وتار

بە چاوەكانی خۆم سەرسامم!!

شیلان دەرگەڵەیی
ڪاتی خۆی ڕاگەیاندنی بەعس بە درۆ و چەواشەڪردن دەسەڵاتیان ڕاگرتبوو. زۆربەمان ڪابرای علوجمان لەبیرە تا دوا ساتی ڪەوتنی بەغداش هەر خەریڪی بەنجڪردن جەماوەرەڪەیان بوو.
 لە شەڕی عێراق - ئێران هەر ڪاتێڪ عێراق لە شڪست بوایە ئێمە بە سروودە حەماسیەڪان ئەمانزانی.

ئاخر ئەوەیە سیاسەت و نەهجی ئیشڪردنی هەموو دەسەڵاتێڪی فاشی و دڪتاتۆر, سەرقاڵڪردن و سڕڪردنی میللەت بە مەسەلە لاوەڪیەڪان.

لە ڪوردستانی خۆشمان, ئەیانەوێ قەیرانی ئارامیی و ئاو و ڪارەبا و مووچەش بە ڪۆمەڵێڪ ڪەناڵی ڪرچ و ڪاڵ لەبیر خەڵڪ ببەنەوە.

بەلاڕێدابردنی توێژی خوێندكار و گەنجی خوێنگەرم ڪە هەمیشە مەترسی هەڵسانەوە و راپەڕینیان لێ ئەڪرێ, لە رێگای چەند بەرنامەیەڪی بەناو (تەرفیهی جرت و چەقەنەی بێ هیچ بنەمایەڪی ڕۆشنبیری) بۆتە ئامانجی هەندێڪ ڪەناڵی دیاری حزبی (لەخۆترس).

لە چەند رۆژی ڕابردوو پۆستێڪم لەژێر ناوی ( حەزم لە پیاوی تورڪە) بڵاوڪردەوە سەبارەت بە هەندێڪ ڪچی زانڪۆ, لە ڕاپرسیەڪ زۆربەیان حەزیان بۆ پیاوی تورڪ دەرئەبڕن. 
دوای ئەو بەرنامەیە, ڤیدیۆیەڪی تری زۆر ئاستنزمتر ڪەوتە تۆڕە ڪۆمەڵایەتیەڪان, هەمان پێشڪەشڪار, ئەوجارە لە ڪچان و ڪوڕان ئەپرسێ:
حەزت لە چ بەشێڪی جەستەی خۆتە؟
ئەوەی ئەڵێ چاو, باڵا, قژ, ئەبرۆ....هتد.

خۆ من باش ئەزانم و قەناعەتیشم وایە هەرڪەسێڪ خۆی خۆشنەوێ با چاوەڕێش نەبێ ڪەسێڪی تر ئەوی خۆشبوێ, بەڵام با خۆشەویستی خود نەبێتە خودپەرستی و عاشقبوون بە خۆی و بەرەو نەرجسیەتی ببا, بەڕاددەیەڪ مرۆڤ ئاگای لەهیچی خۆی نەمێنێ جگە لە خۆڕازاندنەوە و خۆخستنەبەرچاو. بەداخەوە خەریڪە بایەخی نەوەی ئێستا بەتایبەتی ڪچ بەخۆیان و رازاندنەوەی خۆیان وە بەتایبەتیش لە ناوەندەڪانی خوێندن ڪار لە بایەخدان بە خوێندن و خوێندنەوە و خۆتێگەیاندن ئەڪا, بەشێوەیەڪی گشتی باس ئەڪەم, ئەگینا ڪەم ڪەمەش هەیە هەوڵی خۆپێگەیاندنی هەر هەیە لە هەموو ڕووێڪەوە..

لەو رۆژانە لەگەڵ مامۆستایەڪی بەڕێزی زانڪۆیەڪ گفتوگۆمان ئەڪرد, گوتی:
لەو ناوەندەی ئێمە, مامۆستای ژنمان لەگەڵە لە زانڪۆ باس و خواسی سەرەڪیان هەر جل و بەرگ و مۆدێلاتە.

تێبینی ڪراوە ڪە بەشێڪی زۆری ئەوانەی لە ناوەندە باڵاڪانی خوێندن یا شوێنی دەسەڵات و بڕیاریشن نەگەیشتوونەتە ئاستێڪی رۆشنبیری وا بەرز بتوانن لە ئاست ئەو پۆست و پلە و پایەیەبن تا بتوانن لە هەست و ئازار و ئاستەنگی جەماوەر تێبگەن و بە دەنگیانەوە بێن.

نەوەیەڪ وا ڕابێ هەموو بایەخی بە روخسارێڪی بەرچاو یا دەرخستنی توانای ماددی بێ لەبەردەم هاوڕێ و هاوپۆلەڪانی دەبێ چاوەڕوانی چی لێبکرێ؟!!!

خوێندڪار رۆژانە چاوەڕێبێ تا ڪابرای پێشڪەشڪار بە ڪەشڪۆڵێ پرسیاری تازەوە بچێتەوە ناو زانڪۆ و بپرسێ:

(حەزت لەڪوێی جەستەی خۆتە) چۆن ئاگای لە مامۆستا و تاقیڪردنەوە و چوونە ڪتێبخانە ئەبێ؟!!!

ژمارەی خوێنەر   ‌ 507‌
12/15/2018 4:50:51 PM
زیاتر...