جیهان

حیزبوڵا بە درۆن هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل و 6 هاووڵاتی سڤیل بریندار دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

حیزبوڵای لوبنان بە درۆن هێرشی بۆ سەر ژمارەیەک ناوچەی سڤیلنشین لە باکووری ئیسرائیل کرد. بەهۆی هێرشەکەوە لانیکەم 6 هاووڵاتی سڤیل برینداربوون و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش سووتاون.

دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 6-8-2024، حیزبوڵای لوبنان لە باشووری وڵاتەکەوە ژمارەیەک درۆنی ئاڕاستەی باکووری ئیسرائیل کرد. بە گوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، هێرشەکە بۆ ناوچەی سڤیلنشین کراوە.

مەسەد بەرهوم، بەڕێوبەری گشتیی نەخۆشخانەی گالیلی لە شاری نەهاراتییەی باکوری ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە هێرشە درۆنییەکەدا 6 هاووڵاتی سڤیل برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.

حیزبوڵا راستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەکەی راگەیاند و باسی لەوەکردووە، ئەمە وەڵامە بۆ کوژرانی سەرکردە چەکدارییەکەیان و چەکدارەکانیان لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل. حیزبوڵا ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشەکانی بۆ تۆڵەی گیانی چەکدارەکانی توندتر دەبن.

ئەوە 10 مانگ زیاترە ئاڵووگۆڕی هێرشی مووشەکی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنان بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان، هاوتەریب لەگەڵ جەنگی غەززە، بەردەوامە و هەردوولا رۆژانە مووشەکباران و بۆردومانی یەکدی دەکەن.

حیزبوڵا بەم هێرشە درۆنیەی دەیەوێت ئەوە بە ئیسرائیل نیشان بدات، کە توانای هەیە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل تێپەڕێنێت و هێرش بۆ قووڵایی زیاتری ئیسرائیل بکات.

گرژییەکانی نێوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل بەتایبەت دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، رابەری بزوتنەوەی حەماس لە تاران زیادیکردووە. لەلایەکی دیکەوە ئێران هەڕەشەی جیددی بۆ تۆڵەکردنەوەی کوژرانی هەنیە دەکات و بەڵێنی داوە "گورزی توند" لە ئیسرائیل بدات.

 
2024-08-06
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.