ئەمریکا بەتوندی لەسەر میلیشیاکانی عێراق هاتەدەنگ و دەڵێت بە زۆر ئاگر لەبەغدا بەردەدەن
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، گروپه چهكدارهكانى سەر بەئێران بەردەوامن لە هەوڵەکانی پەلکێشکردنی عێراق بۆ نێو شەڕێک کە هیچ پەیوەندی بە خەڵکی بەغداوە نییە.
ماتیو میللەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای دەکات "نیگەرانین لە بوونی میلیشیاکانی سەر بەئێران لەنێو عێراق".
میللەر ئاماژەی بەوەشدا "ئەو میلیشیایانە بەردەوامن لە ناسەقامگیرکردنی دۆخی ئاسایشی عێراق و ناوچەکە و بەردەوامیشن لە هەوڵی پەلکێشکردنی عێراق بۆ نێو شەڕێک، کە هیچ پەیوەندییەکی بەخەڵکی عێراقەوە نییە".
بەوتەی وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو رێکخراوانەی وەکو رێکخراوی تیرۆریستی ناساندووە، هاوشێوەی گروپە میلیشیاکانی دیکە کە ئێران سپۆنسەرییان دەکات وەک حزبوڵڵا و حەماس.
هەربەگوێرەی وتەی ماتیو میللەر، بەردەوامن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی گرنگیی رێگریکردن لە هێرشکردن لەنێو خاکی عێراق و هێرشکردنەسەر سەرباز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەنێو عێراق.
|