وتار

تۆپە ئاگرینەکەی عەبدوڵا ئۆجالان

بڕوا ئەسعەد

''ئێوە درەنگ لە من تێ دەگەن.''
عەبدوڵا ئۆجالان

لەم هەفتەیەی ڕابردوودا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئۆجالان، میدیا لە باشووری کوردستان تا دواڕادە بەبێ پێشینە و زانیاریی لەمەڕ فیکر و ڕامانی ئۆجالان و نەخشەڕێکانی پێشووتری ئەم ڕێبەرە کوردە، بابەتی ناوەڕۆکی پەیامەکەیان گرتە دەست، ئەمەش گرتنەدەستێکی تادواڕادە تەسک و کڵێشەییە و تێنەگەیشتنە لەو پەیامەی ئەم بڕیارە لەم نزیکانەدا ئەم ڕێبەرە کوردە بڵاوی بکاتەوە.

هەڵە گەورەکەی میدیای باشوور

چونکە میدیای فەرمیی لە باشووری کوردستان لە چوارچێوەی پرسی (دواکاریی ئۆجالان)ـدا پرسەکەیان گرتە دەست نەک (نەخشەڕێی سیاسیی ئۆجالان)، هەربۆیە دەرەنجامی هەڵسەنگاندنەکان لە چوارچێوەی (چەکدانانی پەکەکە لە بەرانبەر ئازادیی جەستەیی ئۆجالان)ـدایە، هۆکاری ئەمە جگە لە مەرامە سیاسییەکانی میدیاکانی نزیک لە دەزگای شەڕی تایبەتی تورکیا لە باشووری کوردستان، نائاگایی میدیاکانی باشوورە لەو ئەو هێزە سەربازیی و جوگرافیی و سیاسییەی ئەمڕۆ ئۆجالان و ڕێکخستنەکانی چ لە ئەورووپا و چ لە سەر ئاستی واقعی سەربازیی و ئایدۆلۆژیی لە سەر ئاستی ژیۆپۆلەتیکی هەرچوارپارچەی کوردستان هەیەتی. واتە ئەم پێشەنگە ئەمڕۆ لە پێگەی ئەو هێزە ئایدۆلۆژیی و سەربازییەوە (نەخشەڕێ) پێشکەش دەکات نەک (داواکاریی)!

هەڵسەنگاندنی پەیامی ئەم ڕێبەر کوردە لە چوارچێوەی (چەکدانان) لە جیهانی سیاسەتدا بابەتێکە تا دوائاست کڵێشەیی و ساویلکەییە، چونکە هیچ شڕۆڤەکارێک لەمڕۆدا بیری بۆ لای ئەوە ناچێت پاش بیستوحەوت ساڵ لە گەلەکۆمەی ساڵی 1998و ڕفاندنی لە کینیا لە ساڵی 1999 ئەم ڕێبەرە کوردە ئێستا بێت و بە (دواکارییەکی ئاوا تەنگ) ئاستی داواکارییەکانی خۆی لە ئاست دەوڵەت-نەتەوەیەکدا کە دژ بە کوردان بووە بە مەکینەی جەنگ، دابەزێنێت.

بۆچی ئۆجالان ئەم نەخشەڕێیە پێشکەش دەکات؟

پاش حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو و بڵێسەی توندوتیژیی و زەبروزەنگی حەماس  ئیسرائیڵ دژ بە یەکتری، پزیسکەی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێی گۆڕینی دەوڵەت-نەتەوەکانەوە دەستی پێ کرد. ئێمە دەزانین سەد ساڵ پێش ئێستا ئینگلیز و فەڕەنسا ئەم دەوڵەت-نەتەوەکانەیان داتاشی، بەڵام ئەمڕۆ ئەمریکا – ئیسرائیڵ کەواسووری بەر لەشکری هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەوڵەت-نەتەوانە و داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکەن.

