وتار

کۆنگرە و تۆڵەکردنەوە..!

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
دەبێت هەڤاڵانی یەکێتی کۆنگرە وەک هۆڵی دادگا هەژمار بکەن. با بچەنە ئەم هۆڵەوە و بچنە بەردەم دادگای دەنگدەری ئۆرگان و ناوەندەکانی یەکێتی. وەک چۆن لەدادگادا هەموو مرۆڤێک بێتاوانە تاکو تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، ئەوا با ئەم مەکتەب سیاسیانەیش بچنە کۆنگرەوە، ئەگەر دەرنەچونەوە ئەوا مانای وایە شایانی ئەو دادگاییە بوون و تاوانی لاوازکردنی یەکێتیان بەسەردا ساغ بووەتەوەو ئەوکات سزاکەیان ئەوەیە کە نابێت ببنەوە ئەندەمی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی.

لەسەروبەندی باسکردنی بەستنی کۆنگرەی چواری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، زۆر گوێمان لێدەبێت کە ئەم کۆنگرەیە بۆ تۆڵەکردنەوەی هەندێک ئەندامە لەهەندێکیتر. باشە بەڕاست دەپرسین:  ئەگەر کەسێک بڕای بە خۆی هەبێت لەدوای کۆنگرەی سێی یەکێتییەوە ئەوەندە ئیشی جوانی کردووە بۆ حیزبەکەی کە جێگای دەستخۆشییە، ئیدی بۆ دەترسێت تۆڵەی لێبکرێتەوە؟

جارێ ئەسڵەن خودی چەمکی (تۆڵەکردنەوە) تەعبیرێکی تەواو سەقەت و هەڵەیە و بەمانای دژە کردار دێت . واتە دیارە ئەو کەسەی لەتۆڵەکردنەوە دەترسێت ، پێشتر خۆی هەڵەیەکی کردووە و ئێستا لەوە دەترسێت کە تۆڵەی ئەو هەڵەیەی لێبکرێتەوە.

بەڕاستی جێگای هەڵوەستە کردنە!، پێش دیاریکردنی کات و بڕیاردان لەبەستنی کۆنگرە، هەندێک کەس ئاڵای سپی هەڵکردووە!. ئەگەر کەسێک ئەوەندە لەخۆی دڵنیایە دەرناچێتەوە، ئەی بۆ بەخۆیدا ناچێتەوەو هەڵەکانی چاک ناکاتەوە؟ ، یان ئەی بۆچی بەرلەوەی بچێتە دادگای کۆنگرەو بەردەم دەنگی هەڤاڵانی یەکێتی، بۆچی خۆی بەشێوەیەکی سەربەرزانە دەست لەکار ناکێشێتەوەو ڕێزی خەبات و ماندووبوونی خۆی ناگرێت؟
ژمارەی خوێنەر   ‌ 184‌
6/13/2019 10:24:09 PM
زیاتر...