وتار

قۆناغی پۆست نێچیرڤان بارزانی... ململانێی باڵی بازەکان

ئەنوەر حسێن (بازگر)

پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت، لە بەردەم چەند ئاریشە، گرفت و تێڕوانین و ململانێی جیاوازدایە کە پەیوەندی بە (پارتی و یەکێتی)یەوە هەیە بە پلەی یەکەم، دواتر گۆڕان و کۆمەڵ و هێزەکانی تر، بە تایبەتی دوای ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆکی حکومەت و قەیرانی سەرۆککۆمار و کەیسی کەرکوک و کاراکردنەوەی سەرۆکی هەرێم، بۆیە هەرکام لە هێزەکان تێڕوانین و گرفتی خۆیان هەیە:

یەکەم: پارتی پێنج گرفت و تێڕوانینی سەرەکی هەیە بۆ پێکهاتنی حکومەت:

یەکەم: پارتی کە خۆی یەکلا کردووه‌تەوە، کە کێ سەرۆکی حکومەت دەبێت، لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، کە زۆرتر فۆکەس لەسەر کارەکتەری دووهەم بوو، ئەم ئاڵوگۆڕەش ڕەنگە کاردانەوەی جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت، بە تایبەتی کە ڕۆژی 3/12/2018 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دا، پێ دەچێت کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی پێکهاتن و داهاتووی کابینەکە هەبێت، کە دیوێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە یەکێتییەوە هەیە، ئەگەرچی ئاماژەکانی پێشتر دیار بوون کە نێچیرڤان بارزانی بێزار بووە لە حکومەت و دوور دەکەوێتەوە و مەسرور بارزانی ئەو پۆستە دەبات، ئەوەی پەیوەندیی بە پارتییەوە هەبوو، پار ساڵ ئاڵوگۆڕ لە ڕێکخستنەکان و لقەکان کرا بە کۆنتڕۆڵکردنی لقەکانی هەڵەبجە و سۆران– 21، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لە کۆی (45) کاندید (43) کاندیدیان سەر بە مەسرور بارزانیین، واتا پێشتر زەمینەی کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمانی بۆ ساز کرابوو، کە هیچ ڕێگرییەک لە بەردەم سەرۆکی حکومەت نەبێت، ئێستا کە ئیتر هەریەکە لە ئاشتی هەورامی و کەریم سنجاری وەکو دوو پۆستی ئابووری و ئەمنی دوور دەخرێنەوە، هێندەی تر ڕوون دەبێتەوە کە دژایەتیی نێچیرڤان بارزانی دەکرێت، بە تایبەتی کە پێ دەچێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیش بخرێتە سەر حکومەت.

ئەوەش کە پەیوەندی بە دەرەوەی پارتییەوە هەیە، لەم ئاڵوگۆڕانەدا ئەوەیە، کە دوای ڕووداوەکانی ڕیفراندۆم دوو کارەکتەری ئەمنی سەرەکی لەناوچەی سەوز دەرکەوتن کە پارتی ئاسودە نییە لەگەڵیان (باڤێڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی)ین، بۆیە پێ دەچێت پارتی مەبەستی بێت مەسجێک بداتە یەکێتیی، کە ئێمەش لە بەرامبەر باڵی بازەکانی ئێوە، باڵی بازەکانی پارتی دێینە پێشەوە، بۆیە گەر یەکێتیی ئەم نەخشەیەی بۆ پابت بوو، واباشە بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر بکاتەوە لە حکومەت، بەمەش هاوکێشەکە ڕاست دەبێتەوە، بەڵام ڕەهەندێکی تری ئەم ئاڵوگۆڕانەی پارتی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ململانێی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانییەوە هەیە و لەناو حزبەکەشدا مەیلێک هەیە بۆ پشتیوانی لەم ئاڵوگۆڕانە بە قازانجی مەسرور بارزانی، بەڵام واقیعییەتێک هەیە ئەوەیە کە نەیارەکانی پارتی نابێت وابزانن ئەم ململانێیی ئامۆزاکان لەم دەورەیەدا دەبێتە کێشە و گرفتی گەورەی ئینشقاق، بەڵکو ئەم ئەگەرە تەنها لە غیابی بارزانییدا شیمانەی هەیە و تا چەند ئاڵوگۆڕی تر کێشەکان بە ساردی دەچنە پێش، ئەگەرچی بارزانی دەیەوێت ئەزموون لە مردنی خوالێخۆشبوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا وەربگرێت، کە پێش مردنی خۆی (هیوادارم تەمەن درێژ بێت) کەسێک بۆ شوێنی خۆی دابنێت، ئەگەرچی لە ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی واناسرا بوو کە کارەکتەرێکی نەرم و نیان و خۆگونجێنە و کارکردن لەگەڵیدا ئاسانە، لە کاتێکدا مەسرور بارزانی توند و ئەمنییە و کارکردن لەگەڵیدا پڕیەتی لە گرێ و گۆڵ، بەڵام پێ دەچێت ئەم کارەکتەرە تازەیەش، گەر تاکتیکیش بێت وا مامەڵە بکات و بگرە نەرمتر بێت بۆ جێ پێ قایمکردنی خۆی و سەرکەوتنی لەو پۆستەدا و ئەزموون لە هەڵەکانی محەمەد بن سەلمانی سعودیش وەربگرێت کە توندڕەوییەکەی گەیاندی بە کوێ، بە تایبەتی لە کەیسی خاشقچیدا، بۆیە ڕەنگە هەوڵبدات ئیدارەی کێشەکان بکات لەگەڵ یەکێتیی، سازش لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش بکات و پارەی نەوتیش بەکاربێنێت بۆ خزمەتی ئەجێنداکەی و دووریش نییە کەیسی ئاشتی هەورامی و نەوت بهوروژێنێت و ڕابردووی ئەم کەیسە تەموومژاوییە لە ملی خۆی دابماڵێت، لە ئێستاشەوە لەگەڵ عێراق ڕێککەوتون کە نەوتی هەرێم ڕادەست بکەن و پاشەکەوتی موچە چاک بکات و دوور نییە قەرزی فەرمانبەرانیش بداتەوە، وا بڕیارە لەگەڵ پێکهاتنی حکومەتی هەرێم (وەزارەتێک دابمەزرێنێت بۆ پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا کە پارتی دەبێت) ئەمەش بە دوو نیاز:

یەکەم: بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی پارتی یان هەرێم و بەغداد کە سەرەتاکانی دەرکەوتووە و پارتی بەڵێنی داوە کە هەموو کێشەکان لەگەڵ عێراق چارەسەر دەکات.

دووەم: بۆ فەرامۆشکردنی سەرۆککۆمار و مامەڵەنەکردنە لەگەڵیدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، واتا ئەم وەزارەتە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە واتایەکی تر پەیوەندییەکانی (مەسرور بارزانی – عادل عەبدولمەهدی) ڕێکدەخات، سەرەڕای ئەوەی پارتی بڕیاریداوە پشت لە واشنتۆن و ڕوو لە تاران بکات و دانیشتنە زۆرەکانی ئەم دواییەی مەسعود بارزانی و قاسم سولەیمانی ئاماژەیە بۆ تەندروستکردنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی و هەرێم لەگەڵ عێراق و ئێران.

واتا دانانی مەسرور بارزانی ناکرێت وەکو ئاڵوگۆڕێکی سادە یان ئاڵوگۆڕێکی دیموکراسی سەیر بکرێت، بەڵکو دەکرێت ڕەهەند و باکگراوەندی زۆر بە دوای خۆییدا بهێنێت، کە هیواخوازین باشتر بێت لەو بۆچوونە نێگەتیڤانەی کە چاوەڕوانی کێشە و گرفت و ململانێی سەخت و حکومەتی ئەمنی دەکەن، ئەگەرچی بۆچوونێک دروستبووە، کە زۆرتر پارتی بانگەشەی بۆ دەکات کە ئەم ئاڵوگۆڕانە لادانی نێچیرڤان و بەهێزکردنی مەسرورە، بەڵام لە واقیعدا نێچیرڤان بارزانی بە خواستی خۆی لە حکومەت دوور کەوتۆتەوە، بە هۆکاری ڕێگریکردن و گرفت دروستکردن، نەچوونە پێشی بەرنامەکانی و دەخالەتکردن لە ئەجێنداکەی، گوێ نەگرتن لە ڕاو نەزەر و بۆچوونەکانی لە پەیوەست بە پەیوەندی پارتی و یەکێتیی بە تایبەتی بۆ دەست هەڵگرتن لە ململانێی و چارەسەری کێشەکان، پەیوەندی پارتی بە حزبەکانی تر، پەیوەندی حکومەت و پارتی لەگەڵ ئەنکەرە و تاران و بەغدا، کە زۆرجار تێڕوانینی نێچیرڤان دبلۆماسی و مەنتقی بووە بۆ حەل و چارەسەری کێشەکان، نەک ئەو مامەڵەیەی دەکرا و گوتاری توند و ڕادیکاڵ و هێرشکردن لە پەیوەست بە عێراقەوە، نێچیرڤان ئەگەرچی زۆرجار لە پرێس کۆنفرانسەکاندا هێرشی دەکردە سەر عێراق و حکومەتی عەبادی، بەڵام لە واقیعدا هەمیشە لەگەڵ مامەڵە و دیالۆگ و گوتاری ئارام بووە و زۆرتر فشاری پارتی لەسەر بووە و تەنانەت لە پرسی ڕیفراندۆمدا ئەو بۆچوونێکی تەواو جیاوازی هەبوو لە پارتی، بەڵام دژایەتی ڕانەگەیاند لەگەڵ پرسەکەدا، وەکو چۆن یەکێتیی پێی باش نەبوو، بەڵام لەگەڵ ڕەوتەکە ڕۆیشت و دژ نەبوو، لە سەرووی ئەوانەوە نێچیرڤان بە دەوڵەتمەدار ناسراوە و پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی حزبەکان ئارام و دۆستانە بووە و دبلۆماسییانە مامەڵەی تەندروستی کردووە و وەکو دەڵێن دەست ئاوەڵا و میهرەبان بووە لە هاوکاری حزبەکان و وەزیرەکان لە دوایین کۆبوونەوەی باڵای بارزانییەکان، نێچیرڤان هەموو ئەو گلەییانەی بە بارزانی و مەسرور بارزانی وتووە.