گەر باسی ساڵانی ڕابردووش نەکەین، بەڵام پتر لە ساڵێکە هەڤاڵان و ڕێوەبەرانی پەکەکە بە شێوەیەکی چڕوپڕ باسی ئەوە دەکەن کە تورکیا پارچە دەبێت، پاش پێکدادانەکانی حەماس – ئیسرائیڵ، دۆران کاڵکانی ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە وتی: ''گەر تورکیا فریای خۆی نەکەوێت، دەیگۆڕن''، میدیا و ڕای گشتی تورکیا بەم لێدوانە ئاڵۆزیی تێ کەوت، هەرزوو ئیسرائیڵ وتی: ''ئێمە نیازێکی وامان نییە.'' بەڵام بەپێی سەرچاوەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و میدیاکان ترامپ پەیمانی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی (ڕێگەی داود) بە ئیسرائیل داوە.


جەنگی جیهانیی سێیەم!

 لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا کورد خاوەنی پڕۆژەیەکی یەکانگیریی نەتەوەیی و نیشتمانیی و ئایدۆلۆژیی و سیاسیی و فیکریی نەبوون، بەڵکوو لەو سەردەمەدا بەداخەوە پتر لە دوو ئاستدا سیاسەتیان دەکرد:
1. پەرچەکردارێکی (خێڵەکیی یان دەستەبژێر و ناوچەیی بەرتەسک)ـیان دژ بە دڕندەیی و زەبروزەنگی دەوڵەت – نەتەوەکان نیشان دەدا. 
2. یان لە دوای دەوڵەتەوە ڕێیان دەکرد و بە کۆمەڵێک مافی کڵێشەیی و ساختەی دەوڵەت هەڵدەخەڵەتان. 

ئەم دۆخە لەم سەت ساڵەدا کوردانی لە بەرداشێکی توند و خوێناویی دەوڵەتدا هێشتەوە، وەک عەبدوڵا ئۆجالان لە بەرگی پێنجەمی مانیفێستۆکانیدا بە (ئەو گەلەی لە نێو بەرداشی کەلتووریی)ـدایە، پێناسەی دەکات.

گێژاوی جیهان و پێشبینییەکانی ئۆجالان

پاش زیندان و گۆشەگیریی ئەم ڕێبەرە لە دوڕگەی ئیمراڵی، تێکڕای ڕامانەکانی خۆی داڕێژایەوە و (لەدایکبوونێکی تری فیکریی و سیاسیی) دەست پێ کرد. ئەو بەپێی ئەم تێزەی خۆی شڕۆڤە فیکریی و سیاسییەکانی دادەڕێژێتەوە: جەنگی جیهانیی سێیەم وا لە بەر دەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کەواتە بەپێی گێژاوی ئەم جەنگە تێزەکانی داڕێژاوەتەوە، هەر بۆیە لە زیندان دەستی بە شۆڕشێکی فیکریی کرد، لەو چوارچێوەیەدا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی لە ساڵی 2004 هەڵوەشاندەوە و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)ـی دامەزراند، بەپێی بەدواداچوونەکانی من لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا، زۆرینەی پێشەنگ و کادیرە فیکریی و سیاسییەکانی بزووتنەوەی ئاپۆیی ئەمە وەک دەرچوون لە قۆناغی حزب و پێهەڵگرتن بەرەو خەباتی مەدەنیی و کۆمەڵایەتیی بەپێی چوارچێوەیەیەکی ئاسۆیی کۆمیناڵ، کە زۆرینەی چین و توێژەنای کۆمەڵ جێی تێدا دەگرن، لە پێناسە دەدەن. 

پاش پتر لە بیست ساڵ لە پێشبینیی و شڕۆڤەکانی ئەم ڕێبەرە کوردە بۆ (جەنگی جیهانیی سێیەم لە سەر گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) ئەمرۆ وا دەبینین، لەئێراقەوە بۆ تونس و لیبیا، لە میسڕەوە تا جەزائیر و سووریا، یەک یەک دەوڵەت-نەتەوە و پارتی ڕابەر (حزب قاعد) هەڵوەشێنەوە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەو لەو مانیفێستۆیانەی وا لە زیندان نووسیونی، باسی داڕێژانەوەی نەخشەی ناوچەکە دەکات تا ساڵی ٢٠٢٥. 
ئەمڕۆ لە ڕووی فیکریی و سەربازییەوە، کورد کاراکتەرێکی سەرەکیی سەر گۆڕەپانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستن، بۆیە دەبێت لە چوارچێوەی نەخشەڕی و مەرجی کورددا نەخشەڕێکە لێک بدرێتەوە، نەک داوای گەلێکی ژێردەستە لە پێگەی لاوازییەوە. 

