هەواڵ

فوئاد حسێن: دەمانەوێت كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەدانوستان بێت

نهانیوز- هه‌واڵه‌كان

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: بەردەوامبونی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران دۆخی ناوخۆی عێراق ئاڵۆزتر دەكات و بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاش دەیانەوێت بەدانوستان ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت. دەشڵێت  پەیام دراوە بەگروپە چەكدارەكان تا بەردەوام نەبن لە ئاڵۆزییەكانیان.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەچاوپێكەوتێكیدا لەگەڵ كەناڵی (بی بی سی)دا رایگەیاند "رەنگە هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن میلیشیاكانی ئێران و هێزە ئەمریكییەكان عێراق بباتە نێو ململانێكانەوە، بەتایبەت كە لەم ماوەیەدا گرژیی و ئاڵۆزییەكان لە نێوان ئێران و ئەمریكا زیادیانكردوە".
" هیوادارم هەردوولا كێشەكانیان چارەسەر بكەن، چونكە عێراق لەم نێوەندەدا باجێكی ئێجگار زۆریداوە" وەزیری دەرەوەی عێراق وا دەڵێت.
لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاش لەعێراق، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوەدەكات "بۆ ڕێگیریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، پێویستە دانوستانەكان لەبارەی كشانەوەی دوو هەزارو 500  سەربازەكەی ئەمریكا كە لەساڵی 2014ەوە وەك راوێژكار لەعێراق جێگیركراون دەستپێبكاتەوە، چونكە زۆر مانەوەی هێزەكان بۆتە جێی باسی هاووڵاتیان". 
ئەوەشی وتوە "زۆرینەی  خەڵكی عێراق نایانەوێت هێزی بیانی لە وڵاتەكەدا هەبن، وەك حكومەتیش بۆ كشانەوەی هێزە بیانیەكان لەڕێی دانوستانەوە چارەسەری دەكەین".
لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا دەڵێت  "ئێستا لەگەڵ زۆرینەی سەركردە سیاسییەكان قسە بكەن، باس لەم بابەتە دەكەن كە پێشتر خەڵك بوێری نەبوو قسەی لەسەر بكات".
فوئاد حسێن ئەوەشی ئاشكراكردوە "گروپە چەكدارەكان ئەو پەیامەیان پێگەیشتووە ئەگەر بەردەوامبن لە ئاڵۆزییەكان، ئەوا عێراق دەخەنە ناو شەڕێكەوە  كە شەڕی ئێمە نییە". 

2024-02-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.