دەزگای ئاسایشی هەرێم: بەفەرمانی كوێخا دێرین عوزێری تەقە لەسەرمایەدارێك كراوە
نهانیوز- ههواڵهكان
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند: بەفەرمانی كوێخا دێرین عوزێری لەسلێمانی تەقە لە ئەحمەد كامیل فەقێ سەرمایەدار كراوەو بەهۆیەوە برینداركراوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەستگیركردنی كوێخا دێرین عوزێری راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەداوە " پاش ئەوەی كاتژمێر 12:10 خولەكی شەوی 29 لەسەر 30ی 1ی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم یانەی كۆمەڵایەتی سلێمانی تەقە لە هاوڵاتی ئەحمەد كامیل فەقێ سەرمایەدار كراو بەهۆیەوە برینداركرا، دوای رەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی وردی هێزەكانمان دەستپێكرد".
ئەوەشی خستوەتەڕوو"سەرئەنجام لە رۆژی 30ی 1ی 2024، بەپپێی مادەی 405 - 31ی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتباری سەرەكی و تەقەكەر ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی دەستگیركرا".
"دوای لێكۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بەتاوانەكەیدا ناو و دەركەوت تۆمەتبارێكی دیكە بە ناوی ئومێد كەمال هاوكاری كردووە كە هاوپیشەیەتی و هەردووكیان پێشمەرگەن لەلای دێرین ئەحمەد محەمەد، ناسراوە بە كوێخا دێرین و بەبڕیاری ناوبراو تاوانەكەیان كردووە" دەزگای ئاسایشی هەرێم وا دەڵێت.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە "پاشان رۆژی 5ی 2ی 2024، تۆمەتبار ئومێد كەمال كە هاوكاری كردووە دەستگیركرا".
رونیشیكردوەتەوە "ئێستا كوێخا دێرین فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە، بە پێی مادەی 405 - 31ی لە یاسای سزادانی عیراقی كێشەكەشی لەسەر داواكردنی سەرانەو پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێكی سلێمانی".
"هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار (دێرین ئەحمەد) رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی كە بەزیادەڕۆیی كرابوونە سەر موڵكی گشتی".
|