لەمڕۆدا دەوڵەتی نەتەوە و نوێنەرایەتی پەرلەمانیی و فیمیزنیم و پرسی ژینگە و شیرازەی کۆمەڵایەتیی و ململانێی نەژادیی وەک ڕۆژەڤێک، نابنە وەڵامی کێشەکانی ناوچەکە و گێژاو و پێکدادان هەڕەشە لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. لەم دۆخەدا (کرانەوە و گۆڕینی ڕێ و ڕێباز چ لای کورد و چ بۆ دەوڵەت و گەلانی تر) لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە زۆرەملێ و وەک ناچاریی بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە خۆی دەسەپێنێت. 

مەهەپە: لە گورگەبۆرەکانەوە بۆ سازش
ئێمە دەبێت بپرسین: کێ ئەم پێڤاژۆیەی دەست پێ کرد؟ دەوڵەت باغچەلیی و مەهەپە وەک کاراکتەری دەوڵەتی قووڵی تورکیا ئەم پێڤاژۆیەیان دەست پێ کرد، چونکە ئەوان لە هەر لایەن و کەسێک زیاتر لە گۆڕانکارییەکانی تورکیا تێ دەگەن. ئەوان لەسەر داروپەردووی فاشیزمێک کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر دەوڵەتی عوسمانیی و چەندین تیۆرسێنی وەک: ئەیاز ئیسحاقۆف و حسێن فەیزووڵا و تورکەش یەهوودییەکانی نێو ئیتیحاد تەرەقی وەک: ئیمانوێل قرەسوو، جاوید بەگ و مەدحەت پاشا و لاملی داڤید و لیۆن کاهۆن و موئیز کۆهین، ئەوان باش لە گۆڕانکارییە شاراوەکان تێ دەگەن، خاوەنی گورگەبۆرەکان و ئەرگەنەکۆنن، کە وەک لقی تورکیای گلادیۆی ناتۆ ڕۆڵی دەگێڕێت، دەشزان تێکڕای ئەو ڕێبازانەی گرتوویانەتە بەر، لە پاکتاوی نەژادیی و کەلتوورییەوە تا تواندنەوە و نکۆڵیی، سەرپاک شکستیان هێناوە.
یەکەم جار ئەوە دەوڵەت باخچەلیی بوو وتی؛ با ئۆجالان بێتە پەرلەمان و لە فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات، ئەم خاڵە ناکۆکیی نێوان مەهەپە و ئاکەپەش نیشان دەدات، چونکە ئەمڕۆ ئاکەپە تەنانەت بابەتی قسەکردنی ڤیدۆیی ئۆجالانیش بە نایاسایی دادەنێن.

کەواتە: دەوڵەتی قووڵ لە تورکیا لە ئاکەپە و ئەردۆگان باشتر لە مەترسییەکان تێ دەگات، بۆ بەرگرتنی لە هەڵوەشانەوە، داواکاریی پێشکەش بەم ڕێبەرە کوردە دەکات، ئەم ڕێبەرە کوردەش بڕیارە بە نەخشەڕێیەک وەڵامیان بداتەوە. 

تۆپە ئاگرینەکەی ئۆجالان
 لەم دۆخەدا ئەم ڕێبەرە کوردە ئەلتەرناتیڤێکی سەربازیی – سیاسیی – فیکرییی – ئابووریی و کۆمەڵایەتیی وەک تۆپێکی ئاگریین فڕێ دەداتە نێو ئەم گێژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بێ هۆ نەبوو لە دوا دیدارییدا بانگەوازیی ئەوەی کرد کە نەخشەڕێکەی بۆ تورکیا و سووریا و ئێراق و تەنانەت ئێرانیش، بەرهەمدار دەبێت، چونکە وەک خۆی دەبێژێت؛ گەر گوێ بۆ پڕۆژەی ئەو و ئەلتەرناتیڤی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕانەدێرن، ئەوا زلهێزە ئیمپرایالیستەکان بەپێی قازانج و پاوانی خۆیان بڕیاریان داوە بیانگۆڕن، جا بۆیە دەبێت گوێ بۆ ئەلتەرناتیڤی سیاسیی کوردان (کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی) ڕادێرن. وەک لە لێدوانی دیدارەکانیدا دەبێژێت: ''یان پڕۆژەی من، یان هی ئەمریکا.''

