وتار

تره‌مپ و بەرگێکی تر بۆ داعش

هونەر تۆفیق

لەسەرەتاوە وەک بیرخستنەوەیەک . لە ساڵی ٢٠٠١ ەوە ، ئەمریکا جەنگێکی گشتگیری بەرانبەر تیرۆر ڕاگەیاند . لەو کاتەوە تیرۆر لە بەرگ و فۆرمی جیاجیادا تازەدەبێتەوە . لەگەڵ ئەوەدا کە تاریفێکی سیاسی یەکگرتووی جیهانی نیە بۆ تیرۆر و سیفەتەکانی لە هەر وڵاتێک ، لە دیدی سیاسی خۆیەوە تاریفی دەکات . لەدیدی ئەمریکاوە ئەو هێزە سیاسی - سەربازیە ئیسلامیە توندڕەوانە تیرۆریستن کە دژ بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکابن . هەر هەمان هێز ئەگەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بپارێزن تیرۆریست نین . ئەمە خاڵی جەوهەری ناکۆکی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانە سەبارەت بە تیرۆر .

لەنێوان ڕوسیا و ئەمریکادا هەریەکەیان بەجۆرێک تاریفی سیفاتی تیرۆر دەکەن . هاوکات لەنێوان ئەمریکا و تورکیا و ئێران و سعودیەشدا ، جیاوازی گەورە هەیە بۆ دیاریکردنی هێزەکانی نزیک لەخۆیان و نەیار بەوانی تر ، وەک تیرۆریست .
داعش فۆرمێکی تری تیرۆربوو لەپاش قاعیدەوە پەیدابوو . لەپاش شکاندنی زیندانی ئەبوغرێب لە بەغدا و هەڵهاتنی زیاتر لە ٧٠٠ زیندانی قاعیدە، بە ماوەیەکی کورت دروست بوو .

لەو ٧٠٠ زیندانیە هەڵهاتوەوە سەرەتای داعش لەسوریادا پەیدابوو . لە ئێستادا بەهەمان کەمیەت و نەوعیەت ، زیندانیانی داعش لە لای هێزەکانی سوریای دیموکرات هەیە . بەرەڵابوونی ئەو کەمیەت و نەوعیەتە لە زیندانەکانی رۆژئاڤا ، ئەگەرێکی بەهێزی دروستکردنی کوتلەیەکی ترە لە تیرۆر لە فۆرمێکی تردا لە عێراق و سوریا و کوردستاندا .

ئەم ئەگەرە لەگەڵ کۆمەڵێک رووداوی سیاسی خێرادا یەکدەگرێتەوە :
یەکەم :

بەرەڵابوونی ٧٠٠ زیندانیەکەی ئەبوغرێب دژ بەمالیکی یان بەفشاربوو لەسەر مالیکی تا وەک دۆستێکی نزیکی ئێران حکومەتەکەی فەشەل پێ بهێنرێت . لەو وەختەدا ، لەپارێزگا سونەکانی عێراق ( رومادی ، تکریت ، موسڵ ) خۆپیشاندانی سونەکان لەئارادابوو دژ بە مالیکی .

لەئێستادا ، خۆپیشاندانی گەورە دژ بە حکومەتەکەی مەهدی لەئارادایە . ئەو خۆ پێشاندانانە لەپاش کۆبوونەوەکانی ساڵی ڕابردووی میشگنی یەک و میشگنی دووی بەعسیەکان دێت لەئەمریکا کە ئامادەکاریان بۆ رووخاندنی حکومەتە موالی بە ئێرانەکەی بەغدا کردووە ا . هەڵبەتە بە سەرپەرشتی ئەمریکا .

وەک ناشاردرێتەوە دیبلۆماسیەت و سیاسەتی ئەمریکی پراگماتیە . پەیوەندیەکانی لەسەر ئەساسی مەنفەعەت دروست دەکات . بۆ نمونە پێچەوانەی دبلۆماسیەت و سیاسەتی ڕوسیایە کە لەسەر ئەساسی ئایدیۆلۆژی یان عەقیدەی سیاسی ، روسەکان پەیوەندی دروست دەکەن .

