وتار

دیسانه‌وه‌ نه‌وت و موچه‌

د.بەختیار شاوەیس

لەم ھەفتەیە جارێکی تر مشتومڕ و باس وخواستەکانی تایبەت بە ناردنی نەوتی ھەرێم و مووچەی فەرمانبەران کە یەکەمیان بۆ بەغداد ودووەمیان بۆ ھەرێمی کوردستانە سەریھەڵدایەوەو لەمەشدا جگە لە دڵەڕاوکێ و دروستکردنەوەی گومان لەناو دڵی فەرمانبەران و ھاوڵاتیانی خێرلە خۆندیو و بڵاوکردنەوەی نائومێدی لەناوشەقام، ھەروەھا جۆرێک لەھات و ھاواری لەناو ئەنجومەنی نوێنەران لێکەوتەوە کە دواجار بە گەورەبونی ئەم ھات و ھاوارانە، ئەو پەیوەندیە جێگیرە دەکەوێتە مەترسیەوە کەلە نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێم و بەغداد دروستبوە وپێشتر ماوەیەکی زۆر بەھۆی ڕیفراندۆمەوە پەیوەندیەکان پچڕابون.

٭ نەوت لەسەرئاستی عیراق، جگە لە عیراق، لەھەموو وڵاتێکی تر نەوت سەرچاوەی خۆشگوزەرانی و ئاسودەگی و دابینکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆخەڵکەکەی، بەڵام لێرە ڕێک بە پێچەوانەوەیە.

بەدرێژایی ساڵانی بەر لە ۲۰۰۳ پارەی نەوت سەرچاوەی کڕینی چەکی کیمیایی و تۆپ و تەیارە بوو، پارەی نەوت جەنگی ھەشت ساڵەی عیراق- ئیران و جەنگی داگیرکاری کوەیتی دابینکردوەو دواجار ھەر نەوت خەڵکی عیراقی بەبێ جیاوازی پێقڕ دەکرا. 
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیشەوە دیسانەوە نەوت سەرچاوەی گەندەڵی گەورەو کوشتنی مەعنەوی ھاوڵاتیان و بڵاوبونەوەی ھەژاری و دەرەتانێکی ئێجگار گەورەیە، ئەگەرنا بەڕیشی کێ ڕەوایە دەوڵەتێک ھەموو ڕۆژێک بەنزیکی ٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەئاشکرا و بەبێ ئاشکرا دەرھێنێت و بفرۆشێت بەڵام ئاوی خواردنەوەی پاکی لەبەسرە  نەبێت و لەپلەی گەرمی سەروو ٥۰ پلەوە و نیوەی کەمتر لە کاتەکان کارەبای نەبێت ولەزۆربەی پارێزگاکانی ڕێژەی ھەژاری ٥۰٪ تێپەڕاندبێت؟؟

٭ نەوت لەسەرئاستی ھەرێم؛
لەدوای دەرھێنانی نەوتەوە، موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان توشی مەترسی و بڕین بوو، بەجۆرێک کەپێشتر شتی وانەبوە و تەنانەت لەساڵانی نەوەدەکان کە ئابڵوقەی ئابووری لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لەسەر ھەرێمی کوردستان بوو ، فەرمانبەران بەوشێوەیەی ئێستا تەنگەتاونەبوون و موچەکەیان نەکرا بەنیوە و سیستەمی پاشەکەوتی موچە بەکارنەھێنرا، ھەر ئەمەشە وایکردوە کە ئێستا ھاوڵاتی سادە دەپرسێت نەوتمان کڕیوە یان نەوتمان فرۆشتوە؟؟

کەواتە نەوت لەبەسرەوە بۆ زاخۆ لەبری ئەوەی ببێتە نیعمەت بوەتە نیقمەت، نەوت لەبری دابینکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی کراوەتە ھۆکاری ئاڵنگاری گەورەی بەردەم ئاشتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بەڵام لێرەدا دووخاڵی گەوھەری کە گرنگە تیشکی بخەینەسەر ئەوەیە کە:
۱-ھاوڵاتی کام خەتای کردوە، کاتێک باجی ململانێی سیاسی بدات و موچەکەی ببڕێت؟ لەدەستوردا کەی بڕینی موچەی ھاوڵاتی تیایە بەھەر بیانوویەک بێت؟؟
۲-ئەوانەی کە ماوەی چوار ساڵ موچەی ھاوڵاتییان بڕی بەناوی سزای حکومەتی ھەرێمەوە چیان دەستکەوت لە زیاتر قەڵەوکردنی سیاسیەکان و برسیکردنی زیاتری ھاوڵاتیان؟؟

ھەربۆیە حەق وایە ھاوڕێکانم لەنوێنەران بە پەرلەمانتارانی دەرەوەی ھەرێم و ناو ھەرێمی کوردستانەوە، ئەوەندەی بەدوای چارەسەر دەگەڕێین بەدوای کێشەو نانەوەی ئاژاوەو بێھیواکردنی زیاتری خەڵکی ھەژار نەگەڕێین. 

با لێیگەڕێین ئەو یاسایەی کەھەموان دەنگمان پێداوەو لەبڕگەی (ج) کەلای ھەندێک خراپترین بژاردەیە جێبەجێ ببێت و ببێتە دوادەرفەت بۆ حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عادل عەبدولمەھدی بۆئەوەی بەگفتوگۆ و سازان کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەگەر نا بە گرژی و ھەڕەشەو تێکدان کەسمان قازانج ناکەین و وڵات ھێندەی تر کاول دەکەین.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 174‌
6/20/2019 2:16:17 PM
زیاتر...