جیهان

ئێران لێکۆڵینەوە لە قائانی دەکات بەتۆمەتی "سیخوڕی"کردن بۆ ئیسرائیل

نها نیوز – هەواڵەکان

بەپێی راپۆرتێکی "میدڵ ئیست ئای"، ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس بەتۆمه‌تی "به‌كرێگیراوی و كاركردن بۆ ئیسرائیل" لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. بەهۆیەوە رووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی بووەتەوە.
 
دوای زیاتر له‌ 10 ڕۆژ له‌ دیارنه‌مانی ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ لوبنان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی كوژرانی به‌ هێرشی ئیسرائیل و له‌به‌رامبه‌ریشدا جه‌ختكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، به‌وه‌ی "قائانی زیندووه‌ و به‌منزیكانه‌ ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌"، ماڵپه‌ڕی "میدڵ ئیست ئای"ـی به‌ریتانی گێڕانه‌وه‌یه‌كی جیاواز بۆ دۆسیه‌كه‌ ده‌كات و "زانیاریی نه‌بیستراو" بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ئەو ماڵپه‌ڕه‌ به‌ریتانییه‌ لە راپۆرتێکیدا هۆكاری دیارنه‌مانی ئیسماعیل قائانی ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت "ناوبراو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه‌ خراوه‌ته‌ژێر چاودێرییه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت". هاوکات 10 سه‌رچاوه‌ له‌ تاران و به‌غدا و به‌یروت و له‌ناو سوپای پاسداران و حزبوڵڵای لوبنانه‌وه‌ بەو میدڵ ئیست ئاییان راگه‌یاندووه‌ "قائانی و تیمه‌كه‌ی له‌ناو سوپای پاسداران، خراونه‌ته‌ژێر لێكۆڵێنه‌وه‌وه‌".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوو رۆژ دوای كوژرانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌مینداری گشتیی پێشووی حزبوڵڵای لوبنان به‌هۆی هێرشی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ له‌ 27ـی ئه‌یلولی رابردوودا له‌ باشوری به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان، له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 20 سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی حزبوڵڵا و عه‌باس نیلفروشیان رێكخه‌ری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ لوبنان، ئیسماعیل قائانی چووه‌ به‌یروت و ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی بۆردومانكردنی پێگه‌ و باره‌گاكانی حزبوڵڵا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌، له‌و كاته‌شه‌‌وه‌ چاره‌نووسی قائانی به‌ نادیاریی مابووه‌وه‌.

جێی سەرەنجە، له‌ رۆژانی سه‌ره‌تای دیارنه‌مانی قائانیدا، به‌شێك له‌ سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ناوبراو به‌هۆی هێرشی ئیسرائیله‌وه‌ له‌ به‌یروت كوژراوه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌م سیناریۆیه‌ی له‌ گومانه‌وه‌ به‌ره‌و نیمچه‌ڕاستیی ده‌برد، لێدوانی به‌شێك له‌ كاربه‌ده‌ستانی حزبوڵڵا بوو، كه‌ ده‌یانوت "هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ قائانیدا پچڕاوه".

 
2024-10-12
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.