وەزیری دەرەوەی ئێران: ئامادەین بۆ جەنگ
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغداوە ڕایگەیاند، سەردانەكەی بۆ بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆكردنە لەسەر پرسە هەستیارەكان، دەشڵێت "ئامادەین بۆ جەنگ بەڵام لە هەمانکاتدا ئاشتیمان دەوێت".
ئەمڕۆ یەكشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ فوئاد حوسێن هاوتا عێراقییەكەی لە بەغدا ڕایگەیاند "ئاڵنگاریی زۆر جددی لەبەردەم ناوچەكەدایە و سەردانەکەم بۆ ئێرە بەمەبەستی گفتوگۆکردنە لەسەر پرسە هەستیارەكانی ناوچەکە، دەبێت ڕووبەڕووی قەوارەی زایۆنیستی و دەستدرێژیی دژی گەلی فەلەستین و لوبنان ببینەوە".
دەشڵێت "ئێران دژی پەرەسەندنی گرژییەكانە، ئامادەین بۆ شەڕ بەڵام لە هەمانکاتدا ئاشتیمان دەوێت، ئێمە لەگەڵ دۆستەکانمان لە ناوچەکەدا ڕاوێژ دەکەین بۆ ئاگربەست و هەوڵی گەیشتن بە ئاشتی دەدەین".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات "بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگی بە پرسی ئاوارەکان نادات، هەمان ئەو ژمارەیەی کە لە غەززە ئاوارەبوون ئێستا لە لوبنان جارێكی دیكە ئاوارە دەبنەوە و ڕێگە نەدان بە ناردنی هاوكارییەكان بۆ بەیروتیش دووبارە بووەتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێک گەیشتە بەغدا.
|