وتار

خشەخشی رێککەوتن

رێبوار کەریم

لەماوەی ساڵانی رابردوودا، ھەرێم و بەغدا، بەھۆی سیاسەتی ھەڵەی دوولایەنەوە، لەیەکتر دابڕان. گرژی لەجیاتی لێکنزیکی، سیمای پەیوەندییەکانی ھەردوولا بوو. زەرەرمەندی یەکەم لەو لێکدابڕانە ھاوڵاتیییانی ھەرێمی کوردستان بوون. تاوانبارکردنی لایەنێک بۆ ئەویتر ببوە جەدەلێکی نەبڕاوە.

ماوەیەکە لەنێوان ھەرێم و بەغدا گفتوگۆیەکی ھێمن و بێدەنگ بەڕێوەدەچێت. ئامانج لێی رازیبوونی ھەرێمە بە تەسلیمکردنی بڕێک نەوت بە بەغداو فرۆشتنی لەڕێی سۆمۆوە. جیاوازی بیرکردنەوەی ھەردوولا لەسەر ئەم دووخاڵەیە:

یەکەم: ئەو بڕە نەوتەی کە ھەرێم دەبێ بیدات بە بەغدا چەند بێت؟ ھەرچەندە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی (۲٠۱۹) بڕی (۲٥٠٠٠٠) دووسەدوپەنجا ھەزار بەرمیلی رۆژانەی دیاریکردوە، بەڵام ئێستا ھەرێم لەھەوڵدایە ئەو رێژەیە کەمبکاتەوە بۆ (۱٥٠٠٠٠) سەد و پەنجا ھەزار بەرمیلی رۆژانە یان کەمتر.

دووەم: لە چ کاتێکەوە تەسلیمکردنی ئەو بڕە نەوتە ھەژمار بکرێت؟

رێگای یەکەم ئەوەیە ئایا بەپێی یاسای بودجە لە سەرەتای (۲٠۱۹)وەو بە (اثر رجعي) حساب بکرێت؟ لەم حاڵەتەدا پێویستە ھەرێم قەرەبووی ئەو بڕە نەوتە بکاتەوە کە پێویستە لەکۆی مانگەکانی پێشوی ساڵی (۲٠۱۹) بینێرێت. ئەوەش بۆ ھەرێم زەحمەتە.

رێگای دووەم ئەوەیە لەوکاتەی کە رێککەوتن دەکرێت بڕەنەوتی دیاریکراو بنێرێت. ئەمەیان ئاسانترە و فشاری کوتلە سیاسییەکان لەسەر حکومەتی عێراق کەمدەکاتەوە.

رێگای سێیەمیش ئەوەیە کە لە ساڵی تازەی (۲٠۲٠)و بەپێی رێکەوتنێکی نوێ بڕێک نەوت تەسلیمی بەغدا بکات. ئەمەیان لەسادەترین مانادا بریتیە لە بێبەشبونی ھەرێم لە بودجەی خۆی بۆ ساڵی (۲٠۱۹) جگە لە موچە.

ھەرچۆنێک بێت، گرنگە ھەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوتی رێکبکەون. چونکە ئەو ھەنگاوە دەبێتە ھۆی دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی ھەرێم.

ئەگەر ھەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر ھەر یەکێک لەو رێگایانە بۆ چارەسەری دۆسیەی نەوت رێکبکەوێت، مافی ئەوەی نیە ھیچ منەتێک بەسەر خەڵکی ھەرێمدا بکات. چونکە لانی کەم دوو ئەوەندەی داھاتی ئەو بڕە نەوتەی دەیەوێت تەسلیمی بکات ھێشتا بەدەستی ھەرێمەوە دەمێنێت و لەگەڵ داھاتی گومرگەکان و ناوخۆ دەتوانێ داھاتێکی باشی پێدابین بکات بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری، بەڵام نابێ دۆسیەی نەوت و دۆسیەی داھاتی ناوخۆ لەوە زیاتر بە ناشەفافی بمێنێتەوە.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 165‌
7/3/2019 7:08:04 PM
زیاتر...