وتار

یەكێتی سەرۆكی پەرلەمانی بۆ چییە...!

بنار هیدایەت

لە سەروو بەندی پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، یەكێتی لەسەرەتاوە داوای سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی كرد، پارتیش وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بێ یەك و دوو ئەو پۆستەی بەلایەقی یەكێتی زانی و رەزامەند بوو. چونكە باش دەیزانی پۆستێكی تەشریفاتییە و خۆی پەرلەمانی كۆنترۆڵكردووە، دواجاریش ئاگر لەناو ماڵی هاوپەیمانەكەی بەردەدات.

پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی جگە لەكێشەیەكی ناوخۆ بۆ ناو مەكتەبی سیاسیی و باڵەكان، هیچ شتێكی دیكەی لێ نەكەوتەوە، پارتیش بەو تاكتیكە هەم یەكێتی خستۆتە بەردەم بەرپرسیارییەكی گەورە، چونكە باش دەزانێت كاندیدانی ئەو پۆستە تەشریفاتییە ناو ماڵی یەكێتی زیاتر پەرتەوازە دەكات.

رەنگە یەكێتی بیری چوبێتەوە لەدەستەی سەرۆكایەتی سێ كەس دوانیان پارتی و لایەنگری پارتییە، رەنگە بیری چوبێتەوە لە كۆی 111 پەرلەمانتاری ناو پەرلەمان جگە لەپارتی، پارتی زیاتر لە سی و دوو كورسی دیكەی هەیە، رەنگە یەكێتی بیری چوبێتەوە هەر پرۆژەیەك پێشكەش بكات، ئەگەر بەدڵی پارتی و پرۆ پارتییەكان نەبێت ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاخر یەكێتی بە چ میكانیزمێك بیردەكاتەوە لەوەی "لەدوو كاندید دەبێت یەكێكیان دەربچن، هەر كامێكیان دەربچن ئەوەی دیكە هەڵوێست وەردەگرێت، بەو پێیەی هەردووكیان ئەندامی سەركردایەتین و كەسیان نابن بە سەرۆكی فراكسیۆن و شوێن بۆ ئەوەی تر چۆڵبكات، ئاخر چۆن دەبێت بەدەستی خۆت ئاگر بخەیتە ماڵی خۆتەوە، ئێ خۆ ناكرێت بۆ حزبێكی سۆشیال دیموكرات دوو ساڵ بەدوو ساڵ بێت، ئەوەش حەیا چوونێكی ترە لەبەردەم پارتە سۆشیال دیموكراتەكانی دیكە و كونسوڵخانەكان، خۆ ناكرێت لەكۆتایی دوو ساڵی یەكەم وەفدێك بچێتە لای سەرۆكی پەرلەمان و لە سەرەتای دوو ساڵی دووهەم سەرۆكی پەرلەمان گۆڕدرابێت.

ئاقڵمەندانی یەكێتی و رۆشنبرانی ئەم حزبە كەی بیردەكەنەوە، ئەگەر لەبری سەرۆكایەتی پەرلەمان وەزارەتێكی سیادی و وەزارەتێكی خەدەمی و دەستەیەك وەربگیرایە زیاتر خزمەتیان نەدەكرد، یا دواجار بۆ رێكەوتنەكەیە و دەیانەوێت ئەم و ئەو رەزامەند بن.

دڵنیام پرسی سەرۆكی پەرلەمان لەناو یەكێتی بەدەردی كورد دەڵێت هەویرێكە ئاو زۆر دەكێشێت، یاخوا زوو یەكلایی بكەنەوە و ئەم خەڵكەش لە دڵەراوكێ و دوو دڵی دەربهێنن...



ژمارەی خوێنەر   ‌ 1625‌
5/25/2019 2:30:52 PM
زیاتر...