وتار

با یەکێتی و گۆڕان سلێمانی بەجێ بهێڵن

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

سێ هۆکاری بەرچاو هەن کە وادەکەن ئیتر یەکێتی و گۆڕان، قورسایی سیاسی خۆیان بگوازنەوە بۆ پایتەخت و چیتر لەم دوورەوە چاوەڕێی گۆڕانکارییەکانی پایتەخت نەبن.
یەکەمیان ئەوەیە: ئێستا ئیتر نێوانی هەولێر و بەغدا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێ، تا کاغەزی هەولێر وەستابێ بەغدا بە وردی و حساب بۆکراوی کاغەزی تر ناخوێنێتەوە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، کونسوڵخانەی وڵاتان زۆربەی لە پایتەخت کۆبوونەتەوە. بۆیە بە هەموو پێوەرێک هەولێر شوێنی نەشونماکردنی سیاسەتە. دووربوون لە هەولێر دووربوونە لە گەورەبوون.

دەبێ یەکێتی و گۆڕان کۆتایی بەوە بێنن شاند و میوانە نێودەوڵەتییەکان هەرکە هاتنە کوردستان، دەبێ وێستگەی دووەمیان سلێمانی بێ. هەمیشە وێستگەی یەکەم سەنگ و قورسایی دیاری دەکات. 

دووەمیان: یەکێتی و گۆڕان دەنگ و لایەنگرێکی زۆریان لە هەولێرو دەوروبەری هەیە، ئەم لایەنگر و دەنگدەرانە هەمیشە خۆیان بە بێ پشتوپەنا دەزانن کاتێ دەبینن، سەرکردایەتییەکەیان لە مەڵبەندە هەستیارەکەی سیاسەت دوورە.

سێەمیان: نابێ ئەم دوو هێزە تەنیا لە سلێمانی گرمۆڵە ببن. پارتی بۆ ئەوەی بەشدارییان پێ بکات لە حکومەت، وەکو میوان و خانەخوێ لە سلێمانی چاوی پێیان دەکەوێ. گفتوگۆ قورسەکانی نێوان پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی لە سلێمانییە. کەچی دەسکەوتە قورسەکان لە هەولێر دابەش دەکات لەگەڵیاندا.

سلێمانی لە دوو هەڵبژاردنی نزیکدا... ١٢ی ئایار و ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨.. رێژەی دەنگدەرانی لە ئاستێکی کەمدابوو بە بەراورد بە هەولێرو دهۆک، پارێزگای دهۆک 61٪ بوو، پارێزگای هەولێر 58٪ و پارێزگای سلێمانیش 54٪ کە وترا لەم رێژەیە زۆر کەمتر بەشداری کراوە.

لەڕووی خزمەتگوزاریی گشتییەوە، سلێمانی بەڕادەیەکی زۆر پاشەکشەی کردووە. بێ دوودڵیی دەتوانی بڵێی، ململانێ توند و بەردەوامەکانی گۆڕان و یەکێتی، رۆڵێکی زۆر زۆر گەورەی هەبووە بەسەر سستی و پاشەکشەی کەرتەکانی ئابووری و بازرگانی و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەوە. 

ئەم پاشەکشێیانە راستەوخۆ کاریکردووەتە سەر پاشەکشەی بەشداری خەڵک لە سیاسەت و پشتگیری ململانێکەران. سلێمانی تا ئاستی بڕست لێبڕان ماندوو کراوە، بۆیە گرەوکردن لەسەر متمانە جەماوەرییەکەی، گرەوکردنە لەسەر بەلەمێکی کوون تێبوو کە راوچییەک دەیەوێ پێی بچێتە ناوەڕاستی دەریاچەکەوە.
هەر یەکێتییەک یان گۆڕانێک ئەم پێشنیازە بخەیتە بەردەمی، خێرا ئەم وەڵامە دەداتەوە “ ناکرێ ئەم دوو هێزە کە قوڵایی پێگەی سیاسی‌و جەماوەرییان سلێمانییە، بە تەواوی جێی بهێڵن!” 

دەتوانی بەم نموونە سادەیە بۆی بسەلمێنێ کە ئەمە ناکاتە جێهیشتنی جەماوەرەکەت.  پارتی لە ساڵی ١٩٩١ـەوە، بە دەنگی لایەنگر و دەنگدەرانی خۆیەتی لە دهۆک، هەمیشە لە هەڵبژاردنەکاندا ژمارەی گەورە تۆمار دەکات. پارتی دەنگی لە دهۆکە، بەڵام سەنگی لە هەولێرە.

دەکرێ یەکێتی و گۆڕانیش بارگە بگوازنەوە بۆ هەولێر، بۆ خەڵکی خۆیانی بسەلمێنن دەنگیان لە سلێمانی بدەنێ، لە هەولێر سەنگیان بۆ دێننەوە.

بەڵام هەمیشە مانەوە لە سلێمانی، گرەنتی ئەوەیان دەداتێ هەمیشە لە خوارەوەی دەسەڵات دەبن. میوانداریکردنی پارتی لە سلێمانی بۆ گفتوگۆ، هەمیشە وەکو میوانێک دەیانهێڵێتەوە لە ئەنجومەنی وەزیران و هاوکێشە سیاسییەکانی پایتەخت.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 133‌
8/8/2019 10:52:44 AM
زیاتر...