ئەوەش ڕوونە کە حکومەت ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە سەردەمێکدا بوون کە توشی قەیرانێکی گەورەی ئابووری بووە و لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی باشی نا، لە کاتێکدا لە ئاستی ناوخۆ (گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ) بە ڕۆژ لەگەڵ حکومەت و شەویش ئۆپۆزسیۆن و جوێن بارانیان دەکردن، لەگەڵ عێراق کێشە و ئاریشەی زۆری هەبوو.

دواجار دەبێت ئەوەش بزانین کە حکومەت گەر دەستکەوتی هەبوو بێت زۆرجار حزب بردوویەتی بۆ خۆی و شکستەکانیشی خستۆتە ئەستۆی حکومەت و دامەزراوەکانی، کەم جاریش هەر لەلایەن حزبەکەی خۆیەوە لەلایەن لق و ناوچەوە کێشە و گرفتی کەمی بۆ دروست نەکراوە.

واتا ئاڵوگۆڕی نێچیرڤان بە پێچەوانەوە ئەو تەفسیرەی بۆ دەکرێت، وازهێنانی خۆی بووە و بە ڕەغبەتی خۆی تا ڕێگا بدات کەسێکی تر لەو باشتر کابینەکە بەڕێوەبەرێت.

دووەم: خیلاف و دوو بۆچوونی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، لەسەر بەشداری لایەنە سیاسییەکان (هەرچی کارەکتەری یەکەمە. پێی باشبوو گۆڕان بەشدار بێت، بەڵام سەرۆکی حکومەتی پێشوو ڕازی نەبوو لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ کاربکات)، ڕەنگە هەر ئەوەش وایکردبێت نێچیرڤان بارزانی ئامادە نەبێت سەرۆکایەتی حکومەت بکات و پاشەکشە بکات. مەسرور بارزانی لەمبارەیەوە ئەجێندای باوکی پێ باشترە، (بەڵام بۆچوونەکەی نێچیرڤان بارزانی دروستە لەسەر ئەوەی کە گۆڕان و کۆمەڵ، بە ڕۆژ لەگەڵ حکومەت و بە شەو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنن، بەردەوام دژی حکومەت بوون)، کە وادیارە ئەمجارە ئەم مەرجەش بەسەر ئەو دوو هێزەدا دەسەپێندرێت گەر لە کۆتاییدا بەشداربوون، کە نابێت ئەنتی حکومەت بن.

سێیەم: پارتی دەیەوێت سەرۆکایەتی هەرێم زیندوو بکاتەوە، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکان بیکاتە پاکێجێک (ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، کاندیداتۆرەکەی ی.ن.ک سەرکەوت، سەد و بیست ملیۆن دۆلاری چەکی بانکی پارتی (بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەرهەم سالح بە فوئاد حوسێن نەیتوانی ئەو ململانێیە بە قازانجی پارتی تەواو بکات) و کارەکتەرەکەی یەکێتیش، پاڤێڵ تاڵەبانی، پرسەکەی بە قازانجی د. بەرهەم یەکلاکردەوە.

