بنار هیدایەت
لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی دوای شەڕی داعش کەم تا زۆر شتگەلێگی زۆر ناخۆش دەبیسترێت، هەندێکیان چارەسەر دەکرێن و هەندێکی تر بەڵێنی درۆی زل زلیان پێ دەدرێت، بەڵام کێن ئەوانەی خاوەن قسە و کرداری خۆیانن.
لە دوێنێوە تۆڕی کۆمەڵایەتی وێنەیەکی بڕیاری شەهید ئاسۆی جەلال مەسۆیی داگیرکردوە. ئەو منداڵە کەم تەمەنەی دوای شەهید بوونی باوکە یەکێتیەکەی بەرگەی نەگرت و زوو نەخۆش کەوت و بێهۆش کەوت.
وێنەکانی نەخۆشخانە ئەوەیان نمایشکرد دەیان بەرپرس سەردانی ئەم منداڵەیان کرد و دڵنەواییان دایەوە و هیواخواز بوون چاک بێتەوە، لێ کەسێکیان بەڵێنێکی بچوک هەر زۆر بچوکیان نەدا.
نامەوێت و نەمویستوە بە شان و باڵی قوبادا هەڵبدەم. بەڵام جەلال تاڵەبانی سیفەت لە کاتە زۆر پێویستەکان دێتە سەرخەت و بڕیار و راسپاردە لەبارەی پێویستییەکان دەدات.
لە کەناڵی خاک مام میوانداری منداڵێکی زیرەکی کرد. منداڵەکە داوای کردنەوەی خوێندنگایەکی کرد بۆی جێ بەجێکرد ئێستا ببینە ئەو منداڵە چ بەهرەیەکی هەیە.
یەقینم وایە بەرپرسانی زۆنی سەوز بە بچوک و گەورەیانەوە هەر رۆژێکی داهاتی کۆمپانیا و بەنزینخانە و مەشروعە نا شەرعییەکانیان لە مانگێکدا تەنها دوو رۆژ بۆ برسی و رەش و نەخۆشانی ئەم دەڤەرە دابین بکەن باڵانس و کێرڤی خەفەت و برسێتی زۆر دێتە خوارەوە، بەڵام تەماع و پڕکردنی قاسە کوێری کردون بە داخەوە. وا دەزانن قەبر قاسەی لێیە و کفن گیرفانی قوڵی هەیە.
گەندەڵی گیرفان کوشندەترین میکرۆبە تووشی ئەمانە بووە، داخی داخانم نە ئەجەل بە خزمەتیان دەگا نە تووشی نەخۆشییەکەی بڕیارەکەی شەهید ئاسۆ دەبن. تا بە چاوی خۆیان فرمێسکی كەس و کاریان و زەلیلی خۆیان بدیایە.
لە کۆتایی پێویستە بڵێم ئافەرین قوباد تاڵەبانی پیاوی کاتی تەنگانە، ئەوەی تۆ بۆ بڕیاری دەکەی لەدەست هەموویان دێت، بەڵام دەست بردن بۆ گیرفان هێز و توانا و پیاوی خۆی دەوێت، تۆش وەکو ئەوان بیربکەیتەوە رۆژێک لە رۆژان پێت دەڵێین میکرۆبی کۆمەڵگا و ڤایرۆسی کوشندەی هەژاران کە دڵنیام دڵی تۆ لە نەسلی دڵی مامەکەی هەمووانە....