کاردۆ عوسمان هەورامی
هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی ئیسلامیە سونیە توندڕەوەکان لە سوریا و ئەفغانستان و بێدەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەرامبەریان نیشانەی گۆڕانکاریەکە لە دۆخی سیاسی و بەرە دژ بەیەکەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
دەسەڵاتی کۆنە داعشیانەی "هیئة تحریر الشام" پێویستی بە پێشبینیکردن نیە، چونکە لە "ئەدلیب"ی ژێر دەستیاندا هەمان یاساکانی تاڵیبانیان سەپاندوە، پرسیار لەسەر ئەوەیە کە ئایا ئەم هێزە ئیسلامیانە چۆن دەتوانن خزمەت بە جێبەجێکردنی نەخشەی مسۆگەرکردنی بازاڕ و پڕۆژە ستراتیژیە ئابوری و سیاسیەکانی ئەو دەوڵەتە بورژوازیانە بکەن، کە ئێستا لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگەی شەڕی سیاسی و سەربازی نێوانیانەوە ئەم نەخشانە دەبەنە پێشەوە؟.
هەمیشە پەیوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیسلامیەکاندا بەپێی بەرژەوەندی و ستراتیژیەکان گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە. لەسەرەتادا ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئەم هێزانەیان لە جەنگی سارددا دروستکرد و دواتر لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا بونە دوو بەرەی دژ بەیەک، لە لایەن ئێرانەیشەوە، لە عێراق و سوریا بەکاردەهێنران بۆ لێدان لە ئەمریکا. ئێستا لە شکستی ئێران لەسوریادا، تورکیا جێگای ئێرانی گرتۆتەوە و هێزە ئیسلامیەکان لەلایەن تورکیاشەوە بۆ جێگیرکردنی باڵادەستی خۆی لە دۆخی سوریادا بەکاردەهێنێت. تورکیا دەیەوێ لەگەڵ ئەمریکادا مامەڵە بکات. مامەڵەی ئەوەی کە؛ دەسەڵاتی ئیسلامیە سونەکانی سوریا ڕازی دەکا کە مل بە مانەوە لە ژێر چەتری سەربازی ئەمریکا لە سوریادا بدەن ئەگەر تورکیا ڕێگری لەبەردەمدا نەبێ بۆ بەرتەسککردنەوەی سنوری دەسەڵاتی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان.
گۆڕانی سەرەکی لە ڕوخانی ئەسەد تێکشکانی "بەرەی بەرگری" کۆماری ئیسلامی ئێران و نەهێشتنی پێگەی دەوڵەتی ڕوسیایە لەناوچەکەدا، کە لە پاڵ شکستی حەماس و حزب اللە دا بەتەواوەتی ستراتیژی دەوڵەتی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توشی داڕمان کردوە.
لەسایەی ئەم گۆڕانکاریانەدا ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر دەتوانن پڕۆژە هاوبەشە ئابوری و ئەمنی و سەربازیەکانیان لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی و کەنداو نەخشە ڕێژبکەن.
هەر بۆیە ڕوخانی ئەسەد تەنیا دیکتاتۆرێکی لەکۆڵی خەڵکی سوریا کردەوە و چیتر خەڵکی سوریا بارمتەی ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ئیسرائیل نین، بەڵام خەلکی سوریا و ناوچەکە لەدەست شەڕی ئەم بەرەو هێزە دڕندانەی تری ئیسلامیەکان و ئێران و تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل ڕزگاریان نەبوە، کە دوو دەیەیە سوریا و ناوچەکەیان کردۆتە دۆزەخێک کە نیوملیۆن ئینسانی تێدا کوژراو و بریندار بوە و زیاتر لە ١٤ ملیۆنی خەڵکەکەی ئاوارە کردوە.
ڕوخانی ئەسەد نەمانی تاوانبارێکی جەنگەکەیە لە مەیدانی شەڕێکی بەربەریدا، کە هەموو تاوانبارەکانی تری لە دەسەڵاتدان. چۆن لە درێژەی ئەم شەڕە ناوچەییەدا دامەزراندنی دورگەیەکی ئارام و ژیانێکی گونجاو بۆ خەلکی سوریا لە سەر دەستی هەمان ئەم هێزانە چاوەڕوان دەکرێ؟
هەر چۆن شەڕی غەزە نیشانی دا کە چیتر مەسەلەی فەلەستین لە چوارچێوەی پێشووی چارەسەر و شەڕەکانی پێشودا نەماوەتەوە و بەشێکە لە شەڕێکی ناوچەیی فراوانتر، بەهەمان شێوە ڕوخانی دیکتاتۆریەتی ئەسەدیش کۆتایی دیکتاتۆریەت و شەڕ و کێشەکانی خەڵکی سوریا نیە. ئایندەی سوریا ئێستا لەسایەی شەڕ و ململانێیەکی سەربازی و سیاسی و ئابوری ناوچەیی و جیهانی فراوانتردا گیری خواردوە.
