نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ئاشکرایکرد، شاندی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج ڕێککەوتن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویکردەوە، دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەڕێوەبەری گشتی کاروباری پەیوەندییەکان بۆ بەغدا، لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج گەیشتنە ڕێکەوتن.
لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ڕێککەوتنەکە بۆ لەمەودوا کارئاسانی بۆ ئەو کارگەو کۆمپانیاو بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن دەکرێت.
بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی دارایی ئەو خاڵانەی ڕێککەوتون لەسەری بریتین لە :
١- داننان بەپاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە کەپێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.
٢- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان ، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بەبیانوی ئەوەی بەرهەمەکانیان لەناوچەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لەکوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لەکوردستان بدەن.
٣- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سوتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەنرخی هاندراو کەماوەیەکە پێدانی سوتەمەنیان بەو کارگانە ڕاگرتووە بەبیانوی نەدانی باج بەحکومەتی فیدراڵی.
٤- ڕێکەوتن لەسەر یەکخستنی ڕێکارو ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.
٥- هەردولا لەسەر بانکەکان ڕێکەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.
٦- هەرولا ڕێکەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگری کردن لە خۆدزینەوە لەباج.