وتار

تەنیا پیاوێک! گۆڕینی کیشوەرێک!

هونەر تۆفیق
 ئەوکاتانەی کلیلی دەرگاکانی ژیانی ئەم دنیاو ئەو دنیا لەدەست خێزانێکدابو. لەم دنیا کۆمەڵگە بەسوخرە کێشی‌و باج‌و سەرانەو تۆقاندن، بەڕێوەدەبرا. ئەو دنیاش ئەگەر پارەی بەخشین لەم دنیاوە، نەدرایە بەماڵی پادشا، دۆزەخ شوێنی ھەژاران بو. لەناو شەڕی ناوخۆی میرنشینە ناکۆکەکاندا، کە ھەر دەوڵەتێک لەپشت میرێکەوە ھاندەربو دژ دەوڵەتەکەی تری پشتی میرەکەی تر. شتێک نەبوو ناوی نەتەوەو نیشتمان‌و گەل بێت.

زمانێک نەبو پێی بگوترێت زمانی خۆیی‌و پێی بنوسرێت. زاڵ بوونی زمانی فەرەنسی‌و رۆمانی لەبازاڕو مەجلیسەکانی میرەکاندا وای کردبوو کەلتوری فەرەنسی‌و ڕۆمانی زاڵ بێت بەسەر کۆمەڵگەدا. بەزاری سیاسی ئەمڕۆ، ئەوکاتانە میرو میرنشینەکان، ھەر یەکەیان مورتەزەقەی دەوڵەتێک بون. تەنیا ئیشیان ئەوەبوو لەناو خۆیاندا ناکۆک بن و شەڕبکەن، باج‌و سەرانەش لەخەڵکی کۆبکەنەوەو بیبەخشن بەئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆزوکڵێسا.
لەناو ئەو ئاڵۆزی‌و تاریکیەدا، پیاوێک، خوێندەوارێکی ئایینی ھەستا بەڕاستکردنەوەی ھەمو ئەو خواری‌و لاریانەی لەناو کۆمەڵگەو سیاسەت‌و ئاییندا باوبون.

مارتین لۆسەر ھەر قەشەیەکی لاھوتی کوێرە کڵێسایەک بو، ڕەخنە لەپاپاو دەستەڵاتی ئایینی بگرێت. بگرە دروستکەری نەتەوەی ئەڵمان‌و بزوێنەری داھێنان‌و ڕیفۆرمیستی سیاسەت‌و دەستەڵاتی کیشوری ئەوروپاش بو.

بنەماڵەی میدچی لەفلۆرانساوە بەحوکمی سەرمایە کیشوەربڕەکەیان دەیانتوانی پۆستی پادشاو میرەکان بۆ ئەندامانی خێزانەکەیان بکڕن. ئەوەندە باڵادەست بون، پۆستی پاپای مەسیحیەکانیشان بۆ لیۆی کوڕیان کڕی بو. ئەو بنەماڵەیە چەندە ڕۆڵیان لەپێشخستنی ھونەرو شارستانی ئەوروپیدا ھەبووە، دو ئەوەندەش زیانیان بەکۆمەڵگەی ئەوروپی بەتایبەتی خەڵکی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز گەیاندەوە.

پاپا لیۆی کوڕیان لەگەڵ ئیمپراتۆردا بەھۆی مەسرەفە تایبەتیەکانی خۆیان و بنەماڵەکانیانەوە توشی قەرزێکی زۆردەبن بەسەریانەوە . باج و سەرانەی سەر خەڵک زیاددەکەن . زیاتر لەوەش دەرگای بەھەشت لەسەر خەڵک دادەخەن ، فەتوا ئەدەن ئەگەر لەم دنیا پارەی بەھەشت نەدرێت ، لەو دنیا دۆزەخت بە نسیب دەبێت .

