وتار

دۆخی عێراق و خەباتی مەدەنی

خانم رەحیم
راگرتنی دۆخی ئێستای عێراق و پاراستنی لە ئەگەری شەری ناوخۆی ماڵوێرانكەرە، پێویستی بەحیكمەت و ئیرادەی هەموان هەیە، ئێستا چاوەكان هەمووی چوەتە سەر ئەوەی سەرۆككۆمار چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەكات، كە كۆمەڵگەی دابەشی دوو بەرە كردوە.

  قەناعەتی گشتی خەریكە بەو ئاكامە دەگات كە لەنێوان ئەو دوو بەرەیەدا ئەبێت پردی پەیوەند بەتەواوەتی نەپچرێت، ئەمەش بەو ئاراستەیەی كە نەخشەی سیاسی عێراقی دوای خۆپیشاندانەكان، ناكرێت جیاوازیەكی بەرچاوی نەبێت لە دۆخی پێش خۆپیشاندانەكان. ئەمە تێروانینە، تەنها هەڵقوڵاوی رووداوە ناخۆشەكانی ناو خۆپیشاندان و زۆری قوربانییەكان نییە، بەڵكۆ لە واقیعی نالەباری دۆخی شانزە ساڵەی ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەڵقوڵاوە بووەتە راستی و یەقین لای خەڵك، كە بەرێوەبردنی ئیدارەی سیاسی لەعێراق،  نەك هەر پرن لەكەموكورتی، بەڵكو لە ئاستێكی پر لەمەترسیدایەو ئایندەیەكی نادیار و تاریكیش بۆ عێراقیەكان دەهێنێت.

بەبێ‌ رێككەوتنامە و بەبێ‌ دوروستكردنی هاوپەیمانی، بەرەی جەماوەری و خواستی گۆرانكاری و چاكسازی، خەریكە رۆشنتر لەسەر شانۆی سیاسی دەردەكەون، هەنگاوەكان بەو ئاراستەیە، خەباتی نەرم و مەدەنی شەقام و هەوڵەكانی تر، ئاوێتەی یەكتر دەبن، داخوازی مەرجەعیەت و سەرۆكایەتی كۆمار، كە تارادەیەكی زۆر هاوسەنگیان تێدایە و خاڵێن لە هەناسەی رادیكالیزم، بونەتە چەقی خەباتێكی مەدەنی و كاریگەر بۆ گۆرانكاری، ئەوان بەبێ‌ ئەوەی راستەوخۆ بەشدار بن، هێز دەبەخشن بەخواستی رەوای خۆپیشاندەران و پرۆسەی چاكسازی، وەستان بە دووری یەك مسافە لەنێوان بەرژەوەندیە جیاوازەكان و دەستنان بەرووی ناكۆكییە دەرەكیەكان تا عێراق نەكرێتە مەیدانی یەكلایكردنەوەی كێشەكان، دەرخەری هێزی ئاشتیانە و دڵنیاییە بۆ مەدەنی بوونی رەوتی چاكسازی و بەمەش هاوسەنگی یەكخستنەوە كۆمەڵگەی عێراقی دەپارێزێت و رێگری لەوە دەكات بەرژەوەندی خەڵكی عێراق بخرێتە خوار بەرژەوەندی دەرەكییەوە، ئەمە خاڵی هاوبەشی نێوان شەقام و هەموو ئەو لایەن و دەنگانەیە، كە دەیانەوێت، عێراق وڵاتی عێراقییەكان بێت و مافی هاوڵاتی بوون بەیاسا پارێزراو بێت و مافەكانیان بە خەباتی ئاشتیانە بۆ دەستەبەر بكرێت.

ئێستا بەدەر لەروانگەی حزبایەتی و بەجیا لەبەرچاو گرتنی ئەوەی كارەكتەرەكان چەندە دور و نزیكن لێتەوە، ئەركی هەر هاوڵاتیەكی هوشیارو دڵسۆز بەدەر لە چوار چێوە فكری و سیاسی و حزبیەكەی ئەوەیە، لەم دۆخەدا پشتیوانی لە بەرەیەك بكات، كە لەپێش هەرشتێكەوە مافی هاوڵاتی بوون و هەقی بەشداریكردنی پرۆسەی سیاسی بۆ دەستەبەر ئەكات، دیارە بۆ ئەمەش ئەركی نیشتمانی دابراو نابێت، لە مافی داخوازی خۆشگوزەرانی و بەدەستهێنانی دادپەروەری كە بەدڵنیاییەوە ئەوەی جەماوەری نارازی هێناوەتە سەر شەقام، ئەو داخوازیانەیە نەك مەتڵەبێكی فكری و حزبی دیاریكراو.

هەنگاوەكانی سەرۆككۆمار، بۆ دابین كردنی یاسایەكی گونجاوتر، بۆ هەڵبژاردنەكان، كار ئاسانی بۆ بەیەكگەیشتنی خواستی خەڵك و دەسەڵاتی جێبەجێكار، راگرتنی هاوسەنگی نێوان لایەنەكان و دورخستنەوەی هێزی چەكدار لەكاروباری حكومەت گرنگی دان بە ئاشتی كۆمەڵایەتی، دەستبردن بۆ پرسی شەفافیەت و بەشداریپێكردنی ژنان و لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی هاوڵاتیان و گەنجان، دروستكردنی دۆخی لێكتێگەیشتن و چاودێریكردنی پرسە دەستوریەكان، هەموو ئەو هەنگاوانەیە، كەوادەكات، دۆخی ئێستای عێراق بەنەرمی و لەسەرخۆ بەئاراستەیەكی تەندروستدا بەرێت تا دور بێت لە رق و كینەو توندو تیژی، بۆیە ئەوەی پشیوانی لەو هەنگاوانە نەكات، گەر بەمەبەستیش نەبێت ئەوە خزمەت بە دیوەكەی تری ئەم دنیابینیە دەكات، كە بەرهەمەكەی پشێویی و نادادپەروەری و گەندەڵی و سەرگەردانیە بۆ هەموان.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 206‌
12/23/2019 1:55:55 PM
زیاتر...