وتار

بڕۆن و قۆچانی ناوچە کوردستانیەکان تازە بکەنەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە

پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان یەکێکە لەو ئامرازە سەرەتاییانەی کە وڵاتان بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بەکاریدەهێنن. سەرژمێری دانیشتووان داتای ورد و متمانەپێکراو سەبارەت بە قەبارەی دانیشتووان و پێکهاتە و دابەشبوونی جوگرافی دەدات، ئەمەش یارمەتیدەرە لە بڕیاردانی ئاگادارانە لەسەر بنەمای زانیاری ڕاستەقینە.

 سەرژمێری یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی دانیشتووان، لەڕووی دابەشکردنی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانەش،  بە زانینی قەبارە و پێکهاتەی دانیشتوانی ناوچە جیاوازەکان، دەتوانرێت سەرچاوە دارایی و مرۆییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر و کاراتر تەرخان بکرێت.

ئاماری دانیشتووان زانیاری لەسەر تەمەن و دابەشبوونی جوگرافیای دانیشتووان یارمەتیدەرە بۆ پێشبینیکردنی ڕەوتی داهاتوو وەک گۆڕانکاری لەدابەشبوونی جوگرافیای دانیشتووان (وەک کۆچی ناوخۆیی یان دەرەکی).

حکومەتەکان لە کاتی بڕیاردانی سیاسی گرنگدا، وەک دابەشکردنی ناوچەی هەڵبژاردن یان دیاریکردنی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان، داتای دانیشتووان بەکاردەهێنن.  ئەمانەو چەندین سودی تر.

ئەگەر لەوڵاتێکی ئاساییدا بژین ئەنجامدانی پرۆسەیەکی وەها سودو کەلکەکانی لەژمار نایەن بۆ دانیشتوانی وڵاتەکە، بەڵام لەعیراقدا تێڕوانینەکان جیاوازن، چونکە نەتەوەو گروپی جیاوز لەو وڵاتە دەژین، کەمی متمانەش وای کردووە گومانیان لە هەر پرۆسەیەک هەبێت کە نزیک ودور پەیوەندی بە نەتەوەکانیانەوە هەبێت. لەهەبوونی گومانێکی وەهادا چاکترە نەتەوەی کورد لەعیراقدا کە خاوەنی کیانێک و دەیان ناوەندی ئەکادیمی و سەدان پسپۆری بەتواناو دەیان کەناڵی ڕاگایاندنی کاریگەرە.... لەهەمووان چاکتر خۆی ئامادە بکات، حکومەت بەئەرکی خۆی هەستێ لەهاندانی کوردانی ناوچە دابڕوەکان و  بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان و کارئاسانی بۆیان لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە تا بەئاسوودەیی بەشداری پرۆسەکە بکەن، ڕاگایەندنیش بەباشی ئەنجام و مەترسیەکانی پرۆسەکە روونبکەنەوە کە ئەگەر هاوڵاتیان نەڕۆن و بەشدار نەبن،  ئەمە وا دەکات وەك دانیشتوی ئەو جێگایانە تۆمار نەكرێن، بەمەش ناویان لەهێچ تۆمارێکی ئەو ناوچانە  نابێت، ئەمەش دەبێتە مەترسیی بۆسەر پێگەی كورد  لەو ناچانە کە هێشتا کێشەیان لەسەرەو لەدواڕۆژدا ئاستەنگی گەورەمان بۆ دروست دەکات. بۆیە دەبێ ئەوە ڕوون بێت کە بەشداری نەکردن جارێک زیان لەبوونی نەتەوەی کورد لەو ناوچانە لەڕویی ژمارەوە دەدەن، وجارێکیش زیان بەخۆیان و خانەوادەکانیان دەگەیەنن و لەخێروبێری ئەوناچانە بێبەش دەبن کە پشتاو پشت تێدا ژیاون، ڕەنگە لەدواڕۆژیشدا لەشوێنێکی تری ئەم وڵاتە ببنە غەریبە. بۆیە پێویستە حکومەت و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهەموو چین و توێژەکانیەوە، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەهەموو ڕەنگەکانیەوە، پسپۆران و ئەوانەی توانای شیکردنەوەی دۆخەکەیان هەیە، هاوکارو پشتیوانی کوردانی ناوچە کوردستانیەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم بن، تا بەئاسانی ئاسوودەیی بڕۆن و قۆچانی کوردبوونی ئەو ناوچانە نوێ بکەنەوە.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 64‌
11/19/2024 11:02:15 AM
زیاتر...
سەعدی ئەحمەد پیرە
محەممەد سۆران
Copyright © All rights reserved.