دڵشاد ئەنوەر
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو لەگەڵ هەموواندا کۆبوویەوە، بێ دڵی هیچ لایەکی نەکرد. ڕەنگە گەر سەرۆک خێڵەکانیش بیانویستایە بیانتوانیبا سودانی پەلکێشی دێوەخانەکانیان بکەن، چونکە دۆخی سودانی ئەم جوڵانەی لەمکاتەدا دەوێت.
سەردانەکەی سودانی بۆ کێشەی موچە و بودجەو ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم و هاندانی لایەنەکان بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت گێڕدرایەوە، ڕەنگە ئەم مەسەلانە کەم تا زۆر باسکرابن، بەڵام ئەم پرسانە هۆکاری سەرەکی هاتنەکەی نەبوون بۆ هەرێم.
زۆرجار بۆ سەردانی بەرپرسێکی باڵا بۆ شوێنێک زۆر پرس هەڵدەدرێتە نێو شەقام و میدیا، بەڵام ئەجێندا سەرەکییەکە لە نێو ئەم پرسانەدا ون دەکرێ و چاوی لەسەر لادەدرێ، وەکئەوەی لە سەردانەکەی سودانیدا بینیمان. ڕەنگە هەر خۆشی بەمەبەست ئەو هەمووسەردانەی بۆ لای ئەو هەموو لایەنە ئەنجامدابێت بۆ ونکردنی ئەسڵی مەسەلەکە.
نوسینگەی سودانی تۆمەتبار کراوە بە سیخوڕی بەسەر بەرپرسانی شیعەو پیاوانی ئاینییەوەو لەمکاتەدا ئەم تۆمەتە زۆر قورسەو بێ هۆ دانەتاشراوە. پەیوەندی ناوبراو لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکان و لە نێویاندا مالکی باش نییە، کورد وتەنی تێیگیرێنراوە، لەکاتێکدا خواستی بەردەوامبوونی لە پۆستەکەی و بەدەستهێنانەوەی دەسەڵاتی هەیە.
دەوڵەتی قوڵ لە عێراق هیچ سەرۆکوەزیرانێکی بەهێزو تەحەداکەری ناوێت، سەرۆکوەزیرانێکی لاوازو قورمیشکراوی دەوێت بە جۆرێک بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و ئەجێنداکانی جێبەجێ بکات، نەک سەرۆکوەزیرانێک بیر لە خۆ بەهێز کردن و ململانێکردنی بکاتەوە.
لە ڕابردوودا کازمی تەحەدای کردو هەوڵی خۆ بەهێز کردنی دا، جیا لەو هەموو سەرئێشەی لە کاتی دەسەڵاتەکەیدا بۆی دروستکراو تەنانەت ماڵەکەشی کرایە ئامانج، ئێستا هەر بۆشی نییە بگەڕێتەوە بۆ عێراق. خۆ گەر لەسەردەمی دەسەڵاتی کازمیدا ڕەوتی سەدر لە گۆڕەپانەکەدا نەبایەو ترس لەم ڕەوتە نەبووایە، بەڕۆژی نیوەڕۆ کازمی لە ماڵەکەی دەردەکرا .
دەوڵەتی قوڵ هەست بە بەهێزبوونی پێگەی جەماوەری شیاع سودانی و وردە وردە ڕەگ داکوتانی دەکات، سودانیش تموحی مانەوەی دەسەڵاتی هەیە، بۆیە لە ئێستاوە دەیانەوێ ئاو بکەنەژێری، هەر ئەم هۆکارەش سودانی گەیاندە هەرێم بۆ لای هەندێک لایەن و دەیەوێ پشتگیری بۆ خۆی کۆ بکاتەوە.
هێنانی مەحمود مەشهەدانی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بەشێکە لە پلانەکان دژی سودانی، بۆیە سودانی وەکو هەنگی گێژی لێهاتووەو بە هەموو لایەکدا ڕادەکات.
دەوڵەتی قوڵی عێراق ناتوانێت کەسایەتییەکی خۆی بکاتە سەرۆکوەزیران کە لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی مەقبول نەبێت، چونکە دراو و بازاڕو بەرژەوەندییەکانی عێراق گرێدراون بە خواستە نێودەوڵەتییەکانەوە، ئەمەش وا دەکات دانانی هەر سەرۆکوەزیرانێک دەبێت خواستی ئیقلیمی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتیشی لەسەر بێت.
بۆیە دەوڵەتی قوڵ هەمیشە کەسایەتییەک دەدۆزێتەوە خواستە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانی لەسەربێت و لە کۆنترۆڵی خۆشی دەرنەچێت، هەرکاتیش زانی ئەم سەرۆکوەزیرانە خەریکە ڕەگ دادەکوتێت و بەهێز دەبێت، خێرا تەقلەی پێ لێدەدات و لەسەر کورسییەکەی دەیخاتە خوارەوە، بۆیە ئێستا سودانی لە قۆناغی خستنەخوارەوەدایەو بەهەموو لایەکدا بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری ڕادەکات.