وتار

بۆردومانی کۆیە لەناو چەندان ئەگەردایە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

پێموایە ئێمە نابێت بەدوای یەک سەرەداودا بگەڕێین و پێمانوابێت یەک سەرەداو دەمانباتەسەر دواین کۆگای پڕنهێنی ئەو بۆردومانانەی ئێران بۆسەر بارەگای حیزبی دیموکرات لەکۆیە.

ئەم بابەتە چەندان سەرە پرسی جیاوازن چونەتەناو یەکتردا. لەوانە:

یەکەم/ چیرۆکی دورو درێژی ناکۆکی نێوان هێزە ئۆپۆزیسیۆن و کوردییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر ڕژێمی سێدارەو ئیمامی ئێراندا.
ئەم مێژووە پێویستی بەهۆیەک نییە لەدەرەوەی هەردوولا ببێتەهۆی ڕوودانی بۆردوومانەکە، هەرکاتێک هێزە کوردییەکان جوڵەیان هەبێت، ئێرانیش ڕەدفیعلی دەبێت.

دووەم/ ئەکرێت ئەم بۆردومانە بۆ ئەوەبێت شەقامی کوردی لەخۆرهەڵات و باشووری کوردستان چاویان بچێتەسەر بۆردومانی کۆیەو لەسێدارەدانی چالاکوانی کورد (ڕامین پەناهی) لەبیری خەڵک بباتەوەو میدیاکانیش فۆکەسیان بخەنەسەر کۆیە نەک ڕامین پەناهی.
چونکە هەردوو ڕووداوەکە وەک دوو ڕووداوی گەورەی بەدوای یەکدا دێت کە هەردووکیان بۆ کوردو شەقامی کوردستان گرنگەو لەناو گەرمەی هەواڵ و دەنگۆی بۆردووماندا، پەناهیش لەسێدارە دەدرێت.

سێیەم/ ئەوەی لەبڕوای مندا هۆی بۆردومانەکەیە. لوتکەی ئێرانە کە دوێنێ لەنێوان ڕوسیاو ئێران و تورکیادا بەسترا.
ئەم لوتکەیە ناوچەی سلێمانی و دەسەڵاتی ناوچەکە بەحیلف و نزیک بەخۆرئاوای کوردستان دەزانن. ئەمەش وادەکات هەرسێ وڵاتی ناو لوتکەکە لەگەڵ بۆردومانی ناوچەکەدابن. بەڵام لێرەدا هۆی بۆردومانەکە دراوەتە دەست ئێران وەک ئەوەی کە نەیارو دژەکانی خۆیی بۆردوومان کردووە واتە (بەتیرێک دوو چۆلەکە)

بەمانایەکیتر، ئەوەی وایکردووە ئێران بۆردومانەکە بکات ئەوەیە، ئێران بیانووی بەدەستەوەیەو بۆ نمونە بۆ دەوڵەتێکی وەک تورکیا زۆر قورس دەبێت بەبێ بیانوو بۆردومانی کۆیە یان ناوچەی سلێمانی و زۆنی سەوز بکات.

چوارەم/ ئەم بۆردومانانە ئاماژەیەکی تێدا دەبینرێت. پێمنوایە حکومەتی داهاتووی عێراق بەشێوەی سەرەتایی لەچەند کاتژمێری داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت و هێزەکوردییەکان دەچنە بەرەی ئەمریکا. لێرەدا یان دەبێت ئێران فشاربکات هێزە کوردییەکان لەبەرەی ئەمریکا بکشێنەوە، یان ئێران ئیدی باشووری کوردستانی پێویست نییە و ڕووگیری هێزەکانی باشوور نابێت تاکو چاو لەنەیارەکانی بپۆشێت، چونکە لەئەگەری ئەوەدا هێزەکانی باشوور بچنەبەرەی ئەمریکا واتە هێزە کوردییەکانیش ئێرانیان ناوێت و گوێی لێناگرن.


پێنجەم/ ئەکرێت ئەم بۆردومانانە پەردەپۆشی ئەو شکستە ناوخۆییەبێت ئێستا ئێران توشی بووەتەوە.
لێرەدا ئێران دەیەوێت هاوڵاتیان و شەقامی توڕەی هاوڵاتیانی بەوشێوەیە دامرکێنێتەوە کە ئەوان هەڕەشەیان لەسەرەو نابێت لەئێستادا بچنەسەر شەقام و دژی دەسەڵات بووەستنەوە، بەپێچەوانەوە ئەوان گەلەکۆمەکێیان لەسەرەو دەبێت هاوڵاتیان دان بەخۆیاندا بگرن.

شەشەم/ ڕەنگە ئەم جوڵە دوژمنکارییەی ئێران ناردنی ئێمەیجێک بێت بۆ ئەمریکا. لێرەوە ئێران دەیەوێت بەئەمریکا بڵێت سزاکانت ناتوانێت ئێران بووەستێن و هەرکەسێک ململانێی ئێران بکات ڕووبەڕووی دەبینەوە.

ئەوەی لەم چەند دێڕەدا ناینوسم و نایڵێم و بڕوایشم پێینییە بابەتی خۆپیشاندانەکانی بەسرەو سوتاندنی کونسوڵگەری ئێرانە لەو پارێزگایە.
پرسی سوتاندنی کونسوڵگەری و بۆردوومانی کۆیە لەلایەن ئێرانەوە، دوو پرسە زۆر دوورن لەیەکترەوە
ژمارەی خوێنەر   ‌ 808‌
9/8/2018 5:24:31 PM
زیاتر...