وتار

لەتیف هەڵمەتی خواو شارە بچكۆلەكەمان

عەبدوڵڵا ئەحمەد
 
لەتیف هەڵمەتی خواو شارە بچكۆلەكەمان كاتی خۆی بەرێز مام جەلال ڕۆحی شادبێت لەیەكێك لە فێستێڤاڵەكانی گەلاوێژدا لەتیف هەڵمەتی بەشاعیری گەورەی كورد ناوبرد، ئەوكات وامبیست دوای ئەو فێستێڤاڵە ڕێنمایی داوەتە دەزگای ڕاگەیاندنی یەكێتی و كاك ستران عەبدوڵا ی سەرنوسەری كوردستانی نوێ‌ بۆكاك شێركۆ بنووسن شاعیری هەرەگەورەی كورد و بۆ كاك لەتیف هەڵمەت بنووسن شاعیری گەورەی كورد و بۆكاك قوبادی جەلیزادە بنوسن شاعیری هەڵكەوتووی كورد،ڕەوانشاد كاك نەوشیروان مستەفا لەكۆنەوە هەوداری شیعری لەتیف هەڵمەت بووەو یەكێك بووە لە هاوڕێ‌ نزیكەكانی، كاتی خۆیشی كاك بزورگ محەمەد كارێكی دیكۆمێنتەری پرۆفیشناڵی لە كەناڵی كەئێن ئێنە وە لەسەر هەڵمەت كردبوو كە پێم وابێت تاكە دیكۆمێنتارییە بەو شێوە یە كاری لەسەر شیعرو لایەنە جیاوازەكانی ژیانی ئەم شاعیرە كردبێت، 

مانگی 11ەی ساڵی 1996 یەكێتی و پارتی لەكەپكی حەمەداغەیەكتریان دەكوشت و دیلەكانی یەكتریان بە كوژراوی تەشویه دەكرد،ئالەو كاتەدا بە شیعری باتفەنگەكان پشوو بدەن مناڵێك دەیەوێت بنوێت ی لەتیف هەڵمەت یەكەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی رێكخراو یەكەمین ڕۆژیش دەنگی بەرزی شیعری هەڵمەت لەكوردستانی شەڕی ناوخۆ و شەڕی كورد كوژیدا دەدرەو شایەوە و داوای ئاشتی و داوا ی كۆتایهێنانی شەڕی كورد بەكوردی ئەكرد، لەوكاتەدا زۆربوون ئەو نوسەر و ئەدیبانەی ئاگری شەڕەكەیان خۆش دەكرد، لەتیف هەڵمەت،لەهەموو قۆناغەكانی ژیانی خۆیدا مرۆڤێكی نیشتیمان پەروەر خاوەن ڕەئی و بەهەڵوێست بووە ،پەیوەندییەكان لەگەڵ مام جەلال و كاك نەشیروان سەركردەكانی تری كورد لەتیفیان نەكردۆتە ئەوەی كە ئەم پەیوەندییانە بۆ مەرامی شەخسی و مەنفەعەتی تایبەتی خۆی بەكاربهێنێت.

 بەپێچەوانەی ئەو شەپۆلە باوەی نوسەر و هونەرمەند و میدیاكار كە بۆ دەرفەتێك دەگەڕێن تالەپەنا حیزب و سەركردەكانی حیزبدا دەوڵەمەند بن كەبەداخەوە ئەم چەند ساڵەی دوای لەناو هەموو حیزبەكاندا بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە پڕبووە لەم مۆدێلە لەخەڵكی بەرژەوەندیخواز،هەڵمەت شاعیری بەویقاروی سەردەمی خواو شارە بچكۆلەكەمانە،هەربۆیە وەك نوسەرێك كە ئاشنایی زیاتر لە 20 ساڵم هەیە لەگەڵ لەتیف هەڵمەتدا زۆر بە لامەوە ئاساییە كە لەسەردا بوەستێ‌ بۆخانەنشینی 300 هەزاری چونكە خۆی بڕیاری داوە ژیانی شەرەفمەندانە هەڵبژێرێ‌

ژمارەی خوێنەر   ‌ 618‌
11/5/2018 11:12:16 AM
زیاتر...