هەواڵ

لە بارەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ئەمریكا هۆشداری درا بە بارزانی

نها نیوز- تایبەت

ماوەی دوو رۆژە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان لە ئەمریكایە، لە نێوان چەند پرسی گرنگی سەردانەكەی، گرنگترین پرس پرسی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە.

لە سەرەتای دروستبوونی كابینەی یەكەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكوو كابینەی نۆ، زۆربەی كێشەی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی دیالۆگ و كۆبوونەوەكانەوە چارەسەكراوە و گەیشتوونەتە سازان، ئەوەی چەقی بەستووە لە نێوان ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە یەكگرتنەوەی هێزەكانی حەفتا و هەشتای هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.

هەرچەندە لە ئێستا یەكێتی و پارتی لە لوتكەی رێكەوتنی سیاسیین لەسەر زۆربەی پرسەكان، بەڵام پرسی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە لەژێر هەیمەنەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێكەوتنی لەسەر نەركراوە ئەمەش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای نیگەران كردووە، چونكە زۆربەی هاوكارییە ماددی و سەربازییەكان لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە بۆ پێشمەرگە دابین دەكرێت.

ماوەی دوو مانگ بەر لە ئێستا، وەك هۆشدارییەكی سەرەتایی هێزەكانی هاوپەیمانانان لە هاوكارییە داراییەكان بڕێكی زۆریان پارە لە هێزی پێشمەرگە بڕی ئەمەش سەرەتای ئەو هۆشدارییە بەردەوامەی هێزەكانی هاوپەیمانان بوو بۆ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە بارەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.

لەم سەردانەی دواییدا مەسرور بارزانی ئاگادار كراوەتەوە لەوەی دەبێت بە زووترین كات یەكگرتنەی هێزەكانی پێشمەرگە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە ئەگەری جێبەجێنەكردنیدا ئەوا چیدیكە چاوەڕێی ئەو هاوكارییە سەربازی و داراییە نابێت ببن لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە.

سەرچاوەیەكی باڵا لە ناو هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە لەو بارەیەوە بە نها نیوزی راگەیاند "هۆشدارییەكە راستەخۆ بەرامبەر بە خودی مەسرور بارزانی نەبووە، بەڵام پێی راگەیاندراوە دەبێت بە زووترین كات یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

وتیشی "سەرەتا رێكەوتن كراوە لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو یەكەی "70 و 80" لەژێر ناوی فەیلەقێكی یەكگرتوو بەڵام لەلایەن ئەمریكاوە رەتكراوەتەوە و پێشنیازی فیرقەی بۆ یەكێتی و پارتی كردووە و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێكەوتن لەسەر فیرقەیەكی هاوبەش".

بەپێی زانیارییەكانی نها نیوز، بڕیارە لە چەند رۆژی ئاییندەدا مەسرور بارزانی بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و ئەگەری كۆبوونەوەی لوتكە لە نێوان سەركردایەتی یەكێتی و پارتی بەڕێوەبچێت.
2024-02-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.