۆزەخ باجەکەی دەدەن".
ترەمپ هەر لە هەڕەشەکانیدا دەشڵێت "ئەوانەی بەشدارییان لەم تاوانانەی دژی مرۆڤایەتیدا کردووە، ئەوانەی کە بەرپرسن، تووندتر لە هەموو کەسێک لە مێژووی درێژ و تۆمارکراوی ئەمریکادا لێیان دەدرێت، وتیشی "هەر ئێستا بارمتەکان ئازاد بکەن".
لای خۆشیەوە راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات، ترەمپ بڕوای وایە زۆربەی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پەیوەندیی بە ترەمپەوە کردبوو و پێی راگەیاندبوو کە ئازادکردنی بارمتەکان "پێویستییەکی زۆر گەورەیە" و داوای لە ترەمپ کردبوو، رزگاریان بکات. سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە وەڵامدا پێی وتبوو، بڕوای وایە زۆربەی بارمتەکان مردبن، بەڵام هێرزۆگ پێی راگەیاندبوو کە "دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بڕوایان وایە نیوەیان زیندوو بن".
هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ لەکاتێکدایە، 7ی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس لە هێرشێکدا بۆسەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەورەبەری کەرتی غەززە 251 کەسی بە بارمتەگرت، هەروەها بزووتنەوەکە رۆژی شەممە رایگەیاندووە، 33 لە بارمتەکان بەهۆی جەنگی غەززەوە کوژراون کە ماوەی 14 مانگە بەردەوامە. هاوکات بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، هێشتا 97 بارمتە لە غەززە ماون، کە چاوەڕواندەکرێت 64ـیان لە ژیاندا مابن و ئەوانی دیکە مردوون.
|