ئەنوەر حسێن (بازگر)
ئەنوەر حسێن
18 فێبریورەی 2019 هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان پارتی خۆی لە ڕێککەوتنی پرۆژەکەی یەکێتی دزییەوە و لە جیاتی ئەوە لەگەڵ گۆڕان ڕێککەوتنی واژۆ کرد.
یەکەم: پرۆژەکەی یەکێتی کە لە حەڤدە خاڵ و چەند بڕگەیەک پێکدێت، پارتی ناچار دەکرد، پابەند بێت بە چاکسازی و ملدان بۆ دیموکراسی و پلۆڕالیزمی زۆرتر، بۆیە پارتی ئامادە نەبوو بچێتە ژێر ئەو داوایەوە کە لە داهاتوودا پێی جێبەجێ ناکرێت لە بابەتی:
خاڵی شەش دەڵێت «……. لە خولی پێنجەمدا، دەستووری هەرێم تەواو بکرێت»، لە خاڵی نۆیەمدا دەڵێت «….. هەردوولا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە ڕێگەی حکومەتەوە دەبێت، داوای چارەسەری ئاشتی و کێشەی کورد دەکەن لەو پارچانەی کوردستان».
لە خاڵی پانزەیەم دەڵێت «فەرمانگە پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕێکبخرێتەوە بە یاسا و پلەکەی دەبێت وەزیر بێت».
لە خاڵی شانزەیەم بڕگەی (پ) دەڵێت «پارێزگاری کورد لە کەرکوک (بۆ یەکێتی) دەبێت پێش دانیشتنی پەرلەمان، هەروەها کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە 2019دا».
لە خاڵی (17)دا دەڵێت «… ئەم یاسایانە هەموار بکرێتەوە:
أ- «یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی 1992».
ب- «فرە بازنەیی هەڵبژاردن و گۆڕینی لیستی هەڵبژاردن کە لیستی داخراوە».
ج- «چاککردنی سیستمی کۆتا».
ئەمانە ئەو خاڵە گرنگانەن، کە پارتی نەیتوانی ئیمزایان لەسەر بکات، چونکە بە ئیمزاکردنیان هەرگیز ئەزموونی کابینەی پێشوو دووبارە نابێتەوە، کە هەموو جومگە گرنگەکانی بە دەستەوە بوو.
سەرەڕای ئەوەی ئیمزاکردنی ئەم ڕێککەوتنە پارادۆکسە لەگەڵ ئەو بانگەشەیەی کە پارتی دەیکرد، سەبارەت بە کەرکوک تووشی ئیحراجی دەکرد و لەوانەش گرنگتر پارتی زۆر نیگەرانە لەوەی کە باس لە دە کورسی کۆتاکان دەکرێت، کە پارسەنگی دەنگدانی ناو پەرلەمان ڕاستدەکەنەوە.
دووەم: پارتی هێشتا لە گرێ ی سەرۆکۆمار و (قسە شکاندن) ڕزگاری نەبووە و وەکو کێشەیەکی گەورە سەیری دەکات.
ڕەنگە هەر ئەمەش یەکێتی سورتر کردبێت لەسەر ئەوەی کە پارتی دەڵێت «بەبێ (بەغدا و کەرکوک)، (هەولێر) پاکێجێکە و ئەمەش لە پرۆژەی یەکێتیدا جێگەی نابێتەوە و دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک ئەم دێڕەیان ڕاگەیاندووە:
«ڕێککەوتنی سیاسی و ئیمزاکردنی، یەک پاکێجی بەغداد، کەرکوک و هەولێر، سەری دێر و بێ هیچ گفتوگۆیەک».
سێیەم: ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ گۆڕان وەکو ئەڵتەرناتیڤ نیشانی یەکێتی دەدات، کە دوبارەبوونەوەی مێژووە بەشێوەیەکی کۆمیدی وەکو مارکس دەڵێت، ئەوەش سیناریۆیەکی دۆڕاوی گۆڕانە کە لە هەڵبژاردنی پێشووش کردی، بەڵام سەرئەنجام پارتی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی لە هەولێر دەرکرد.
پارتی باش دەزانێت گۆڕان نابێتە شەریک و هاوبەشی، بەڵام بەکارهێنانی لەم هەلوومەرجەدا خراپ نییە، بەڵام خەڵکی کوردستان هێندەش بێ ئاگا نین ئەو چەواشەکارییانەی گۆڕان و هەڵوێستە پۆپۆلیستییەکانیان بیرچوو بێتەوە، کە دژی پارتی و حکومەت دەیانکرد و ئێستاش وازیان لە ڕابردووی خۆیان هێناوە، لە ئەگەری بەشدارینەکردنی یەکێتیش لە حکومەت، گۆڕان ناچارە شوێن و پێگەی جوگرافیشی بگۆڕێت.
چوارەم: لەسەروبەندی ئەم ڕوواداوانەدا مەسرور بارزانی بە بیانووی کۆنگرەی میونشن کوردستان جێدەهێڵێت و نێچیرڤان بارزانیش وەکو ناڕەزایەتیکردنی جوڵە و هەوڵەکانی پارتی ئامادە نەبوو سەرۆکایەتی ئەو وەفدانە بکات و ئیمزای ڕێککەوتن لەگەڵ گۆڕان بکات، چونکە نێچپرڤان بارزانی پێشتر وتبووی «پێکهاتنی حکومەت بەبێ یەکێتی هەڵەیەکی گەورەیە، گەر پارتی دەستی بۆ بەرێت، چ لە بواری سیاسی چ لە بواری ئابووریدا… «.
ئێستا یەکێتی پێیوایە کات ماوە بۆ چارەسەر، بە تایبەتی کە ئەمەریکییەکان، ئێرانییەکان و تورکەکان و تەنانەت عێراقییەکانیش داوایان لە یەکێتی کردووە، زیاتر دان بە خۆدا بگرێت و هەر بڕیار و کاردانەوەیەکی هەیە پەلەی تێدانەکات و یەکێتیش چ بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕێزگرتن لە هەوڵەکانی ئەو وڵاتانە هیچ کاردانەوەیەکی نەنواندوە و تەنانەت هێندە بەرپرسیارانە مامەڵەی کردووە، کە بە ڕاگەیاندنەکانی خۆی وتوە نابێت هیچ وەڵامێکی توند بدەنەوە کە دەبێتە مایەی ئاڵۆزی بارودۆخەکە.
جیا لەوانەش یەکێتی ئەوە دەزانێت لەناو پارتیدا کەسانی دڵسۆز هەن کە لەگەڵ ئەو بارودۆخە نین و زۆریشیان هەوڵداوە پارتی ئەوکارە نەکات و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی ئیمزا بکات، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە یەکێتی ڕێز لەم کارەکتەرانەی ناو پارتیش دەگرێت.
هێشتا کات ماوە بۆ ملدانی پارتی بە داواکانی یەکێتی و ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی پرۆژەکەی یەکێتی، خۆ گەر پارتی ڕێککنەکەوێت، ئەوە پارتییە، یەکێتی ناچار دەکات بە پلانی (B) کە حازر و ئامادەیە، بە هەمان شێوەی ئەو پرۆژەیەی یەکێتی لەگەڵ پارتی لە پلانی (A)دا کە حازر و ئامادەیە