وتار

قوباد تاڵەبانی بۆ دەیەوێت كۆنگرە ببەسترێت..!

بنار هیدایەت

نزیکەی شەش ساڵە سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیی یەكێتی، بۆ بەستنی كۆنگرە ئەم رۆژ دەدەنە ئەو رۆژ و ئەم هەفتە دەدەنە دەست ئەو مانگ و ئەم مانگ دەدەنە دەست ساڵێكی نادیار و جەماوەرەكەیان توڕە و دەستخەڕۆ دەكەن.

لەساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، زۆرێك لەبەرپرسانی ئەم حزبە داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن، خۆشیان باش دەزانن ئەوانە كێن لەپشت دواخستنی كۆنگرەوەن و نایەنە سەر تیڤییەكان راستەوخۆ باسی بكەن، لێ جەماوەر و دەنگدەری یەكێتی ئەو راستییە باش دەزانن بۆ كۆنگرە نابەسترێت.

هەموو كەسێك ئەوە دەزانێت خەڵكانێكی ماندوو لەناو یەكێتییدا هەیە، بەڵام كورسی دەسەڵات ئەوەندە شیریینە لێ ناگەڕێن شوێنەكانیان بەدەم و چاوی نوێ و كەسی دیكە پڕبكرێتەوە. بۆ؟ چونكە بەرژەوەندییەكانیان ئەوە دەخوازێت لەم پۆست و مەقامە بمێننەوە.

چوار ساڵی ئاییندە بۆ یەكێتی یەكلاكەرەوەیە، چونكە جەماوەر و دەنگدەری یەكێتی ئەوە قبوڵ ناكات، لەچوار ساڵی دیكە، بۆ هەڵبژاردنەكان هەمان رووخسار داوای دەنگیان لێ بكات، یەكێتی حزبێكە پڕە لەخەڵكانی تێگەیشتوو، هەر لەكادری سادەوە، تا دكتۆرا لەم حزبە بوونی هەیە، دڵنیام ئەوانە بێنە سەركردایەتی، كەشتی یەكێتی بەرەو ئەو ئاقارە دەبەن، كە دەنگدەرانی یەكێتی چاوەڕێیان دەكەن.

لەچەند رۆژی رابردوو، قوباد تاڵەبانی پەیامێكی سێ خولەكی بڵاوكردەوە، تیایدا جەختی لەوەكردەوە دەبێت كۆنگرە ببەسترێت، ناوەڕۆكی پەیامەكە ئەوەیە، قوباد خۆی كاندید ناكات بۆ سەركردایەتی ئەم حزبە، بەڵام دڵگرانە لەوەی جەماوەر و دەنگدەرانی یەكێتی دەستی دەستیان پێدەكرێت لەلایەن بەرپرسەكانیانەوە. هەموو كەسێك ئەو ڕاستییە باش دەزانێت بەشێكی زۆری سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیی دەرناچنەوە لەكۆنگرە، بۆیە رێگرییەكان لە بەستنی كۆنگرە تادێت زیاتر و زیاتر دەبن.

قوباد تاڵەبانی لەو پەیامەیدا دەنگی خۆی خستۆتە پاڵ دەنگدەران، كەواتە شتێك نەماوە لەبەرامبەر بە ئیفلیجكردنی یەكێتی لەوەی شەرعییەتی خۆی بەدەست بهێنێت،چونكە لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبێكی سۆشیال دیموكراتدا هاتووە كە " هەموو چوار ساڵ جارێك دەبێت كۆنگرە ببەسترێت، یا پلینیۆم ببەسترێت، ئەگەر نا شەرعییەتی سەركردایەتی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە".

پەیامەكەی تاڵەبانی كوڕ گۆمی مەنگی نەبەستنی كۆنگرەی شڵەقاند، بەجۆرێك ئێستا هەمووی داوای بەستنی كۆنگرەی چوارهەم دەكات... كەواتە كێ رێگرە لە ئەنجامدانی ئەم پرسە، كە هەموو مەكتەب سیاسیی و سەركردایەتی و قاعیدە و قەواعیدی یەكێتییەكەی مام جەلال داوای دەكات... ئەگەر مام بمایە یەكێتی بەم جۆرە دەبوو.....!
ژمارەی خوێنەر   ‌ 314‌
6/2/2019 9:44:32 PM
زیاتر...