وەزارەتی دارایی دەست بەخەرجكردنی موچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات
نها نیوز ـ هەواڵەكان
لەڕێگەی راگەیەنراوێكەوە، وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرایكرد، موچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە دەكەن، ڕاشیدەگەیەنێت، "دادگای باڵای فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێم ئاگاداركراوەتەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ڕەزامەندی تەیف سامی وەزیری دارایی؛ بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دەستیكرد بەخەرجكردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ).
ئەوەش ڕونكراوەتەوە، "سەرەتا موچەی كەمئەندامان لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی، مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، شایستە داراییەكانی كاروباری شەهیدان و ئەنفال، گرێبەستەكان و شایستەییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هەرێمی كوردستان خەرجكراوە".
وەزارەتی دارایی عێراق لەراگەیەندراوەكەیدا باسی لە خەرجكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانی نەكردووە.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق دادگای باڵای فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاگاداركردووەتەوە، "بەوپێیەی تەواوكردنی میكانیزمی خۆجێیكردنی (تەوتینكردن)ـی مووچەكانیان پێویستی بە ماوەیەكی زیاتر هەیە".
|