بەڵێن عیزەت میکە
ماوەی چەند رۆژێکە باسی گەرم بووەتە کڕینی لیرەی سووری لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە و زیانێکی گەورە بە بەشێک لە مامەڵەکاران و بە کۆی ئابووریی هەرێمیش دەگەیەنێت، لە چەند خاڵێکدا ئەو مەترسییە روون دەکەمەوە، بەڵام پێش هەموو شتێک دەمەوێت ئەوە بزانن ئەو دراوەی ئێوە بەدوایدا ڕادەکەن لە وڵاتەکەی خۆیدا ئەوەندە بێبەهایە دەخرێتە سەر تەرازوو و بەپێی قورساییەکەی مامەلەی پێوە دەکرێت، چوونکە مامەڵەکاران تاقەتی ژماردنیان نییە.
یەکەم/ بەهای لیرەی سووری لە بنەڕەتدا هیچ بەرزبوونەوەیەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، چوونکە پێش رووداوەکانی دوو هەفتەی رابردوو بەهای هەر دۆلارێک بەرامبەر بوو بە 13 هەزار لیرەی سووری، لەسەروبەندی دەستپێکی هێرشەکانی تەحریر شام بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی سووریا بەهای لیرە دابەزینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 27 هەزار لیرە و زیاتریش، تائێستا ئەوەی روویداوە تەنیا گەڕانەوەی لیرەیە بۆ ئەو بەهایەی کە پێش رووداوەکانی دوو هەفتەی رابردوو تێیدا بوو واتە نزیکەی 13 هەزار بۆ هەر دۆلارێک.
دووەم/ بەرزبوونەوە و دابەزینی بەهای لیرەی سووری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە بەها رەسمییەکەی لیرە نییە، واتە ئاراستەی بەهای لیرە لە سووریا و ئاراستەی بەهای لیرە لە هەرێمی کوردستان تەریبی یەک نین و پەیوەندییان بەیەکەوە نییە، ئەوەی لێرە بەهای لیرەی بەرزکردووەتەوە تەنیا ناتێگەیشتن و خواستی نابەجێی کڕینە لەلایەن بەشێک لە هاووڵاتیان.
سێیەم/ مەترسییەکی گەورە هەیە کە بەشێک لەو دراوە سووریەی لە بازاردا هەیە ساختە بێت، چوونکە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بۆ یارمەتیدانی رژێمەکەی ئەسەد لە رووسیا و قوبرس بە فەرمی دراوی لیرە چاپکراوە و باس لەوە دەکرێت لە ئێرانیش بە هەمان شێوە لیرە چاپکراوە، چاپکردنەکەش بەشێوەیەکی گشتی لەژێر دەستی کۆمپانیاکان بووە و ئەمەش ئەگەری بوونی لیرەی ساختە بەهێزتر دەکات.
چوارەم/ ئێستا رێگە نادرێت هیچ بڕە پارەیەکی سووری لە سنووری وڵاتەکە بێتە دەرەوە و بچێتە ناو وڵاتەکە، ئەگەر ئەم رێکارە بەردەوام بێت ئەو لیرە سووریەی لە بازارەکانی هەرێمە دەبێتە زبڵ و دەبێت فڕێ بدرێت.
پێنجەم/ لە کاتی گۆڕینی دراوی لیرەی سووریدا دوو ئەگەر لەئارادان یان دەبێت جۆری دراوەکە بە گشتی بگۆڕدرێت، یان دەبێت دراوە و ناوەکەی وەکو خۆی بمێنێتەوە و تەنیا چاپی نوێ بکرێت و هەندێک لە وێنە و رەمزەکان لاببرێن، ئەگەری دووەم بەهێزترە لەو حاڵەتەشدا ئەوانەی لیرەی سووریان کڕیوە هیچ سوودێکی لێ نابینن.
شەشەم/ ئەم دۆخە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان، چوونکە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە ئەو وڵاتەنەی لیرەیان بۆ سووریا چاپکردووە ئیستا هێنابێتیانە هەرێمی کوردستان و لێرە ساغی بکەنەوە، بەوهۆیەشەوە ملیۆنان دۆلار لە دۆلاری ئەمەریکی دەبرێتە دەرەوە و دراوێک لێرە بەجێدەهێلدرێت کە هیچ داهاتوویەکی نییە.