هەواڵ

كاتی ناردنی 618 ملیار دیناری دیكەی بەغدا بۆ هەرێم راگەیەنرا

نهانیوز- هه‌واڵه‌كان

پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند تا كۆتایی ئەم مانگە 618 ملیار دیناری دیكە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی مانگی شوبات رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند "چەند مانگێگە كۆبونەوەكان لەسەر ئاستی جیاواز بۆ داڕشتنەوەی هەمواری یاسای بودجە بەردەوامەو چاوەڕوانیش دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە كارەكانی هەموارەكە لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆتایی بێت و سەرەتای مانگی ئادار بگاتە پەرلەمان".
وتیشی " بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تا هەمواری یاسای بودجە دەبێت پارە بۆ هەرێم بنێردرێت و وەزارەتی دارایی عێراقیش مانگی رابردوو بڕیارەكەی جێبەجێ كردوەو چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە 618 ملیار دیناری دیكە لەلایەن بەغداوە رەوانەی هەرێم بكرێت".
ئەوەشی خستەڕوو " بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری پرۆژە یاسای بودجە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەچارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە هەیە لەناو پەرلەمان هەندێك دەنگ دروستبووە كە باس دەكرێت كە لەبەرامبەر بەشدارینەكردن لەكۆبوونەوەیەكی پەرلەمان لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەنگ بەهەموارەكە نادەن، بەڵام ئەوە هەڵوێستی تاكە كەسییەو هەڵوێستی ئەو لایەنە سیاسیانە نیە كە ئەو ئەندام پەرلەمانانە بەشدارن تێیدا".
"بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە، رێككەوتنە سیاسیەكان رۆڵی خۆیان دەبێت، بەتایبەت لەنێوان هەرێم و بەغدا لێكتێگەیشتن و رێككەوتن لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام پێویستە ئەو جۆرە لێدوانانەش بەهەند وەبگیرێت"، د.نەرمین مەعروف وا دەڵێت.

2024-02-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.