لەمەوە وەک شڕۆڤەکارێک لە یەک خاڵی بنەڕەتیی تێ دەگەین: هەڵوەشانەوە دەوڵەت-نەتەوەکان حەتمییە، بەڵام گەر لەگەڵ کوردان بسازێن، ئەوا زیانی ئەم هەڵوەشانەوەیە کەمتر دەبێتەوە و سەرەنجامەکەی ئاشتییەکەی کۆمەڵایەتییە، هەر لەم چوارچێوەیەشدا پێچەوانەی پڕۆژەی زلهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە چەکی تەکنەلۆژیی و چەپۆکی سەربازیی پێ بۆ گۆڕەپانەکە هەڵدەهێنن، پڕۆژەی ئەم ڕێبەرە لە هەر شت زیاتر بۆنی ئاشتیی لێ دێت لەگەڵ ئەو گەلانەی وا دەوڵەتەکانیان هەڵدەوەشێتەوە. 

بەڵام لە بەرانبەردا دوودڵیی و ڕارایی کورد هەیە، پەکەکە و ڕێبەرەکەی پتر لە پەنجا ساڵە دەستوپەنجە لەگەڵ دەوڵەت و فرتوفێڵەکانی نەرم دەکەن، لە هەموو لایەنێکی کوردیی و هەرێمیی باشتر (مێشکی دەوڵەت) دەناسن، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی من کردوومن، نەخشەڕێ و قۆناغی ئاشتیی شێوازێکی تری شەڕە و هەڵدانی تۆپێکی ئاگرینە بۆ نێوان (مەهەپە – ئاکەپە – جەهەپە). دەوڵەت لە چوارچێوەی چەکدانانی پەکەکەدا قۆناغەکە لێک دەداتەوە، بەڵام لە ماوەی مانگی ڕابردوودا زۆرینەی ڕێوەبەرانی (پەکەکە – کەجەکە) ئاماژەیان بەوە کرد پرس چەکدانانی پەکەکە نییە، بەڵکوو پرسەکە پرسی کوردە بەرانبەر مەکینەی فاشیزم لە ماوەی پتر لە سەد ساڵدا. 

ئەوەشی میدیای دەوڵەت پتر ئاماژەی بۆ دەکات، لە چوارچێوەی بانگەشەی کۆمەڵێک مافی کەلتووریی و ئابووریی و سیاسیی کڵێشەیی و بەرتەسکدایە، بەڵام پڕۆژەی ڕێبەر ئۆجالان وەک لە یەکەم دیداردا ئاماژەی پێ کرد: گۆڕینی پێوانی شەڕ و توندوتیژییە بۆ پێوانی یاسایی و سیاسیی، وەک خۆی دەڵێت: (گەر ڕێگەم بدەن دەتوانم!) 

جێبەجێکردنی نەخشەڕێی ئۆجالان بۆ گۆڕینی یەک کۆڵەکەی بنەڕەتی دەوڵەت نەتەوە، ئەویش ئەمەیە: هەڵتەکاندنی ئەو زهنییەتەی کە وەک پرسێکی ئەمنیی و سەربازیی و تیرۆر) مامەڵە لەگەڵ کوردان دەکات، بۆ پرسی جڤاکیی و مەدەنیی لە ئاستێکی هاوسەنگی کورد و دەوڵەت-نەتەوەدا. 
بۆ نموونە: لە داتاشینی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیاوە تا هەنووکە، کورد لە یاساکاندا جێی نەبووەتەوە و لە چوارچێوەی شەڕی تیرۆر و چەتە و ڕێگردا مامەڵەیەکی خوێناوی و سەربازیی لەگەڵ کراوە، هەر بۆیە ئۆجالان باسی قۆناغی (یاسایی- سیاسیی) دەکات، چونکە ئەمە ڕێکاوڕێک نەشتەرگەرییە بۆ مێشکی سەت ساڵەی دەوڵەت.

