هەواڵ

ئیسرائیل ئەو شوێنانەی عێراقی دیاریکردووە کە بەنیازە بەئامانجیان بگرێت

نها نیوز – هەواڵەکان
بەپێی هەواڵی رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی، تەلئەڤیڤ ئەو شوێنانەی لەناو خاکی عێراقدا دیاریکردووە کە لێیەوە هێرش دەکرێتە سەر وڵاتەکەی و بەنیازە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکان، ئەو ناوچانە بەئامانجبگرێت.

رۆژنامه‌ی تایمز ئۆف ئیسرائیل، لە زاری ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی وڵاتەکەوە كه‌ ناسنامه‌كانیانی ئاشكرا نه‌كردووە، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت، مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان چاودێریی ئه‌و كارانه‌ی ئێرانی كردووه‌ كه‌ موشه‌كی بالیستی و كه‌ره‌سته‌ی په‌یوه‌ست به‌و موشه‌كانه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ ناو خاكی عێراق، به‌و ئامانجه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌ی ئه‌م نزیكانه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل، به‌كاریان بێنێت.

راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، ئیسرائیل چاودێریی دۆخه‌كه‌ ده‌كات و ئه‌و ئامانجانه‌شی دیاریكردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ میلیشاكانی سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌ندێك ئامانجی عێراقی.

لە ماوەکانی رابردوودا، ئیسرائیل چەندین جار هۆشداریی داوه‌ته‌ عێراق به‌وه‌ی پێویسته‌ جڵه‌وی گروپه‌ چه‌كداره‌كان بگرێت و رێگه‌یان پێنه‌دات له‌ خاكی عێراقه‌وه‌ هێرشی بكه‌نه‌سه‌ر، ئەگەر نا وەڵامیان دەبێت.
 
2024-11-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.