عێراق هەنگاوە مەترسیدارەکە بەرامبەر بە ئەمریکا دەنێت
نها نیوز – هەواڵەکان
سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، بەزاندنی ئاسمانی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریكاوە کارێکە دەبێتە هاندەرێك بۆ خێراكردنی گفتوگۆكان بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەركردنی هەموو هێزەكانیان.
عەلی فەتلاوی، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت "ئاسمانی عێراق هێشتا لەژێر دەسەڵاتی هێزی ئەمریكادایە لەڕێگەی بەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەوانەن ڕێگەیان بە ئیسرائیل دا بۆ چوونە ناو ئەو ئاسمانمانەوە و هێرشكردنە سەر ئێران، هەرچەندە ئەمە دژایەتی دەستوری عێراقە، بەڵام عێراق ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك ببێتە شوێنێك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە".
فەتلاوی ئاماژە بەوەش دەدات "لێدوان و ئیدانەكردنەكان هیچ شتێكی نوێ ناهێنن و سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری عێراق ناپارێزن، بۆیە ئەوەی ئەمریكا بەم كارە كردوویەتی دەبێتە هاندەرێك بۆ خێراكردنی گفتوگۆكان بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەركردنی هەموو هێزەكانی ئەمریكا، تاوەکو عێراق كۆنترۆڵی ئاسمانی خۆی دەكات و رێگری لەهەر پێشێلكارییەكی بۆ دەكات، ئەمەش ئەوەیە كە ئێمە دەیكەین.
ئەو سەرکردەیە رونیشیکردەوە "پشتیوانی لە كارەكانی حكومەت دەكەین لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ شەرمەزاركردنی ئەم پێشێلكارییە گەورەیە و مەترسیدارەی سەر سەروەری خاكی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە".
|