وتار

راپەڕینی دەوڵەمەندبوون

محەمەد نوری

هەموو سەرمایەدارێك ناتوانێت بەس گەشەبكات‌و ژمارەی بانكی زیادبكات،  لەبەرامبەردا هیچ لێپچینەوە‌و چاودێریكردنێك نەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەی داهاتەكەی.  لەپاڵ ئەوەشدا  كاتێك بنمیچی  داهاتی سەرمایەدارێك دەگاتە دۆخی نائاسایی دەبێت وردتر لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت،  دەبێت بزانرێت كە چۆن‌و بۆچی سەرفیدەكات؟ئەمە لێرەنا لەوڵاتێك كە یاسا یەكەم خاڵی ژیانبێت  ئەم ریسایە جێ بەجێدەكرێت،  لەوڵاتێك كەس لەخۆیەوە هەڵنەتقویت وكەس لەپڕدا نەبێت بەكوڕێكی هەبوو.  

لێرە تابلۆكە بەتەواوی  پێچەوانە بووەتەوە،  ئاسانە دەوڵەمەندبوون (بێ ئەوەی بزانرێت چۆن؟)ئاسانە بوون بە خاوەن هەمووشتێك (بێ ئەوەی بزانرێت بۆ؟)ئاسانیشە لەچاوتروكانێكدا ببیتە ناوێك لەدونیای سەرمایەداریی(بێ ئەوەی بزانرێت چۆن دەستتكەوتوە) بەواتایەك وەك  فالح عەبدولجەبار گەورە كۆمەڵناسی عێراقی  نووسیووێتی: رێگاكانی دەوڵەمەندبوون لەم جۆرە وڵاتانەدا ئاسانە، لەبەرئەوەی  دەوڵەمەندبوون لەسەربنەمای ببڕە وبسەنە دروستبوە. هەمان  بۆچوون لەسەر واقعی كوردی دوبارە دەبێتەوە. هەڵتوقینی لەپڕو گیرفان پڕبوونی خێرا خەسڵەتێكی زۆر دیارە لەناو دونیای ئێمەدا بەتایبەتیش لەدوای راپەڕین سنورەكانی هەمووهێڵێكی سورپچڕاو هیچ  چاودێرییەك نەماوە بۆئەوەی سنوربۆپڕبوونی خێرای قاسەكان دابنێت. 



ئاسانە دەوڵەمەندبوون، ئاسانە بوون بە خاوەن هەمووشتێك، ئاسانیشە لەچاوتروكانێكدا ببیتە ناوێك لەدونیای سەرمایەداریی(بەبێ ئەوەی بزانرێت چۆن‌و لەچی بوویت بەوەی ئێستا)

كەسانێك هەبوون شا خ وگرد‌و دۆڵیان فرۆشت بێ ئەوەی كەسێك بڵێت شاخ چۆن دەفروشرێت ؟ دۆڵ چۆن داگیردەكرێت ؟دونیای دوای راپەرینمان دونیای روتاندنەوە ی ئەخلاقی بازاڕ ونەمانی هیچ پێوەرێك بۆ گەشەسەندنی ئاسایی بوو،  دونیایەك لە قومارخانەیەك دەچێت،  تاكە ریسا تێیدا بردنەوەیە‌و بەس.  جاگرنگ نییە چۆن دەیبەیتەوە وچی دەبەیتەوە،  گرنگ ئەوەیە كە دەستبتاڵ نەیتە دەرەوە. 

