هەڵگورد جەلال
رێك 30ساڵ پێش ئێستا و له ساڵى 1994، له‌كۆتا ساته‌كانى ئه‌و ساڵه‌دا، بۆ یه‌كه‌مجار گوێم له گۆرانى (ماڵئاوا)ى هاوڕێم (دیارى قه‌ره‌داغى) بوو، بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه، بۆ زۆرینه‌یه‌ك هێشتا شته جوانه‌كان و به‌ها جوانه‌كان و مرۆڤایه‌تى بوونى هه‌بوو، بۆ زۆرینه‌یه‌ك هێشتا ژیان قابیلى ئه‌وه‌بوو له‌پێناویدا بجه‌نگیت و شه‌ڕى مانه‌وه بكه‌یت، گۆرانى (ماڵئاوا)، نۆته‌ى سه‌رده‌مێكه كه سه‌ربارى نه‌هامه‌تییه‌كان، هێشتا چێژمان له ته‌ماشاكردنى خۆرئاوابوونى پشت شاخ و ته‌لاره‌كان ده‌بینى، ئه‌گه‌رچى سه‌رده‌مێك بوو زۆرترین ئازیزى لێ سه‌ندین، به‌هۆى كۆچى به‌لێشاو به‌ره‌و ئه‌وروپاو نه‌فره‌تى شه‌ڕى ناوخۆ.
ئه‌مسالیش چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا به‌رێكه‌وت ئه‌م گۆرانیه‌م گوێ لێبووه‌وه كه‌له فێستیڤاڵێكدا له‌شارى سلێمانى، جارێكىتر پێشكه‌ش كرایه‌وه، به‌ڵام، ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ تاڵه سپییه‌كانى (دیاری)دا،هه‌ستم به‌پیرببونى خۆم و رۆیشتن و هه‌ڵكشانى ته‌مه‌نم كرد، له‌گه‌ڵ ماندوێتیی ده‌نگى (دیاری)دا، ماندوێتى و هیلاكییه‌كانى خۆمم هاتنه‌وه بیر، ئه‌و رۆژگاره پێمان وابوو له گه‌ردوونێكى سه‌رلێشێواودا ده‌ژین، ئه‌ى ئاخۆ ئه‌بێت چى به‌م گه‌ردوونه‌ى ئێستامان بڵێین، ئه‌وێ رۆژێ ئێمه نیگه‌رانى ئه‌و باڵندانه بوین، كه فڕینیان له‌بیرچووبۆوه، به‌ڵام ئێستا كه‌س نیگه‌رانى له‌بیرچوونه‌وه‌ى به‌ها جوانه‌كانى ژیانكردن و خۆشه‌ویستى و لێبورده‌یی نیه، ئه‌و سه‌رده‌مه له ونبوونى خۆرى ئازیزان راده‌ماین، به‌ڵام ئێستا خۆرى هه‌مووان ئاوابووه و كه‌س نیگه‌رانى كه‌س نیه، ئه‌وێ رۆژێ ئێمه‌یه‌ك باوه‌شمان به ژیاندا ده‌كرد، كه‌چى ئێستا ژیان پشكۆیه‌ك و گیان راده‌ژه‌نێت.
ئه‌و سه‌رده‌مه، ماڵه ساده‌كانمان چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌مان بوو، ئێستا ئه‌م گه‌ردوونه پان و به‌رینه جێى كه‌سمانى تێدا نابێته‌وه و هه‌مووانى له‌یه‌كتر ون كردووه.
"دیارى تكایه پیر مه‌به".