پرسیارە کڵێشەییەکەی میدیای باشوور
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا پرسیار و  هەندێک جاریش چەواشەکاریی بنەڕەتیی میدیا لە باشووری کوردستان ئەمە بوو: پەکەکە بەرانبەر ئازادیی جەستەیی ڕێبەرەکەی، چەک دادەنێت! جا ئەمەشیان لە چوارچێوەی کەمپنشینیی و ئاشبەتاڵدا لێک دایەوە. 

بەڵام میدیا لە باشوور بەهۆی نائاگایی لە مێژووی پەکەکە و فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان یەک شتی بنەرەتی لە بیر کردووە، ئەویش ئەمەیە، پەکەکە لە ماوەی پەنجا ساڵەی تەمەنیدا، چەندین جار ڕێ و ڕێبازی گۆڕیوە، بەڵام پارادایمە بنەڕەتییەکەی وەک ناوکێکی پتەو نەگۆڕە، ئەویش لەبەر یەک خاڵی بنەڕەتیی. پەکەکە تەنیا بزووتنەوەیەکی سەربازیی نییە، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی سیاسیی و فیکرییە، گەر ڕێ و ڕێبازیی سیاسییشی بگۆڕیت، بەڵام پارادایمی فیکرییەکەی لە بەرگی تردا بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە چێوەی سەدان ڕێکخراوی هەمەچەشندا بەردەوام دەبێت. 

پاش زیندان و نووسینی پارێزنامەکان عەبدوڵا ئۆجالان پرسی (کۆماری دیموکراتیی) دەکاتە ڕۆژەڤ کە دەبێت کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی قەبووڵ بکات.

بۆ نموونە ئەم ڕێبەرە لە ساڵی 2004 بۆ یەکەم جار لە پەڕتووکی (بەرگرییکردن لە گەلێک) سیستەمی سیاسیی و پارتایەتی دەگۆڕێت و لە بەرانبەردا کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)ـی درووست کرد، کەواتە: پەکەکەی لە پارتەوە گۆڕی بۆ پارادیگما، لەم نەخشەڕێیەدا گەر ڕێ و ڕێبازیش بگۆڕێت، ئەوا پارادیگما نەگۆڕە! بەم ڕێگەیە مامەڵەی (تیرۆر) بەرانبەر پەکەکە وەک پاساوێک دەبڕێت و هەنگاوێک پێش دەوڵەت دەکەوێت. 

کەجەکە: هێزی قووڵی کوردیی

گەر ئێمە بە پێکهاتە فرەپەل و هەمەچەشنەکەی سیستەمی (کەجەکە) بنۆڕین، تێ دەگەین، کەجەکە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی قووڵ و هەمەچەشنە، تا ئەم ڕێکخراوە گەشە بسەنێت، لە بەرانبەردا دەوڵەت و مەکینەی زەبروزەنگی دەوڵەت (چەک و ئابووری و میدیا) وەک پراکتیک و فیکریش پاشەکشێ دەکات. 

یەکێك لە ئەگەرە بەهێزەکان پرسی ئاشتی و ئاگربەستە لە نەخشەڕێکەی ئۆجالاندا، کە ئەمە لە چوارچێوەی یاسایی و سیاسیی و مافی هیوا دەیان مەرج و وردەکاریی ئاڵۆزی تردا دەخرێتە ڕوو. 

یەکێک لەو پەڕتووکانەی ئەم ڕێبەرە زۆرینەی ڕامان و پێشبینییە سیاسیی و فیکرییەکانی بۆ ئێستا خستووەتە ڕوو، مانیفێستۆی پێنجەمێتی، ڕەنگە لە خۆڕا نەبێت، بەپێی سەرچاوەکان، ئەم ڕێبەرە لە دوادیداریدا بۆ تێگەشتن لەم نەخشەڕییەی ئێستای دەڵێت: ''بچن پارێزنامەی پێنجەمی من بخوێننەوە!''

