وتار

ئەحمەد شەرع خومەینییە راسپۆتین ئاساکەی سەدەی 21

شوان عەباس بەدری

لە دوای لێدوانەكەی مەزلوم عەبدی فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە، سەبارەت بە ئەرێنی بوونی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتی نوێی سوریا، لە ئێستا هاووڵاتیانی سوریا و بە تایبەتیش كورد لە رۆژئاوا، بە ئومیدەوە دەڕواننە پرۆسەی سیاسی و بنیات نانی دەوڵەت و سیستم و حكومەتێكی نوێ لەو وڵاتە.

بەڵام بە پێچەوانەی ڕوانینی هاووڵاتیانی ئاسایی سوریا، گەر بە وردی لە پیشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بڕوانین ، تێدەگەین هێشتا زۆری ماوە تا لەبارەی داهاتووی سوریاوە دڵنیایی بدرێتە هاووڵاتیان، بە تایبەتیش كە سوپای ئیسرائیل لەلایەك بە قوڵایی چەند كیلۆمەترێك سنووری ئەو وڵاتەی بەزاندووە و مەترسی درووستكردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێ بوونی جولەكە لەو ناوچانە هەیە، بە تایبەتیش كە چەند جارێك لەلایەن لێپرسراوە تووندرەوەكانی ئیسرائیلەوە ئەو پرسە خراوەتە ڕوو و لەلایەكی تریشەوە نیازەكانی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوایی و هەرێمی هێشتا بە تەواوی ڕوون و ئاشكرا نییە، لەلایەكی تریشەوە، شەڕ و پێكدادانەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لەگەڵ توركیا و گروپە تووندرەوەكانی نزیك لەو وڵاتە گەیشتۆتە ترۆپك و ڕۆژانە بازنەی ئەو جەنگە بە تایبەتی لە ناوچەكانی دەوروبەری بەنداوی تشرین بەرفراوانتر دەبێت، كە ئەمەش وایكردووە داهاتووی ئەو بەشەی سوریا بە ناڕوونی بمێنێتەوە و بە تایبەتیش، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، چەند جارێك بە ئاشكرا نیازەكانی وڵاتەكەی لە گەڕاندنەوەی بەشێك لە خاكی سوریای لە ژێر ناوی مافی مێژوویی توركیا لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانی بەسەر ئەو ناوچانە نەشاردەوە.

هەرچەندە ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوایی و لێپرسراوی نوێ ئەمریكا، داوایان كردووە كە كوردانی رۆژئاوا لە هەر هەڕەشەیەك بپارێزرێن و بە هاوبەشێكی ستراتیژی خۆیان وەسفیان كردوون، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هێشتا ئەم قسانە دڵنیایی تەواو نین بۆ پاراستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە و رۆژئاوای كوردستان لە مەرامەكانی دەوڵەتی توركیا و بەكارهێنانی گروپە چەكدارییە تووندرەوەكانی نزیك لە خۆی بۆ داگیركردنی ئەو ناوچانە، بە تایبەتیش كە لێپرسراوە تازەكانی دیمەشق و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەحمەد شەرع، هیچ جۆرە هەڵوێستێكی یەكلا كەرەوەیان، سەبارەت بەو هێرش و بۆردومانانەی سەر رۆژئاوای ڕانەگەیاندووە، كە ئەمەش بە مانۆرێكی سیاسی ئەحمەد شەرع و هاوبیرەكانی دادەنرێت، بە مەبەستی فشارخستنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەسپاندنی مەرجەكانیان بەسەر ئەو هێزانەی كە لەبەرانبەر هێرشی فرۆكە و درونەكانی سوپای توركیا و گروپە تووندرەوەكان بەرگری لە خۆیان و ناوچەكانیان دەكەن.

هەروەها گەر بێتوو چاوێک بە مێژووی ئێرانی سەردەمی شۆرش و دوای شۆرشدا بخشێنین و قسە و ڕەفتارەکانی خومەینی و ئەحمەد شەرع بەراورد بکەین، ئەوا جۆرە گومانێکمان لەلا دروست دەبێت کە ئەحمەد شەرعی ئێستا و ئەبو محەمەد جولانی سەردەمی جیهاد و کووشتن و سەربڕینی هاووڵاتیانی عیراقی و سوریا، هەمان بەرگی ئازادیخوازی و دیموکراسی و پاراستنی مافی کەمینە و حزب و گروپ و لایەنە سیاسییەکانی خومەینی پێش چەسپاندنی دەسەڵاتی لەبەر کردووە و رۆژانە دڵنیای دەداتە وڵاتانی دراوسێ و جیهان، کە لە سوریای تازەدا مافی دراوسێتی و پاراستنی ئاسایشی وڵاتان پارێزراوە و ڕەنگە لە دوای چەسپاندنی یەکجارەکی دەسەڵاتەکەی، ماسکەکەی فرێبدات و وەک ئێرانی دوای سەرکەوتنیشۆرشی ئیسلامی ، لە جیاتی کوشتارگەیەکی سەیدنایا، دەیان کوشتارگەی بەدناوی بەوجۆرە دروستبکات و ئەوانەی کە ناچنە ژێرباری ویست و ئایدۆلۆژیاکەی بیانهارێت و لەناویان بەرێت. 

بە تایبەتیش کە لە ئێستادا راسپۆتین ئاسا، گروپ و هاوبیرەکانی بە ئاشکرا و نهێنی خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری و دەستنیشانکردنی ئەندامان و شانە و ڕێکخستنەکانی ژمارەیەک حزب و گروپی سەرەکی سەر مەیدانە سیاسییەکەی سوریان!

هەروەها ڕەنگە لە جیاتی بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆرش وەک ئێرانی سەردەمی کۆماری ئیسلامی، بە ترێلە خۆکوژ و تیرۆریست و لەیاسادەرچوو، هەناردەی وڵاتان بکات!

ژمارەی خوێنەر   ‌ 2914‌
1/15/2025 8:32:01 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.