سەبارەت بە سەرۆکی هەرێم بۆ ئەم کەیسە مەسعود بارزانی شوێنەکەی خۆی جێدەهێڵێت بۆ نێچیرڤان و جێگرەکەشی کاندیدێکی یەکێتیی دەبێت، بەڵام هێشتا ساغ نەبۆتەوە کە ئایا پارتی ڕەزامەندە بە کاراکردنەوەی سەرۆکی هەرێم، بەڵام دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی بن یان سەرۆکایەتی کە زۆرتر مەیلی بەلای فۆڕمی دووهەمەوەیە.

قورسیشە نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەو ناتوانێت ڕۆڵی مەسعود بارزانی بگێڕێت و ئەو کارێزمایەی ئەوی نییە و دووهەمیش ڕەنگە گرفتی زۆری بۆ بێتە پێش، کە لە سەردەمی بارزانییدا هیچ کەس نەیدەتوانی ئەو کارە بکات، ئەمەش ڕێک ئەو هەلوومەرجەیە کە بۆ فوئاد مەعسوم هاتە پێش لە سەرۆککۆماری عێراقدا، چونکە نەیتوانی ڕۆڵی کارێزمایی مام جەلال بگێڕێت دوای ئەو، لە لایەکی تریشەوە زۆرجار حزبەکەی خۆی ڕێگری بوون لە دروستکردنی کێشە و بە گوێیان نەدەکرد.

چوارەم: تا ئەو ساتەش پارتی کەیسی سەرۆککۆمار و پارێزگاری کەرکوکی وابەستە کردووە بە حکومەتی هەرێمەوە، نەیتوانیوە ئەم ڕیتمە تێپەڕێنێت و فەرامۆشی بکات، هەر بۆیە گەر بەم شکڵە بەردەوام بێت، دوور نییە یەکێتیی هەڵوێستی توندی هەبێت، سەبارەت بە کەیسی سەرۆککۆمار پارتی چەندینجار ئەوەی بە عادل عەبدولمهدی ڕاگەیاندووە گەر وەزارەتی داد، بدرێتە ی.ن.ک ئەوان لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەکشێنەوە و لە دواین هەوڵیشدا بە میانگیری ئێرانییەکان و ئەمەریکییەکان لە ڕێگای فالح فەیازز و ئەبو مەهدی مهندس لەگەڵ بارزانی کە لە نەمسا بوون، سەرکەتوو نەبوون و بارزانی پێی ڕاگەیاندون کە سەیرە هەمووتان داکۆکی لە ی.ن.ک دەکەن.

لە کەیسی پارێزگاری کەرکوکیش پارتی ئامادە نییە ئەندامانی ئەنجوومەنی برایەتی لیستەکەی خۆی بنێرێتە کەرکوک بە بیانووی داگیرکردنی بۆ ئەو شارە، بۆ ئەوەی ڕزگار عەلی کاندیدەکەی یەکێتیی نەبێتە پارێزگار، بەڵام لە ژێرەوە لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان دانوستان دەکات، چۆن ئەو پۆستە بۆ یەکێتیی نەبێت، ئەوە لە کاتێکدا پارتی لە هەولێر باس لە ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەکات بۆ پۆستەکان، بەڵام لە کەرکوک باسی پێوەری نیشتیمانی و ئیحتلال دەکات، بەڵام بە نەتیجە یەکێتیی پارێزگارەکەی خۆی دادەنێت بە تایبەتی دوای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا.

پێنجەم: گرفتێکی تری پارتی ئەو نەغمە مەترسیدارەیە کە قسەی پێدەکات و گوتاری پێدەدات کە گوایە پارتی (کە زۆرینەی پەرلەمانییە) ئیتر لەگەڵ یەکێتیی و گۆڕان و کۆمەڵ شەریک نییە، بەڵکو بەشدارن.

ئەوە ڕاستە کە پارتی زۆرینەی کورسییەکانی بردۆتەوە، بەڵام ئەوە نازانێت کە هێشتا کوردستان مەحکومە بە دوو مۆدێلی حکومڕانی دوو هێزی باڵادەست و دوو جوگرافیا و دوو سیستمی دیموکراسی جیاوازە و گەر وابێت دەچنەوە سەر قسەکەی مەلا بەختیار و کە وتی: یەکێتیی بە یەک کورسیش بێت هەر یەکێتییە، بۆیە گەر پارتی لەسەر ئەو ڕیتمی هەڕەشەکردنەی باسی زۆرینە دەکات، حکومەت ناتوانێت لە دوو ساڵ زیاتر بەردەوام بێت و شکست دەهێنێت.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 339‌
1/6/2019 6:13:43 PM
زیاتر...