ئەو مەنفەعەتە ئەمریکایەیە وەها لە ئیدارەیەکی وەک ئەمەی ترامپ دەکات ، ئاسایی بێت کە دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان بکات . بۆیە ئاسایشە دانوستان لە دەستی یەک یان دووەوە لەگەڵ داعشدابکات بەمەرجی گۆڕینی بەرگەکەی لە فۆرمێکی تردا ( بۆنمونە بەعسیەکان ) بۆ لێدان لە بەرژەوەندی و نفوزی ئێران لە عێراق و سوریادا .

دووەم :
ئەمریکا لەهەوڵی جدی دا بوو ، بۆئەوەی پێگەی روسیا لە سوریادا لەق بکات . لەڕێگای دابڕینی کوردەکان لە ڕوسیاوە ، ئەمریکا جێگەی خۆی لە خۆرهەڵاتی فوراتدا کردەوە . بەڵام ڕوسیا سەرباری ئالۆزی و ناکۆکیە مێژوویەکانی لەگەڵ تورکیادا ، لەبەرانبەر دابڕینی کوردەکان لە ناوچەی نفوزی ڕوسی لە سوریادا ، پشتیوانی لە تورکیا کرد و تورکیای لە ئەمریکا دابڕی .

ڕوسەکان دۆستایەتیەکی پتەویان لەگەڵ پەکەکە هەبوو ، هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئەو هێزە کوردیە نەیارەی تورکیاوە ، ڕوسیا پشتیوانی کوردەکانی تورکیا و سوریابوو . بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوەیان لە سوریادا لە ئەمریکاوە ، روسەکان پشتیان کردە کورد و بوونە هاوکاری تورکەکان .

لەم چەند سەعاتەی ڕابردوودا ، گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندیەکاندا هات . لاڤرۆڤ ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەناکاو گەیشتە هەولێر ، هاوکات وەزیری بەرگری ئەمریکا و ڕوسیا پەیوەندی تەلەفونیان کردووە کە نزیکەی پێنج ساڵە ئەو پەیوەندیە پچڕاوە . خۆپیشاندان لەبەغدا توندترە لە ڕۆژانی ڕابردوو ، ئێرانیش هەڕەشە لە دەست تێوەردان و گۆڕینی حکومەت دەکات لە عێراقدا . ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژئاوا دەکشێنێتەوە و پرسی کورد - تورکیای بۆ ئەوروپیەکان جێهێشت . لەهەمان کاتدا تورکیا لە ئان و ساتی هێرشکردندایە بۆ سەر ڕۆژئاوا .

سێهەم :
لەهەرکام لەو جوڵە سەربازی و سیاسیانەدا ، هەولێر جارێکی تر عافیەتی سیاسی خۆی وەردەگرێتەوە کەلەدوای ڕیفراندۆمەکەوە لە دەستی دابوو . بەڵام هەستیاری دۆخە مێژوویەکە هێندە ناسک و ئاڵۆزە هەر هەڵەیەکی تری هەرێمی کوردستان ، لە غروری بوژانەوەی سیاسی رۆڵ و پێگەی هەولێرەوە بێت یان نەزانیەوە ، سەدەی کورد توشی تەهلوکە دەکات . سەرەتای ئەم سەدەیە بە سەدەی کوردی دەزانرا ، لە شەڕی داعشدا گەیشتە ترۆپک و لە ڕیفراندۆمەکەدا کورد زۆریەی لەدەستدا .

بۆ ئەوەی جارێکی تر غروری کرانەوە زاڵ نەبێتەوە بەسەر سیاسەتی هەولێردا، دەبێت بیر لەبەرژەوەندی رۆژئاڤا بەقەد هەولێر بکاتەوە . ئەگەر وانەبێت ، شەڕەکە دەکەوێتە ناو هەموو کوردستان و ئەو چەند ساڵەی تۆپەڵی گێژاوەکە، چۆن بەرۆکی سوریا و ناوەڕاستی عێراقی گرتبوو ، هەمووی ڕوو لە کوردستان دەکات .
ژمارەی خوێنەر   ‌ 189‌
10/11/2019 6:59:14 PM
زیاتر...