ڕۆمانسیەتی کۆتایی سەدەی بیستی ڕوخانی دیکتاتۆری و گەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری سنوری دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی تیرۆر، ئێستا جێگای خۆی داوە بە حساباتی ئابوری و بازاڕی سەرمایە و کۆمپانیا و نەوت و دابەشکردنەوەی دەسەڵات و ناوچە و سەرچاوەکانی وزە و حساباتی جیۆپلەتیکی دەولەت و هێزە بورژوازیە ڕەنگاوڕەنگەکان، کە لە ڕیگەی شەڕی سیاسی و سەربازی نێوانیانەوە یەکلایی دەکەنەوە، خەلکی سوریا و ڕۆژئاڤا قوربانیەکی تری ئەم ئاژاوەی ململانێیەن.
پارە و چەک بڕیار لە داهاتوی وڵات دەدات، چەند ڕۆژێک لەمەوپێش شەرع لە گەڵ بەرپرسی هێزە چەکدارەکاندا کۆبوەوە. پاش کۆبونەوەکە بڕیاری ئەوە درا کە هەموو هێزەکان هەڵوەشێنەوە و بکرێن بەبەشێک لە وەزارەت بەرگریی نوێ. پێش ئەم بڕیارە، ئەحمەد شەرع بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی دا لە وڵاتدا و سوپای نوێ لە سەر بنەمای پیشەیی یان تایبەت دروست دەکرێت. بەو مانایە چونکە بوارەی سەربازییەوە وەک پیشە دەبینرێت نەک وەک خزمەت. ئەم گۆڕانکارییە هەنگاوی سەرەتابوو بۆ ئاسانکاریی بۆ چەکدارە سورییەکان هەتا بتوانن بێنە ناو کەرتی سەربازییەوە، چونکە ئەگەر سوپا لە سەر بنەمای تەجنید بونیاد بنرێت ئەوا تەنها ئەفسەرەکان پیشەیین، سەربازەکان بۆ ماوەیەکی کەم خزمەت دەکەن. ئەمە دەرئەنجامی وەرچەرخانێکی گەورەیە لە بونیادی دەوڵەت نەتەوە بە دروستبونی سەربازی هاوڵاتیی، بەو مانەی وەک هاوڵاتی وڵاتێک ئەرەکە لە سەرت کە ماوەیەک خزمەتی سەربازیی وڵاتەکەت بکەیت، بە دەرامەتێکی زۆر کەمەوە.
بەم پێیە سوپای داهاتوی سوری پڕ دەبێت لە چەکدارە کۆنەکان وەک لە ئەزمونی عێراق و کوردستاندا بینیمان، ئەمانە یان دەبنە ئەفسەری فەل، یان هەمیشە لە گەڵ بەرپرسە کۆنەکانیان دەمێننەوە و هەرگیز وەلائیان بۆ وڵات نابێت.
دیارە هەموو ئەمانە لە سەر ئەوە کەوتوە کە ئایا ئەندامەکان وەک تاک وەردەگرن یان وەک گروپ.
هەبونی سوپایەکی لەو جۆرە، نیشانەی ئەوەیە کە سوریا لە سوپایەکی تایفییەوە دەگوێزێتەوە بۆ سوپایەکی خاوەن جەندین عەقیدەی جیاواز و دوور لە بنەماکانی سوپای نوێ. چونکە بڕی زۆری خاوەن گروپەکان بە دەورەیەکی چەند هەفتەیی یان چەند مانگیدا تێئەپەڕێنن و لە پاشاندا دەیانکەن بە ئەفسەر. دیارە بڕی زۆری ئەفسەرە کۆنەکان ناگەڕێنەوە چونکە نە دەخوازرێن، نە جێگایان دەبێتەوە. چونکە ژمارەی چەکدارەکان زۆرە و هەروەها زاڵبونی لایەنی عەلەوی ترسی کودەتا دروست بێت.