ئەم نەخشەڕێیە لە هەموو شت پتر بۆنی ئاگربەست و خەباتی ناچەکداریی و مەدەنیی و یاسایی و سیاسیی لێ دێت، بەڵام وەک بەسێ هۆزات لە دوادیداریدا لەگەڵ (میدیا هەبەر) دەڵیت: پاش هەفتەیەک گەر ئەم نەخشەڕێیەی ڕێبەر ئۆجالان نەچووە بواری جێبەجێکردن، ئەوا قۆناغەکە کۆتایی دێت، هەروەها وەک وەڵام بۆ کاربەدەستانی تورکیا، ئەو دەڵێت: ئەوان وەک ڕێوەبەرێتی پەکەکە و کەجەکە پەیامی نووسراو قەبووڵ ناکەن و دەبێت ڕێبەرەکەیان ڕاستەوخۆ قسە بکات. ئەمەش وەک وەڵامی وەزیری دادی تورکیا یەڵماز تونج. بەسێ هۆزات لەم بارەوە ئاماژە بەوە دەکات دیموکراتیزەکردن و گۆڕانکاریی لە بارودۆخی گۆشەگیریدا چۆن دەکرێت؟ 

هەر لەم دواییانەشدا موراد قەرەیڵان ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگربەست و چەکدانانی ئەوان پەیوەستە بە نەخشەڕێکەی ڕێبەرە کوردەکە و بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەو ڕێبەرە لەم قۆناغەدا.

هەر پەیوەست بەمە، ئۆجالان خۆشی ئاماژەی بەوە کردووە بۆ ئەم گۆڕانکارییانە ''ناتوانم لە گۆشەگیرییدا ئەم کارە بکەم.'

کەواتە ئەم نەخشەڕێیە نەخشەڕێیەکی فرەڕەهەند و ئاڵۆزە و کاتی پێویستە، هەروەها لەسەر مێزی گفتوگۆ هیچ شتێک لەگەڵ دەوڵەت واژۆ نەکراوە. نەخشەڕێکە پێچەوانەی سەت ساڵی ڕابردووی کورد، نەخشەڕێی ڕزگاریی کوردە بۆ سەت ساڵی ڕابردوو، هەر لەبەر ئەمە ئۆجالان تێکڕای حزب و ناوەند و دامەزراوە کوردییەکان ئەرکدار دەکات.

دەتوانین ئاوا سەرەنجامی شڕۆڤە و زانیارییەکانمان بگرینە دەست:

ئەم سەت ساڵەی داهاتوو وەک سەت ساڵی ڕابردووی دەوڵەت- نەتەوەکانی سەر ڕاسەری کورد نابێت. ئیسرائیڵ بە شێوەیەکی پراکتیکیی هاتووەتە گۆڕەپانەکە. من ئاوا شڕۆڤە بۆ پەیامی ئەم ڕێبەرە کوردە دەکەم کە بە تورکیا دەڵێت: ئەمە پڕۆژەی منە، گەر لەگەڵمان نایەیت، ئەوا نەخشە و پلان و پڕۆژەی تر هەن تا لەگەڵی بسازێین. ئەمەش تا دواڕادە تورکیا دەخاتە قەلەقیی و ترس، بە تایبەت پاش ڕووداوەکانی سووریا تورکیا بۆی ڕوون بووەتەوە کە ئیسرائیڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕۆژەی هەیە. 

بەڵام خاڵێکی تاریک و سەرەکیی هەیە نابێت من لە بیری بکەم: لە ماوەی بەدواداچوونمدا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بۆ نووسینی ئەم وتارە: تێگەشتم ئەمە کۆی پڕۆژەکە نییە، چونکە کورد و ئۆجالان و ڕێوەبەرانی پەکەکە-کەجەکە ئەزموونی تێکدانی هەموو پڕۆسەیەکی لێکتێکگەشتنیان هەیە، نموونەی تیرۆری ئۆزاڵ لە سەروەختی پڕۆسەی ئاشتیدا باشترین نموونەیە، جا بۆیە هەموو جووڵەیەکی پێچەوانەش لەلایەن ئۆجالان و پەکەکە-کەجەکە و کوردەوە ئەگەرێکی بەهێزە! چونکە وەک ئۆجالان خۆی دەڵێت: ''من لەوە دەترسم لێم تێ نەگەن.''

ژمارەی خوێنەر   ‌ 3359‌
2/26/2025 10:33:56 PM
زیاتر...
کاردۆ عوسمان هەورامی
Copyright © All rights reserved.