فرۆشی چەکی بەخشین ( ێک غفران) بۆ دابینکردنی شوێنێک لە بەھەشت . دەبێتە بەشێکی تری گەندەڵی لە دەستەڵات و ئابووریدا . لەبەرانبەر ھەر چاوچنکۆکی و زوڵمێکدا مرۆڤ دەیتوانی بەکڕینی ئەو چەکانە خۆی پاکبکاتەوە لە تاوان . بۆیە کۆمەڵگە ئەوەندەی تر توشی گەندەڵی و داڕزان بووە .

مارتین لۆسەر، ھەموو ئەو بیدعەو فەتوایانەی پاپای بەھەڵەو لادان لەئینجیل زانی. بەیاننامە (نامەی ڕیفرۆمی) ەکەی لە ٩٥ خاڵدا بڵاوکردەوە. ھەمو مەحسوبیەت‌و قۆرخکاری‌و سەرانەو باجەکانی بابای بەلادان دانا. داوای لەخەڵک کرد چەکی بەخشینەکان لەکڵێسا نەکڕن، چونکە بیدعەیەکی خەڵەتێنەرەو پارەکەی دەچێتە گیرفانی بنەماڵەوە.

پاپا داوای لەئیمپراتۆر کرد بەتۆمەتی زەندیق مارتین لۆسەر دادگایی بکەن. زۆرینەی خەڵک پشتیوانیان لەبانگەوازە ٩٥ خاڵیەکەی مارتین لۆسەر کرد. لەپاش دادگایی کردنی کە پەشیمانی نەنواند، دادگا نەیتوانی بەلۆسەری بسەلمێنیت ئەو گەندەڵی‌و قۆرخکاریەی دەیکەن لەدەقە ئایینیەکەیاندا ڕێگە پێدراوە. بەڵام بڕیاریاندا سزای بدەن. خەڵک‌و میر ھینریش مارتین لۆسەر دەفڕێنن‌و لەپاپاو ئیمراتۆری دەشارنەوە. لەماوەی خۆشاردنەوەکەیدا لۆسەر کتێبی پیرۆز لەزمانی لاتینی یەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی، بۆئەوەی خەڵکیش بتوانێت بەھەمان ئەو دەقە ئایینیانە بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات‌و فەتواکانی بابا بەتاڵ بکەنەوە. وەرگێڕانی کتێبی پیرۆز (تەورات‌و ئینجیل) شۆڕشێکی گەورەی نەتەوەیی ئەڵمانی بو کە مارتین لۆسەر بەرپای کرد. چونکە زمانی یەکگرتووی ئەڵمانی داھێنا لەسەرەتایەک بو بۆ دروست بوونی نەتەوەی ئەڵمانی. لەگەڵ دروست بوونی نەتەوەی ئەڵمانیدا کڵێسای ئەڵمانی (لۆسەری یان پرۆستانت) دروستبو. سەربەخۆیی نەتەوەیی‌و نیشتمانی لێوە دروستبو.

ئەو تەنیا پیاوە کە ھەر خۆی بەتەنیا سەرەتای سەردەمی ڕێنیسانسی ئەوروپا بو، چاکسازی‌و گۆڕانکاری گەورەی لەھەموو ئەوروپادا بەدوای خۆیدا ھێنا. کە فەیلەسوفەکانی شۆرشی فەرەنسیش ئەگەر دەست پێشخەریەکانی مارتین لۆسەر نەبوایە تیئۆرەی شۆڕش‌و دەوڵەت‌و حوکمداریان بۆ دانەدەڕێژرا.

لەنمونەی ئەو پیاوە گۆڕانخوازە تاک‌و تەنیاوە کە مارتین لۆسەرەو ھەموو ئەوروپای گۆڕی، تێدەگەین مەرج نیە ھەموومان کلیلی دەرگای بەربەستمان پێ بێت. ھەندێک جار کلیلەکە دەکەوێتە لای تاکە کەسێک، بەمەرجێک ئەو تاکە کەسە خۆی عەقڵی کردنەوەی دەرگاکەی ھەبێت.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 293‌
8/6/2018 6:11:46 PM
زیاتر...