وتار

كەیسی جەمال خاشقچییەكانی هەرێم

بنار هیدایەت
 
دوو هەفتە دەبێت سەرجەم میدیاكانی هەرێمی كوردستان هەواڵی تیرۆر و بزربوونی رۆژنامەنووسێكی سعودی بەناوی خاشقچیی بڵاودەكەنەوە.

لەكاتێكدا ئەم جەمالە نە دەستكەوتێكی بۆ كورد هەبووە و نەجارێك قسەیەكی خێری لەسەر كورد هەبووە ، لەكاتێكدا لەوڵاتانی جیهان رۆژنامەنووس تیرۆردەكرێت و دەكوژرێت و شوێن بزردەكرێت ، هەرێمی كوردستان بەنمونە.

ئێمە لەم هەرێمە نەك جەمالێك و دوو جەمال  بەڵكوو دەیان جەمال خاشقچیی بوونیان هەیە و مەترسی تیرۆر لەسەریان بۆتە مۆتەكەیەكی حەتمی ،  كەچی نە قسەیەكیان لەسەركرا لەرۆژنامەكانی توركیا  نە وڵاتی سعودیە و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نوتقیان لێوە هات.

عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، شەهیدانی قەڵەمن و یادیان بەخێر  ناویان لەو دیو سنووری هەرێمی كوردستانەوە تێنەپەڕاند ، ئەگەر بڵاوبوونەوەی وێنەكەی سەردەشت بەتیرۆركراوی نەگەیشتایەتە شوێنە دوورەكانی بەدەر لەهەرێم ئەویش دیزە بەدەرخۆنە دەكرا ، جیا لەوەش ئاشكرا كردنی كەیسی تیرۆری ئەو رۆژنامەنووسانە وەك نهێنی ئاودیوكردنی تەنكەرە نەوتەكانی هەرێم مایەوە و كەس خۆى نەكرد بەخاوەنی.

 ئێستاش لەهەولێر و سلێمانی و دهۆك دەیان جەمال خاشقچی كورد بونیان هەیە ،مەترسی رفاندن و تیرۆركردنیان لەسەرە ، بەڵام تا كار نەگاتە سەر ئەوەی بكوژرێن یا شوێن بزر بكرێن ئێمە نە دوو دڵۆپ فرمێسكی وەفامان پێیە نە نوكی قەڵەمەكان دەكەونە كار.

كورد میللەتێكی زیندوو كوژی مردوو پەرستە ، لە قازی محەمەدەوە بیگرە تا وەدات حسێن ، تا تیرۆر نەكرێن قسەیەكمان نیە لەسەریان بەڵام دوای ئەوەی لەدەستمان چوو پەیكەر ، وشە ،  پەیڤی رەنگاو رەنگ، تا دەگات بە وێنەی پرۆفایلی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان دەبنە كەسی قوربانی  ئیدی بۆ ئێمە بۆ جەمالێك رەنگە پێویستی كردبێت بكوژرێت بۆ ئەوەندە سەرقاڵ بین پێوەی ، یا دیسان بابەتەكە بەسیاسیی كرایەوە و گەورەكردنی خاشقچی لەهەرێمی كوردستان سودێكی دیكەی هەیە....!

ئەگەر ئەوانەی لەسەر خاشقچی قسە گەلێكی زۆریان هەیە بۆ لەسەر ئەوانەی كە پێویست بوو تا ئێستا لەناوماندا بن قسەیەكیان نەبوو، بۆ ئەوانەی دەستی رەشی تیرۆر هەناسەی ژیانی لەبەر بڕین، جەرگی دایك و باوكیان سوتێنرا بەتەنها وشەیەك قسەیەكیان نەبوو ، ئاخر خاشقچییەكی رەگەز پەرست سوودی بۆ وڵاتەكەی خۆی نەبوبێت پێمان ناڵێن ئەم باوكە ڕۆ و شین و واوەیلایەتان لەسەری بۆ چییە...!

هەر دوێنێ, دوێنێ لەسەر قاچاخچییەتی دەرمان ، لەسەر كواڵێتی دەرمان و بازرگانە چاوچنۆكەكان مەترسی ژیان كەوتە سەر چەند رۆژنامەنووسێك ، كەچی ئێمەی هیچ لەبارا نەبوو بە هاشتاگێك ، بەتەلەفۆنێك ، نامەی فەیسبووك دڵنەواییمان كردن . هەر دوێنێ بوو ستافی رۆژنامەیەك ژیانیان لەسەر ئاشكرا كردنی بیرە نەوتێك كەوتە مەترسییەوە كەچی ئێمەی پاڵەوانی سەر شاشەی تیڤییەكان و خاوەنی قسەی باق و بریق بە تەنها وشەیەك قسەیەكمان نەبوو لەسەری  ئیدی بۆ خەم لە پارچە پارچە كردنی عەرەبێك بخۆم كە ئەوان سەدان ساڵە پارچە پارچەمان دەكەن .

لە جەمال خاشقچی بگەڕێن, رێگە مەدەن ئەوانەی سەدان جار هێندەی ئەو زانیارییان پێیە و شارەزاترن نەكوژرێن ، با تەوری جەلادەكان نەگاتە گەردنیان ، خەم لەوان بخۆن و لەدوای چوون مەچن.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 876‌
10/14/2018 4:20:18 PM
زیاتر...