نها نیوز – هەواڵەکان
بافڵ تاڵەبانی وەک یەکێک لە سەرۆکەکانی هاوپەیمانێتی پێشکەوتنخوازەکان هاوشانی 8 سەرۆکی دیکە بەشداری یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هاوپەیمانی پێشکەوتنخوازەکان دەکات کە بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت و پارتی سوشیال دیموکراتی ئەڵمانیا رێکیدەخات.
دارا خەیلانی، لێپرسراوی بۆردی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە سەرۆکایەتی وەفدێکی یەکێتی دەکات لە کۆنگرەی هاوپەیمانێتیەکە لە چیللی، بە میدیای فەرمیی یەکێتیی راگەیاند "یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە لە 9 سەرۆک پێکهاتووە و سەرۆک بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێکیانە لە سەرەتای ساڵی 2025 لە ئەڵمانیا بەڕیوەدەچیت و پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا رێکیدەخات".
دەشڵێت "هاوپەیمانێتی پێشکەوتنخوازەکان 119 پارت و حزبی سۆشیال دیموکرات لە تەواوی جیهان لەخۆدەگرێت و لە ساڵی 2013 دامەزراوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێکە لە دامەزرێنەرانی".
ئاماژەی بەوەشدا "یەکێتیی نیشتمانی و سەرۆک بافڵ لەسەر ئاستی جیهانی سۆشیال دیموکرات بەشداری دەکات لە ستراتیژ و بەرنامە و کەیسە جیهانییەکان لە بواری دیموکراسیی و بەرەوپێشبردن و هەروەها رووبەرووبونەوەی ئاڵنگارییەکان".
دارا خەیلانی دەڵێت "پەیوەندییەکانی یەکێتی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەشەکردنی باشدایە و بۆ ئەم کۆنگرەیە و هەڵبژاردنی سەرۆک بافڵ بە یەکێک لە سەرۆکەکان، بەرهەمی ئەو پەیوەندیانە و هەروەها کارکردنی شەش مانگە، هەروەها هاوپەیمانی دیموکراتی ئیشتراکی عەرەبی و چەند حزبێکی کوردستانی دیکە پشتیوان بوون".
119 حزبی سۆشیال دیموكراتی جیهانی لە چیللی كۆنگرەی خۆیان بەستووە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سێ حزبی دیكەی كوردستان لە رۆژهەڵات، باشوور و باكوور، بەشدارن.
لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی دەڵێت "جگە لەو سێ حزبە كوردستانییە، هاوپەیمانی دیموكراتی ئیشتراكی عەرەبی كە 13 حزبن، پێكەوە پشتیوانی یەكێتی و سەرۆك بافڵ بوون بۆ ئەوەی بەیەكێك لە 9 هاوسەرۆكەكەی هاوپەیمانی پێشكەوتنخواز".
باس لەوەش دەکات، هاوپەیمانییەكە 40 ئەندامی بۆردی هەیە كە دووانیان بۆ یەكێتییە و 9 هاوسەرۆكی هەیە و یەكێكیان بۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
لەو 119 حزبە سۆشیال دیموکراتەی لە هاوپەیمانێتی پێشکەتنخوازەکاندا بەشدارن، نزیکەی 30 حزب و پارتیان لە وڵاتەکانیان لە دەسەڵات دان.