جیهان

یەکەم لێدوانی کەمەرشکێن لە کامالا هاریسەوە دژی ئیسرائیل "بێدەنگ نابم

نها نیوز – هەواڵەکان

كامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە بە سەردانێک لە واشنتنە، رایگەیاند "ئەوەی لە کەرتی غەززە روویداوە کارەساتە و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ئازاری زۆریان چەشتووە. دەشڵێت، لە بەرامبەر ئەو ئازارچەشتنەی هاوڵاتییانی سڤیلدا ناتوانێت بێدەنگ بێت.

کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسێکی کورتی گفتوگۆی نێوانیانی کرد.

كامالا هاریس رایگەیاند "کۆبوونەوەیەکی کراوە و بنیاتنەرم لەگەڵ سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆ هەبوو. پێموت کە هەموو کات دڵنیایی دەدات لەوەی ئیسرائیل بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات دژی ئێران و میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە، لەوانە حیزبوڵا و حەماس.

وتیشی "هەر لەو کاتەوەی کچێکی گەنج بووم، پارەم کۆدەکردەوە بۆ چاندنی نەمام بۆ ئیسرائیل، تا ئەو کاتەی لە ئەنجومەنی پیران بووم و ئێستاش لە کۆشکی سپی، پابەندبوونێکی بەردەوامم بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئاسایشەکەی و خەڵکەکەیەوە هەبووە. زۆر جار وتوومە و دووبارەی دەکەمەوە، ئیسرائیل مافی بەرگریی لەخۆکردنی هەیە و چۆن ئەو کارە دەکات، گرنگە.

کامالا هاریس، لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا "نیگەرانیی قوڵی جددیی خۆم سەبارەت بە ئاستی ئازار چەشتنی مرۆیی لە غەززە دەربڕی، لەناویاندا مردنی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بێتاوان. نیگەرانیی جددیی خۆمم سەبارەت بەو دۆخە مرۆییە ترسناکەی ئەوێ بە روونی دەربڕی.

دەشڵێت "ئەوەی لە نزیکەی 10 مانگی رابردوودا لە غەززە روویداوە، کارەساتە. لەوانە وێنەی منداڵە مردووەکان و کەسانی بێهیوا و برسی کە بۆ سەلامەتیی خۆیان هەڵدێن و بۆ جاری دووەم، سێیەم یان چوارەم ئاوارە دەبن. لە بەرامبەر ئەم کارەساتانەدا ناتوانین روومان وەرگێڕین. ناتوانین رێگە بە خۆمان بدەین لە ئازارەکان بێهۆش بین، منیش بێدەنگ نابم.

بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 39 هەزار و 175 کەس کوژراون و 90 هەزار و 403 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها، 10 هەزار کەسیش کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکانەوە.

کامالا هاریس لە وتەکانیدا داواشی کرد "رێککەوتن بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئاگربەست بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. با بارمتەکان بگەڕێنینەوە و هاوکاریی مرۆیی بگەیێنینە خەڵکی فەڵەستین. بێگومان، بەردەوام دەبم لە پابەندبوون بە پاڵپشتیکردن لە رێگەیەک کە ببێتە هۆی چارەسەری دوو دەوڵەت.

ئەمە لەکاتێکدایه‌، کامالا هاریس نزیکە لەوەی ببێتە كاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 21ی ئەم مانگە، جۆ بایدن، كاندیدی دیموکراتەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ هاریس وەک شوێنگرەوەی خۆی دەربڕی.
 
2024-07-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.