هەموو چیرۆكاكانی  دەوڵەمەندبونی دوای راپەرین هەمان هەناسە‌و هەمان رێگای مرۆڤی قومارچی هەیە،  هیچ نابینێت تەنها بردنەوە وبەس،  ناشیەوێت هیچ سودێكی هەبێت ئەو تەنها دەیەوێت ژمارەی بانكی خۆی لەسەر روتكردنەوەی بەرامبەرەكان زیادبكات. ئەركی لێپچینەوە لێرەوە دەستپێدەكات،  ئێتر كاتی هاتوە حكومەت مەرجی قورس‌و پرۆژەی قورس بدات بەسەرئەو سەرمایەدارانەی كە داهاتیان فڕیوە بۆ كەشكەلانی فەلەك، ناكرێت بەزۆر شەقامەكانیان پێ چاكنەكرێتەوە،  ناكرێت كۆمپانیاكان پارەی خەیاڵیان دەستبكەوێت بەڵام مەرجێك نەبێت لەبەرامبەر زیادبونی داهاتیان،  ناكرێت ئەوان هەردەسكەوتیان هەبێت‌و بێ باك تەماشای داڕزینی هەموو كایەكان بكەن. ئەوان دەوڵەمەنددەبن وقوتابخانە حكومییەكان خراپتردەبن،  ئەوان پڕتر‌و خەڵك هەژارتر، ئەوان قاسەیان سیخناخ بووە،  گەنجیش بێكار وجاڕس بوە.ئەگەر چاودیرییەكی ورد‌و توندهەبێت دەبێت هەموو زەبەلاحە پارەداركان مەرج لەسەر كاریان دابنرێت،  ئاسانە كۆمپانیا زلەكان مانگانە موچەی رەمزی (ئەوەی دەوترێت سوشیال) بۆ گەنجە دەرچووەكان ببڕێتەوە تا دەستیان لەكارێك گیردەبێت،  یان دەتوانرێت كۆمەڵێ پرۆژەی خزمەتگوزاریی وەك شەقام‌و چاكردنی ئاو وئاوەڕۆ‌و هاتوچۆیی گشتی جێ بەجی بكەن..ئینجا یەكسەر رەنگە ئەوەبوترێت كە زۆربەی كەتەكانی دونیای پارەداری ئێمە  سێبەری بەرپرسەكانن،  گریمان وایە (كە بەڵێ وایە)بەڵام خۆ ئەم زەبەلاحانە ئێستا وەك خاوەنی یەكەمی كارەكە  مامەڵەدەكەن،  بۆیە دەكرێت بەرامبەریان ئەم هەڵوێستە بنوێنرێت،  ئەوان لەسایەی راپەڕینەوە بوون بە هەبوو،  چی دەبێت بەشێك لەداهاتیان بدەنەوە بەنەوەی راپەڕین

ئەوكاتەی هەموو قسەدەكەن،  بێ دەنگییەك پێویستە

لەدونیای ئێمەدا هەموو قسەدەكەن،  هەموان  بوونەتە قسەكەر،  بەناوی خوداوە قسەدەكرێت،  بەناوی گەلەوە،  بەناوی سەركردەی مردووە،  بەناوی داروبەردەوە قسەدەكرێت. دونیای ئێمە پڕبوە لە قسەكەر،  پڕبوە لە فەیلەسوفی روداو شیكرەوەی هەموو جوڵەكان ”دونیای ئێمە پڕبوە لە رۆژنامەنوسی بەتاڵ‌و نوسەری بێ كتێب‌و شاعێری گاڵتەجاڕ بەشیعر.  پڕبوە لە مەلای درۆزن‌و سەركردەی فشەكەر‌و بەرپرسی دز‌و پیاوكوژی دەم بەخەندە. دونیای ئێمە پڕە لەو چیرۆكنووسانەی نازانن فلۆبێر وستاندال كێیە ؟ پڕبوە لەو شاعیرانەی نازانن  ئەلیوت وسەڵاح عەبدولسەبور چ كارەن،  پڕە لە شیكەرەوەی سیاسیی نازانن پەنەما دەكەوێتە كوێ جیهانە،  پڕن لە واعز‌و قسەكەربەناوی خودا بێ ئەوەی شەدە لە فەتحە لە قورئان جیابكەنەوە،  پڕە لە رۆژنامەنوس بێ ئەوەی بزانن بۆ كاری میدیایی دەكەن.دونیای  ئێمە ئێستا دونیای پڕ فشە‌و پڕ درۆ‌و پڕ خەیاڵی پووچە. دونیای ئێمە دونیای بێ فەڕ وبێ مانا‌و بێ پێگەیە.


لەدونیای ئێمەدا هەموو قسەدەكەن،  هەموان  بوونەتە قسەكەر،  بەناوی خوداوە قسەدەكرێت،  بەناوی گەلەوە،  بەناوی سەركردەی مردووە،  بەناوی داروبەردەوە قسەدەكرێت. دونیای ئێمە پڕبوە لە قسەكەر

دونیای ئێمە دونیای گاڵتەكردنە بە عەقڵ‌و پایەداركردنی نەزانەكانە، دونیای رەشكردنی سپی‌و سپیكردنی رەشە،  دونیای بێ بەهابونی كتێب‌و نوسینە،  دونیای پڕ ناكانە(نا ئەخلاق‌و نادادیی ونا پەروەردەیی ونایەكسانی ونا ژیانییە ونا داهاتووییە) بەڵام با پێچەوانە بینەوە،  دونیامان پڕە لە بێ حورمەتەكانی  سیاسەت  وبازرگانی،  پڕە لە دۆڕاوكانی ژیان‌و قومارچییەكانی داهاتوو، پڕە لە پاڵەوانە كاغەزییەكان‌و سەركردە بودەڵەكان، دونیای دوای راپەڕین دونیای دۆڕاو‌و بی تەربێت‌و بێ ئەخلاقەكانی ژیانە،  دونیای شكست‌و دۆڕان ودزییە،  دوای راپەڕین دونیای ئێمە دونیای هەموو بێ ماناییەكە، ئەوەی مانای هەبێت دزیی‌و خیانەت ونەزانیییە.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 165‌
7/2/2019 3:26:17 PM
زیاتر...