وتار

حكومەتی هەرێم لەئەلكترۆنیەوە بەرەو جیاوازی چینایەتی

بەختیار حسێن
لەدونیای ئەمڕۆدا لەگەڵ ئەو هەموو پیشكەوتن وداهێنانەداحكومەتانی دونیا لەپێشبڕكێدان لەنەهێشتنی رۆتین و كاركردن بۆ حكومەتی ئەلكترۆنی كەچی لەهەرێمی كوردستان لەبری نەهێشتنی رۆتینات جیاوازی چینایەتی دروست دەكرێ‌ .

هەواڵێك زۆر سەرنجی راكێشام كاتێك بەئاشكراو بەراشكاوانە باس لەكردنەوەی شوێنێك دەكرێ‌ بەناوی ( vip) لەبەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بۆ رایكردنی مامەڵەكانیان بەپارەی زیادە كەلەلای ئێمە هەركات ئەو ووشەیە ئەبیستن یەكسەر پارەو سەرمایەدارو بازرگانمان بیردەكەوێتەوە لەكاتێكدا (vip ) كورتكراوەی (Very Important Person )كەبەمانای كەسی زۆر تایبەت دێت ،دەكرێت ئەوكەسانە سەرمایەشیان نەبێت بەڵام (vip) بن وەك پێشمەرگە یان كەسوكاری شەهیدان ،كەمئەندامان و خاوەنپێداویستی تایبەت ،بریندارانی جەنگ،داهێنەران و پاڵەوانان و هونەرمەندان...هتد ،بەڵام لەلای خۆمان كەباسی ئەوە دەكرێت لەدوای ئەو ووشەوە راستەوخۆ باسی پارە دێتەپێش ،كەئەمە لەبنەرەتدا هەڵە تێگەیشتنە لەخودی ووشەكە .

لەسەردەمی ئێستادا كەهەنگاونانە بۆ حكومەتی ئەلكترۆنی و بانگەشە كردنە بۆی كەچی ئێمە بەرەو دواوە هەنگاو دەنێین و تەنانەت هاوڵاتیان سەریان لێشێواوە لەكاتی مامەڵەكردن لەدەزگاو فەرمانگەكانی حكومی كەدەبێت هەریەكەیان دەستەیەك بەڵگەنامەیان پێبێت ،ئەی كوا ئەوحكومەتە ئەلكترۆنیەی لەهەرێمی كوردستان بانگەشەی بۆ دەكرا ،لەبری ئەوەی بەرو پێش بڕوا هەنگاو دەنێت بەرەو دواوە .

ئەگەر پرسین حكومەتی ئەلكترۆنی چیە ؟ ئەو حكومەتەیە كەكاروبارەكانی لەرێگای ئامرازەكانی تەكنەلۆژیاو ئەنتەرنێتەوە ئەنجام دەدات، بەشێوەیەك هیچ رۆتینێك و ناوەندێك ناهێڵێت بۆ كارەكانی لەنێوان حكومەتی ناوەندی لەگەڵ حكومەتی محەلی و حكومەت لەگەڵ كەرتی تایبەت وپەیوەندی نێوان فەرمانبەران و حكومەت ،هەروەها پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی یاسادانان ،پەیوەندی نێوان حكومەت وبازار و حكومەت و كەرتی تایبەت و  كۆمپانیاو بازرگانەكان و تەنانەت خودی هاوڵاتیان و هەبونی پەوەندیەكی تۆكمە.

حكومەتی ئیماراتی عەرەبی لەساڵی 2013 هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئەلكترۆنی بەشێوەیەك كەهەموو كاروبارێك بخاتە نێو موبایلی هاوڵاتیانەوە كە هاوڵاتیان لەهەركات و ساتێك بێت بتوانن كارەكانیان رایی بكەن كەسەرەتا لەكەرتی گەشتوگوزارو هۆتێلەكانەوە دەستی پێكرد ،دواترهەوڵدرا لە بوارەكان و سێكتەرەكانی تریش بەكاربهێندجرێت بەشێوەیەك كاروباری حكومەت زۆر بەخێرایی و بەئاسانی ئەنجام دەدرا .بەشێوەیەك كەلەساڵی 2015 بەرێژەی 96% خزمەتگوزاریەكانی هاوڵاتیان كراوە لە 337 فەرمانگەی حكومیدا لەرێگای موبایلەوە،دواتر پێشكەوتنی بەخۆوە بینی بەشێوەیەك كەسەرجەم سێكتەرەكانی گرتۆتەوە .

ئەوەی جێگای سەرنجە تازە بەتازە لەلای ئێمە لەبری دانانی سیستەمی ئەلكترۆنی وهەژماری بانكی و مامەڵەكردن لەرێگای ئەنتەرنێت و تەكنەلۆژیای نوێوە حكومەتی ئەلكترۆنی ،كاربۆ دروستكردنی جیاوازی چینایەتی دەكرێت وەك ئەوبەشەی لە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر كراوەتەوە بەپارە مامەڵە بۆ هاوڵاتیان دەكرێ‌ ، ئەمەش هەرلەوەیا نیە بەڵكو لەزۆر شتی تر رەنگی داوەتەوە تەنانەت لەدەركردنی پاسپۆرتیش بەرونی بەدی دەكرێت ئەگەر بتەوێ‌ پاسپۆرتەكەت بەخێرابی تازە كەیتەوە ئەوا 250 هەزار دیناری تێدەچێت و بەڕۆژێ‌ یان دوورۆژ تازە دەكرێتەوە،بەڵام ئەگەر بتەوێ‌ بەرێگەی خاو بیكەیت ئەوا 7 بۆ 10 رۆژی پێدەچێت و پارەیەكی كەمتری تێدەچێت تەنها بۆرسوماتی تازە كردنەوە ،وەپێشتر لەڕیگای نامەوە ئاگادار دەكرایەتەوە لەكاتی دەركردنی پاسپۆرت بەڵام ئێستا ئەبێ‌ سەردان بكەیت و بزانی هاتۆتەوە یاننا ،ئایا ئەو خێرا كاركردنەو بەتایبەتی كردنە نابێتە هۆی دواكەوتنی مامەڵەی هاوڵاتیان و لەسەر حسابی ئەوان نابی بۆ ئەبێ‌ بە پارە كەرەكەت زوتر بكرێ‌ ئەی بۆ هەرخۆی بەو خێراییە كارەكان ناكرێ‌ ،بۆیە ئەوەی بەدیدەكرێ‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبری هەنگاونان بەرەو ئەلكترۆنی كردن و بەرەو پێشچوون بەرەو جیاوازی چینایەتی و سەرمایەداری هەنگاو دەنێت ،بۆیە ئومێد دەكەم حكومەتی نوێ‌ بەجدی كار لەسەر ئەوە بكات هەنگاوی كرداری بۆ حكومەتی ئەلكترۆنی وبەژمارەكردن بنێت و دوربكەوێتەوە لەرۆتینان و مامەڵەی بازاڕی  .

ژمارەی خوێنەر   ‌ 460‌
12/8/2018 11:54:51 AM
زیاتر...