وتار

ئاماژەکانی پشت بەستنی کۆنفرەنسی وارشۆ

فەرید ئەسەسەرد

لە ژێر ناونیشانی (ئایندەی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا) کۆنفرەنسێکی نێودەوڵەتی لە وارشۆی پایتەختی پۆلەندا بە سەرپەرشتیی ئەمریکا بەسترا. بایەخدانی جیھان بە چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست شتێکی ئەرێنییە و لەم سەروبەندەدا بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە لەوە دایە کە جیھان یارمەتییان بدات بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەی گونجاو بۆ گیروگرفتەکانیان. بەڵام ئەوەندەی مەسەلەکە پەیوەندیی بە کۆنفرەنسی وارشۆوە ھەیە، مەسەلەکە مەسەلەی بەستنی کۆنفرەنس نییە، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم کۆنفرەنسە، بە دیاریکراوی، یەکێکە لە کۆنفرەنسە نێودەوڵەتییە ھەرە خراپەکانی جیھان و بە ھیچ شێوەیەک لێی رانابینرێ بتوانێ ھیچ کێشەیەکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکا، بگرە بە پێچەوانەوە، دەشێ ببێ بە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی گرژی لە ناوچەکەدا، تەنانەت رەنگە رێ بۆ ھەڵگیرسانی شەڕوشۆڕ و پێکدادانی چەکداریش خۆش بکات.
لەکاتێکدا کە کۆنفرەنسەکە پەیوەندیی بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەوە ھەیە، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکتەرە کاریگەر و گرنگەکانی ناوچەکە بەشدارییان تێدا نەکردووە، لەوانە ئێران، تورکیا، عیراق، سوریا. ھەروەھا حکومەتی لوبنان بایکۆتی کردووە، فەلەستینییەکانیش بانگھێشت نەکراون. کوردیش کە ئەکتەرێکی گرنگی ناوچەکەیە، بانگھێشت نەکراوە. کەچی وڵاتێکی وەکو یەمەن کە سەرۆکەکەی ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ پایتەختی وڵاتەکەی و چوار ساڵە گیرۆدەی شەڕی ناوخۆ بووە، نوێنەری لە کۆنفرەنسەکەدا ھەبووە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، روسیا لە ئامانجەکانی کۆنفرەنسەکە نیگەرانە. ھەروەھا فەرەنسا و ئەڵمانیاش بە گومانەوە دەڕواننە ئاماژەکانی پشت بەستنی کۆنفرەنسەکەو ھەر بە ھۆی ئەمەوە بەشدارییان تێدا نەکردووە.
پێش بەستنی کۆنفرەنسەکە، راپۆرتە بەراییەکان جەختیان دەکردە سەر ئەوەی کە ئامانجی سەرەکیی کۆنفرەنسەکە تەنگ ھەڵچنینە بە ئێران و نیشاندانی وەک سەرچاوەیەکی گەورەی ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دواتر، بۆ شاردنەوەی مەبەستە راستەقینەکە، بڕیار درا بواری کۆنفرەنسەکە فراوان بکرێ بۆ ئەوەی بابەتی دیکەش بگرێتەوە. ئەوەی ئەمەش بە روونی دەردەخا ئەوەیە کە راگەیەندراوە ھاوبەشەکەی ھەردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پۆڵەندا بابەتە جێبایەخەکانی کۆنفرەنسەکەی یەک بە یەک دیاری کردووە، لەوانە بابەتی پەرەپێدانی موشەکە دوور ھاوێژەکان کە بابەتێکە لە ھەموو ناوچەکەدا تەنھا ئێران دەگرێتەوە.
