وتار

كاك مەسعود قەت لە خۆتت پرسیوە بۆ؟

رێبوار كەریم وەلی
لەدوا گفتوگۆی رۆژنامەنوسیدا، لەگەڵ مێدیای بیانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان، سەرەتا بە گلەیی و گازەندە لە حكومەتەكەی سودانی دەست پێدەكات و بە پێشێلكردنی رێككەوتنەكان تۆمەتباری دەكات. بەڵام بۆ؟

وەڵام: ئایا كاتێك وەك سەرۆكی پارتی، دوای هەڵبژاردنەكانی 2021، رێككەوتنێكی نەنوسراوی نهێنیتان (كە جگە لە هۆشیار زێباری لەناو حزبەكەشتاندا كەس ئاگاداری نەبوو) لەگەڵ سەدرو حەلبوسی بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە لە بەغدا پێكهێنا و هیچ حیسابێكتان بۆ ئیتاری تەنسیقی نەكرد، نەتاندەزانی ئەوە بە كەرتكردنی ماڵی شیعی لێك دەدرێتەوە؟ بەشداریتان لە حكومەتی سودانیدا، هیچ منتەتێكی بۆ سەر شیعە تێدا نییە؛ بەشداریی پارتی لە ناچاری بوو، ئایا هیچ رێگەیەكی دیكەتان شك دەبرد؟
*
سەرۆكی پارتی دەڵێت لە عێراقدا، دیموكراسی هەڕەشەی لەسەرە. ئەدی لە كوردستان، دیموكراسی حاڵی چۆنە؟
وەڵام: ئایا ئەو رۆژەی كە زانیتان پەرلەمانی كوردستان گوێڕایەڵی فرمانەكانی ئێوە نابێت و بۆ دوو ساڵ قوفڵتان لە دەرگای پەرلەمانداو سەدان هەزار دەنگدەری كوردستانتان لە نوێنەرایەتیی سیاسی بێبەش كرد، رێگەتان نەدا سەرۆكی پەرلەمان پێبنێتە هەولێرو وەزیرەكانی گۆڕانتان ناردەوە ماڵێ، قەت بیرتان لەوە نەدەكردەوە كە رۆژێك بەغداش هەمان شتتان لەگەڵ بكات؟ ئێستا هەرێمی كوردستان لە پێشێلكردنی مافە مەدەنییەكانی هاووڵاتیانی گوڵی سەرسەبەتی عێراقە. قەت لە خۆتان پرسیووە كە ئەوە 5 ساڵە بۆ یەك خۆپێشاندانیش لە هەرێمەكەی ژێر دەستەڵاتی جەنابتان روو نادات؟ قەت پرسیوتانە ئەو هەموو خەڵكە بۆچی لەسەر بیروڕا، یان لە زینداندان و یان شاربەدەر كراون!؟
*
بارزانی لە خراپیی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتیدا، نیگەرانە! بەڵام بۆ؟
وەڵام: پتر لە 15 ساڵە خۆتان و حزبەكەتان، ئیشوكارتان تێكدانی ناوماڵی یەكێتی بووە. لەو رۆژەوەی مام جەلالتان ناردە بەغدا، كۆنتڕۆڵی هەموو جومگەكانی دەستەڵاتتان كرد و دوای مردنی مام جەلالیش ئیتر لای ئێوە یەكێتی كۆتایی هات. پێتانوابوو كە كوردستان واتا پارتی و، پارتیش واتا كوردستان. لە بڕیاری ئابوریی سەربەخۆ، لەدەركردنی گۆڕان لە حكومەت، لە ریفراندۆم و شەڕی داعشدا، یەكێتی لە ژێر فەرمانی جەنابتاندا بوو! لە دوایین هەڵبژاردنی پارێزگاكانیش داوایان كرد كورد بە یەك لیست بەشدار بێ، بەڵام موزەمیت محمەد دوبزی(كەمال كەركوكی) بەناوی جەنابتانەوە تەسریحی دا كە لەگەڵ خیانەتكاراندا ناچنە ناو لیستەوە. ئەوە چەند ساڵە هەر هەوڵێك بۆ لێك نزیكردنەوەی پارتی و یەكێتی درابێت، لەلایەن كەسانی ناو بارەگاكەتانەوە، زەڕبی سفر كراوە. هەوڵێكی جددی و بەهێز بە ئاراستەی دوو ئیدارەیی لەنێو پارتەكەی خۆتاندا، هەیە و ئێوەش بێدەنگن لێی.!
*
دیسان ئەوە دوبارە دەكرێتەوە كە دادگای فیدراڵی نادەستورییە و قەرارەكانی ناشەرعین. بەڵام بۆ؟
وەڵام: جارێ هەقە بپرسن كە كاتێك بە تاكڕەوی و زۆرە ملێی، هەوڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانتان دا ئەوەتان نەدەزانی كە ئەمە لە دەستوری عێراقدا، رێگەپێدراو نییە؟
بۆ تا كات لەبەردەمدا بوو، كۆمیسیۆنتان نوێ نەكردەوە؟ بۆ واتان نەكرد كە رێكبكەون و رێگر بن لەوەی ناكۆكییەكان لە شكڵی دەعوا بچنە بەردەم دادگا؟!
مادام دادگای فیدراڵی كە لەسەر دەستی ئەمریكا و لە سەردەمی پۆل بریمەر دامەزراوە ناشەرعییە و دانی پێدا نانێن، بۆ لە 2021 نوێنەرتان بۆ نارد؟ بۆ جارێك ئەو نوێنەرەی ئێوە هەڵوێستی نەبوو؟!
*
ئەگەر رۆژێك ئەو پرسیارانەتان لە خۆتان كرد و، راشكاوانە خستتانە بەر دادگای ویژدانی خۆتان، ئەو دەمە زۆر شت دەگۆڕێ.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 112‌
2/28/2024 2:07:10 PM
زیاتر...