وتار

كێ وه‌ڵامی گومانه‌كانی سه‌ر ڕوداوه‌كه‌ی هۆقه‌باز ده‌داته‌وه‌ ؟

سۆران عومه‌ر

بڵاوبونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدۆیی گوایه‌ ریستورانی هۆقه‌بازه‌ له‌ ئه‌كاونتی تویته‌ری ئارانسی فورات نیوزی په‌كه‌كه‌، پاشان بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌لایه‌ن ئه‌و ئاژانسه‌وه‌ به‌وه‌ی ئه‌و ئه‌كاونته‌یان هاك كراوه‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی ڕوداوه‌كه‌ی 17ی ئه‌م مانگه‌ی هه‌ولێری تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ گومانی زیاتر دروست ده‌كات! چونكه‌ پێشتر میدیای توركیا گرته‌یه‌كی دیكه‌یان بڵاوكرده‌وه‌!

له‌سه‌ره‌تای ئه‌م ڕوداوه‌دا ناوی مه‌تین دلۆڤان بارزانی هێنراو ده‌ركه‌وت ناوبراو له‌و ریستۆرانته‌ بووه‌!
پاشان وترا جێگری قونسوڵی توركیا كورژراوه‌، دوو هاوڵاتی هه‌رێمی به‌ركه‌وتوون و كوژراون.

ئه‌لمۆنیته‌ر له‌ڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكرد ئه‌و توركه‌ی كوژراوه‌ جێگری قونسوڵ نیه‌، به‌ڵكو له‌هه‌واڵگری توركیایه‌و بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو له‌هه‌رێم بووه‌! 
دوو هاوڵاتیه‌كه‌ یه‌كێكیان پاسه‌وان و ئامۆزای ئازاد جوندیانیه‌، ئه‌ویتریان هاورێیه‌تی و له‌سۆرانه‌وه‌ بۆ جه‌واز چونه‌ته‌ هه‌ولێر!

دژه‌ تیرۆری هه‌ولێر وێنه‌ی دوو به‌شداربووی كرده‌وه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌و دواتر ڕایگه‌یاند ده‌ستگیركری كردون! گوایه‌ یه‌كێكیان برای په‌رله‌مانتارێكی هه‌ده‌په‌یه‌!
میدیای توركیا وێنه‌ی دوو ئۆتۆمبیلی مه‌ده‌نی هه‌رێمی بڵاوكرده‌وه‌ گوایه‌ به‌ بۆردومانی فڕۆكه‌ پلان داڕێژه‌رانی كرده‌وه‌كه‌ی هه‌ولێریان كوشتووه‌ ! 
هه‌مان كات باهۆز ئارداڵ به‌رپرسی سه‌ربازی په‌كه‌كه‌ ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی كوژراوه‌ له‌ریستۆرانته‌كه‌ی هه‌ولێر به‌رپرسی هه‌موو ئۆپه‌راسیۆنه‌ هه‌واڵگریه‌كانی دژ به‌ په‌كه‌كه‌ بووه‌ له‌باشور و به‌كرده‌وه‌یه‌كی پیرۆز ناوی دێنێ ڕه‌دیشی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان بن به‌لام پێی دڵخۆشن و ده‌ست خۆشی له‌ئه‌نجامده‌رانی ده‌كه‌ن!

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ په‌كه‌كه‌ دانپیانانی چه‌ند گه‌ریلایه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستگیری كردون گوایه‌ سیخۆڕیان بۆ هه‌واڵگری توركیا كردووه‌، وه‌ك چۆن پێشتر كه‌سێكیان له‌نزیك دوكان ڕفاند به‌رپرسێكی بالای هه‌واڵگری توركیا بوو بۆ داڕشتنی پلانی كوشتنی سه‌ركرده‌یه‌كی په‌كه‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی چه‌ند كه‌سێكی ناو په‌كه‌كه‌وه‌ له‌سلێمانی بوو!
دوای تیرۆركردنی دیار غه‌ریب په‌كه‌كه‌ به‌ئاشكرا هه‌ڕه‌شه‌ی كرد و وتی ده‌زانین كێ زانیاری هه‌واڵگری داوه‌و بۆته‌ هۆی تیرۆری دیار غه‌ریب بۆیه‌ تۆڵه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ دواتر كه‌س گله‌یی نه‌كات!

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ئه‌و ده‌یان كامێره‌ی ناو ریستۆرانت و ده‌ره‌وه‌ی ریستۆرانت لای ده‌زگای ئه‌منی هه‌ولێر، به‌ڵام پاش 10 ڕۆژ له‌و ڕوداوه‌ ڕێگه‌ی هێشتۆته‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو گومان و لێكدانه‌وه‌و قسه‌له‌سه‌ر كردنه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕای گشتی دڵنیا بكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی چییه‌ ئه‌مه‌ی ڕویداوه‌؟ 

كێ به‌رپرسه‌ له‌وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ده‌یان پرسیارو ناڕونی و گومان له‌سه‌ر ئه‌و ڕوداوه‌؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌زگای ئه‌منی كه‌له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌زگای تاك لایه‌نه‌ی حزبین و پێشتر متمانه‌ی خه‌ڵك لاوازه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و ڕوداوانه‌ی كه‌ ڕه‌هه‌ندی سیاسی و هه‌رێمی له‌پشته‌، كاتی خۆی ڕوداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌م كه‌ناڵی ڕوداو وایكرد گومان زیاتر بكه‌وێته‌ سه‌ریان.

له‌م كه‌یسه‌دا پێوسیته‌ به‌زویی ڕای گشتی دڵنیا بكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی ڕویداوه‌ چونكه‌ تا كات بڕوا گومانه‌كان زیاتر ده‌بن له‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 157‌
7/27/2019 3:07:21 PM
زیاتر...