گرنگترین خاڵی جێی تێڕامان لە مەسەلەکەدا، کاتی بەستنی کۆنفرەنسەکەیە کە ھاوکاتە لەگەڵ خۆئامادەکردنی ئەمریکا بۆ کێشانەوەی ھێزەکانی لە سوریا. ئەم بابەتە لەسەر ئاستی جیھان بەو چاوە سەیر ناکرێ کە تەنھا کشانەوەیەکی عەسکەرییە، بەڵکو بەو چاوە سەیر دەکرێ کە پرۆسەکە سەرەتای پوکانەوەی ھەژموونی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ستراتیجناسەکانی رۆژئاوا پەی بەوە دەبەن کە ئەو بۆشاییەی کە دەرچوونی ئەمریکا لە ناوچەکە دروستی دەکا، تەنھا روسیا لە توانای دایە پڕی بکاتەوە. ھەروەھا گومانی تێدا نییە کە ئێران و تورکیا پاش کزبوونی ھەژموونی ئەمریکا، زۆرتر ئەو ھەلەیان بۆ دەڕەخسێ کە پەرە بە بەرژەوەندییەکانیان بدەن، ھەردووکیشیان پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ روسیا ھەیە. زیانلێکەوتووە گەورەکانیش ئیسرائیل و سعودیە و میسرن.
بۆیە لەم گۆشە نیگایەوە، ئامانجێکی سەرەکیی کۆنفرەنسەکە ھێنانە دیی ریزە میکانیزمێکە بۆ سنوردار کردنی ھەژموونی روسیا و تەنگھەڵچنین بە ئێران و خەفەکردنی کەف و کوڵی تورکیا. بەڵام لە نێو ئەمانەدا، ئێران وەک دەوڵەتێکی رادیکاڵ، دەتوانێ ھەم تەنگ بە ئیسرائیل ھەڵچنێ ھەم بە سعودیە و دەستوپێوەندەکانی، بە تایبەتی کە ئێران لە رێی باسکە رادیکاڵەکەی حزبوڵڵاوە نزیکترینیانە لە سنووری ئیسرائیل و ئامادەتریشە بۆ دەستوەشاندن لێی.
 گەورەترین کێشەی کۆنفرەنسەکە ئەوەیە کە یەکێتیی ئەوروپا، بەتایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، سەرەڕای ھەموو تێبینییەکانیان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران، ھەمان تێڕوانینی ئەمریکییەکانیان سەبارەت بە ئێران نییە و پێیان وایە ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییەی لەگەڵ ئێران بەستراوە، قازانجی ھەمووانی تێدایە و ئاسایشی ناوچەکە دابین دەکات. ھەروەھا پێناچێ کۆنفرەنسەکە سەرکەوتوو بێ لە ناساندنی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی دۆستی عەرەب، بەتایبەتی کە شەقامی عەرەبی و فەلەستینی ھێشتا زۆری ماوە تێڕوانینی خۆی بۆ ئیسرائیل بگۆڕێ و بە دۆست و ھاوپەیمان و دراوسێیەکی باش سەیری بکات.
بەڵام ئەگەر کۆنفرەنسەکە سەرکەوتوو بێ لە ھاندانی دەوڵەتانی کەنداو و میسر و ئوردون بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانییەکی سوپایی، دیارە ئەو ھاوپەیمانییە دژی ئیسرائیل نابێ و زۆرتر دژی ئێران دەبێ، بەڵام دەشێ دژی عیراق و سوریاش بێ کە پەیوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵ ئێراندا ھەیە و ھەروەھا دەشێ دژی تورکیاش بێ، بەتایبەتی کە لە ناو ئەندامەکانی ئەو ھاوپەیمانییە، سێ دەوڵەت کە سعودیە و میسر و ئیماراتن، خراپترین پەیوەندییان لەگەڵیدا ھەیە.
ھەموو ئەمە دەری دەخا کە ئەم کۆنفرەنسە زۆر لەوە دوورە کە بتوانێ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە بپارێزێ. بە پێچەوانەوە، دەشێ مایەی قوڵکردنەوەی قەیرانەکان و پەرەپێدانی گرژییەکان بێت.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 173‌
2/27/2019 8:44:22 PM
زیاتر...