وتار

قسەكانی مەلا یاسین بەهەند وەربگرن

هەڵگورد جەلال
زیاتر لە 7 ساڵە وەك هاوڕێ پەیوەندییەكی نزیك و بەردەوامم لەگەڵ مەلا یاسین بەڕێوەبەری كۆمپانیاكانی بەڕێز و جێگرو وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان هەیە، بەحكومی كارەكەشم هەمیشە بەركەوتنم لەگەڵ كارەكانی و لێدوانەكانیدا هەبووە، لەماوەی 7 ساڵی رابردووداو هەم وەك هاوڕێ و هەم وەك پیشەكەش شاهیدی ئەوە دەدەم زۆرێك لەو شتانەی كە پێشبینی بۆ كردووە یاخود باسی لێوەكردووە لەكاتی خۆیدا بەو جۆرە كەوتۆتەوە كە ئەم پیاوە باسی لێوەكردووە،  ئیتر لەهەرزان بوونی یەكەكانی نیشتەجێبوون، پێشنیارەكانی بۆ كێبركێكردن و نزمكردنەوەی نرخی سوتەمەنی، گرنگییەكانی دروستكردنی شارە پیشەسازییەكان، دەستپێشخەریكردن بۆ هاوكاریكردنی فەرمانبەران، دەستخستنە سەر برینە قوڵەكانی كەرتی وەبەرهێنان و (دۆزینەوەی مۆتەكەو ڤایرۆسەكانی بوارەكە)و دەستنیشانكردنی چۆنیەتی چارەسەركردنیان، تادەگاتە دوا پێشنیارو خوێندنەوەكانی بۆ رەوشی هەرێمی كوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی لەدوای جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، كە سبەینێ دەست پێدەكات.

من ئابوریناس نیم و هیچیش لەئابوری و جووڵەی بازرگانی نازانم، بەڵام ئەوەندە دەزانم مەلا یاسین بەحوكمی ئەزمونی كاركردن و بەپێی ئەو پەیوەندییانەی لەم چەند ساڵەی رابردوودا وەك جێگری سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەران دروستی كردووە هەستی بەو مەترسییانە كردووە كە لەسبەینێوە دەشێت لەم ناوچەیە سەرهەڵبدەن، بۆیە پێشنیارم بۆ بڕیاربەدەستانی سێكتەری ئابوری لەحكومەتی هەرێم  بەگشتی و لێپرسراوانی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی راپەرین و گەرمیان ئەوەیە، پێشنیارەكانی مەلا یاسین بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كاریگەرییە نەرێنییەكانی سزاكانی سەر ئێران بەهەند وەربگرن و بەجدی كاری لەسەر بكەن، بەتایبەتی لەكڕین و هاوردە كردنی هەندێك لەكارگەكان و دروستكردنی پێداویستییەكان لەناوخۆی هەرێمدا.

لەكەسانی باڵای ئەم حكومەتەو هەندێك لەلایەنە سیاسییەكانیشم بیستووە كە بۆچوونەكان و سەرنجەكانی مەلا یاسین لەسێكتەری ئابوری و وەبەهێناندا بۆ هەرێمی كوردستان زۆرینەی جارەكان جێگەی خۆیان گرتووە، بۆیە ئەم جارەش دەمەوێت بۆچوونەكانی ئەم پیاوە بەهەند وەربگرن، وەك دەڵێن (پرسیار لەخەڵكی بەئەزمون بكە نەك كەسی دانا) و ئەوەی من تێی گەیشتوم ئەم كەسە لەخۆیەوە شتی نەوتووەو نەیكردووە هەتا بەتەواوی لەئەنجامەكەی دڵنیانەبووبێت.

تكاشم وایە ئەم پۆستەم وەك سەرنجێكی رۆژنامەوانی لێ وەربگیرێت نەك لێكدانەوەی كەسی بۆ بكرێت
ژمارەی خوێنەر   ‌ 851‌
11/4/2018 3:23:06 PM
زیاتر...